سياسەت

عەلی باپیر" ئیرادەی جددیمان ھەیە بۆ یەکخستنی ھێز و توانای ئیسلامییەکان"

دیداری لایەن و کەسایەتییە ئیسلامییەکانی ھەرێمی کوردستان بە پەسەندکردنی نەخشەرێگەیەک بۆ کاری لایەن و کەسایەتییە ئیسلامییەکانی ھەرێم بە کۆتاييھات.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 15.04.2017 - نوێکردنەوە : 16.04.2017
عەلی باپیر" ئیرادەی جددیمان ھەیە بۆ یەکخستنی ھێز و توانای ئیسلامییەکان"

As Sulaymaniyah

سلێمانی- AA

لە دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ بەبەشداری سەرکردەی یەکەمی ھەرسێ لایەنە ئیسلامییەکەی ھەرێمی کوردستان ( یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ، کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان ، بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان) و بەرپرسانی تری ئەو حزبانە و ئەمینداری گشتی یەکێتی جیھانی زانایانی موسڵمان و ١٥٠ کەسایەتی و بەرپرسی لایەنە ئیسلامییەکان لە ژێر دروشمی " پێکەوە بەرەو ئایندەیەکی گەشتر " لە ھۆڵی داوا لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، جگە لە گوتاری کەسی یەکەمی لایەنە ئیسلامییەکان ، گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەی نەخشە رێگای کاری ھاوبەشی ئیسلامی لە ھەرێمی کوردستان کرا.

دوای تەواوبونی دیدارەکەش کە زیاتر لە حەوت سەعاتی خایاند، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان عەلی باپیر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەمڕۆ دیداری ئیسلامیمان ئەنجامدا ، کورتەی دیدارەکە ئەوەیە کە ئێمە وەک ئیسلامییەکان ئیرادەی جدديمان ھەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی سەرشانمان کە ئیسلام دینی یەکڕیزی و تەباییە تاوەکو ببینە ژمارەیەکی قورستر لە ھەرێمی کوردستاندا".

ھەروەھا گوتی: "ئیرادەی جددیمان ھەیە بۆ یەکخستنی ھێز و تواناکانمان ، بەڵام ئەوەش پێویستی بەکات ھەیە ، کۆی رەخنە و سەرنج و پێشنیارەکانی ئەمڕۆی دیدارەکە لەسەر نەخشە رێگاکە ، دەبرێنەوە لیژنەی باڵای کاری ھاوبەشی ئیسلامییەکان و رێک دەخرێنەوە".

عەلی باپیر ئەوەشی گوت: "وەک کۆمەڵی ئیسلامی ھەموو ئەگەرەکان لەبەردەممان کراوەن و جەختمان کردووەتەوە بۆ یەکگرتن، ھەموو ھەنگاوەکانیش پێویستە لەکاتی خۆیدا بگیرێتەبەر".

کەسی دووەمی نێو یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ھادی عەلی لە کۆنگرەکەدا گوتی: "ئەم دیدارەی ئەمڕۆ ھەنگاوێکی نەوعییە و ئومێد دەکەین ببێتە ھۆی ئایندەیەکی گەشتر بۆ تەوژمی ئیسلامی لە ھەرێمی کوردستان ، ئەم لێکنزیکبونەوەیەش ھەنگاوی باشتری بەدوادا دێت و راو سەرنجەکانی بەشداربووان سودی لێوەردەگیرێت".

لەلای خۆیەوە رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان عیرفان عەبدولعەزیز لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوساندا گوتی: "زۆربەی لایەنەکانی کوردستان لەو حاڵەتە چەقبەستووەی ھەرێم ھەڵبژاردن بە رێگایەکی گونجاو دەزانن و پێویستە ھەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچن".

پڕۆژەی نەخشە رێگای کاری ھاوبەشی ئیسلامی لە کوردستان بنەما و ھێڵە گشتییەکانی کاری ھاوبەشی ئیسلامی ، ئامانجەکان ، میکانیزمی کاری ھاوبەش و ھەنگاوەکانی ئایندەی لەخۆگرتووە.

بە گوێرەی پڕۆژەکە ئەو پڕۆسەیە تەنھا لە لایەنە ئیسلامییەکان کورت ناکرێتەوە و بازنەی بەشداریکردن ھەموو تەوژمی ئیسلامی دەگرێتەوە.

ئامانجی پڕۆژەکەش گەشەپێدانی زیاتری پڕۆسەی پەروەردە و پێگەیاندنی تاک لەسەر بنەمایەکی ئیسلامی رەسەن و ھاوسەنگ ، دوور لە پەڕگیری و توندڕەوی ، ھەروەھا پارێزگاریکردن لە شوناسی موسڵمانێتی گەلی کورد و کلتووری ئیسلامی کۆمەڵگەی کوردستان، لەگەڵ پێکھێنانی ناوەندێکی توێژینەوەی ئیسلامی لە بواری فیقھو ئیجتیھاددا.

لە رووی سیاسیشەوە ھاوھەڵوێستی لەمەڕ پرس و پێشھاتە سیاسییەکان، بەشداری کردن لە رێکخستنەوەی نێوماڵی کوردی و مومارەسەکردنی ململانێی سیاسی و حزبی بە ئاراستەی دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتمان ، چاکسازی سیاسی راستەقینە و کاراکردنەوەی دامەزراوەکان و چاکردنی ژیان و بژێوی خەڵک و روبەڕووبنەوەی گەندەڵی و جێگیرکردنی بنەماکانی حوکمی رەشید.

لەگەڵ دانانی دەستوورێکی ھاوچەرخ کە ماف و ئازادییە گشتییەکانی تێدا پارێزراو بێت و چەسپاندنی ئیسلام تێیدا وەک سەرچاوەی سەرەکی یاسادان و دەرنەچونی ھیچ یاسایەک کە دژ بە بنەما نەگۆڕەکانی ئیسلام بێت.

بە گوێرەی میکانیزمی کاری ھاوبەشی لایەنە ئیسلامییەکان، سەرەتا لایەنە ئیسلامییەکان سەرکردایەتییەکی ھاوبەش لەسەر ئاستی باڵای حزب و لیژنە ھاوبەشەکانی لق و مەڵبەندەکان پێکدەھێنن بۆ زەمینەسازی رێکخستنەوەی تەواوی نێوماڵی ئیسلامییەکان.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın