عەبدولحەکیم بەشار: جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان پەیەدەو ئێمەدا
دکتۆر عەبدولحەکیم بەشار ئەندامی کوردی کۆمیتەی باڵای دانوستان کە لەلایەن ئۆپۆزسۆنی سووریاوە دامەزراوە رەخنە لە سیاسەتەکانی پەیەدە دەگرێت و بە هاریکاری رژێم ناوزەدیان دەکات.

جنێڤ
ئەندامی کوردی کۆمیتەی باڵای دانوستان کە لەلایەن ئۆپۆزسۆنی سووریاوە دامەزراوە دکتۆر عەبدولحەکیم بەشار، رایگەیاند جیاوازییەکی زۆر لەنێوان ئەوان و پەیەدەدا هەیە. گوتیشی: "ئێمە بۆ کوردەکان هەوڵ دەدەین، پەیەدەش خزمەت بەرژێم دەکات. ئەگەر لەگەڵ کوردەکاندا بن، ئەوا هیچ کێشەیەکمان نابێت، بەڵام ئەوان لەگەڵ رژێم هاریکاری دەکەن".
بەشار پێش دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی ئاشتی جنێڤ لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە بۆ دانوستان نەهاتووین، بەڵکو دەمانەوێت بزانین کە رژێم تاچەند جددیە و راست قسە دەکات، ئەگەر رژێم مامەڵەیەکی جدی کرد ئەوا دەست دەکەین بە دانوستان".
ناوبراو رایگەیاند کە دەبێت بەندکراوەکان ئازاد بکرێن. رێگەی رەوانەکردنی یارمەتییە مرۆییەکان بکرێتەوە. ئەگەر رژێمی دیکتاتۆری ئەسەد، دەستبەرداری ئەم زوڵمانە بوو، ئەوا ئێمە لەو بڕوایەدایەن کە چارەسەرییەکی دەوێت.
عەبدولحەکیم بەشار زۆر رەخنەی لە سیاسیەتەکانی پەیەدە گرت و گوتی: "جگە لە بەها دیموکراتییەکان باسی شتی تر ناکەم. پێش هەموو شت بابێن خزمەت بە کورد بکەن. دواتر ئێمە دێین و لەگەڵ پەیەدە قسە دەکەین. پێشتر زۆرمان قسە لەگەڵ پەیەدە کرد. بەڵام هیچ ئەنجامێکمان بەدەست نەهێنا. هێرشیان کردە سەر ئەو ئاڵایەشی کە قازی محەمەد هەڵی کردبوو. هیچ شتێکیان قبوڵ نیە. خزمەت بە خەڵکیش ناکەن، ئەگەر لەگەڵ کوردەکان بن، ئەوا هیچ کێشەمان نیە، بەڵام ئەوان لەگەڵ رژێم هاریکاری دەکەن".
بەشار وەڵامی ئەو رەخنانە دایەوە کە لە کۆنسەی نەتەوەیی کوردی (ئەنەکەسە) و کۆمیسیۆنی باڵای دانوستان دەگیرێت لەلایەن پەیەدەوە و بەوە تۆمەتباریان دەکەن کە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی تورکیا و سەرۆکی هەرێمی کورستان مەسعود بارزانییەوە، ناوبراو لەو بارەیەوە گوتی: "پشتگیرییەکانی بارزانی بۆ ئێمە شەرەفێکی گەورەیە، تورکیا دۆستمانە. تورکیا وەک دراوسێیەکی دۆست دەبینین. تورکیا بەشێوەیەکی سیاسی پشتگیری لەئێمە دەکات. وڵاتێکی دیموکراتییە. دۆستی کوردو عەرەب و ئەنەکەسە-یە.
بەشار ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان سووریایەکی دیموکرات و فیدراڵیان دەوێت و گوتی "بەو شێوەیە، بەهاریکاری لەناو خۆی سووریا، کێشەی کورد چارەسەر دەبێت. دەمانەوێت لەگەڵ عەرەب و گەلانی تردا ئەمە بکەین پێکەوە. تەنیا کوردەکان ناتوانن سووریایەکی دیموکرات پێکبێنن. لەگەڵ سوورییەکاندا دەتوانرێت پێکەوە ئەمە بکرێت".
لەوەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا باسو خواستی فیدراڵیان لەگەڵ لایەنەکانی تری ئۆپۆزسیۆنی سووریا باس کردووە، ناوبراو گوتی: "نەخێرقسەمان لەسەری نەکردووە، تەنیا بڕیارمان داوە وەک هێزەکانی دژ بە رژێم، پێکەوە کار بکەین. ئێمە لایەنێک و رژێمیش لایەنێک. ئەو کاتەی مشتومڕمان لەسەر ئەو دۆخە کرد لەسووریا، دادەنیشتین قسە دەکەین لەبارەی ئەوەی کە سووریایەکی چۆن بنیات بنێین. لەگەڵ دۆستانی سووریا دادەنیشین و قسە دەکەین. ئەو کاتەی لیژنەکان دروست کران بۆ ئامادەکاری دەستووری، ئەو پرسانە چارەسەر دەکەین".