سياسەت, عێراق

سووتاندنی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە لایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبییەوە

بارەگای لقی ٥ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدای پایتەختی عێراق، لە لایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبییەوە سووتێندرا. - بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا شوان محەمەد تەها: "سکاڵا لەسەر حکوومەتی فیدڕاڵی تۆمار دەکەین".

Fakhradin Ibrahim  | 17.10.2020 - نوێکردنەوە : 19.10.2020
سووتاندنی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە لایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبییەوە

Arbil

هەولێر ــ AA

لقی ٥ی پارتی دیموكراتی كوردستان کرایە ئامانجی خۆپیشاندەرانی لایەنگری حەشدی شەعبی و سووتێندرا.

خۆپیشاندانی لایەنگرانی حەشدی شەعبی بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە لێدوانێکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە کە حەشدی شەعبی بە ئاراستەکرانی مووشەک بۆ سەر هەولێر تۆمەتبار کردبوو.

لایەنگرانی حەشدی شەعبی بەیانی ئەمڕۆ بە پێی ئاگادارییەک کە چەند رۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، لەبەردەم بارەگای لقی ٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە.

خۆپیشاندانەکە لە گەڕەکی کەڕادە ناوەڕاستی بەغدا و نزیک لە بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی پێکرد.

هەر زوو خۆپیشاندانەکە گرژی تێکەوت و سەرەڕای بوونی هێزەکانی پۆلیس، خۆپیشاندەران بارەگای پارتیان کردە ئامانج و سەرئەنجام ئاگریان تێبەردا.


خۆپیشاندەران بە تێپەڕبوون لە رێزەکانی پۆلیس چوونە ناو بارەگاکە و ئاڵای حەشدیان لەسەر بارەگاکە هەڵکرد.

لەو وێنانەی کە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان دەستاودەست دەکرێت، دەردەکەوێت لایەنگرانی حەشدی شەعبی کەلوپەلی ناو بارەگاکە دەسووتێنن و ئاڵا و وێنەکانیش ناو بارەگاکە دێننە دەرەوە و دەیسووتێنن. لە یەکێک لە وێنەکان دەرکەوتووە کە خۆپیشاندەران بەپێ لەسەر ئاڵای هەرێمی کوردستان وەستاون.

تا ئێستا بە فەرمی هیچ لێدوانێک لە لایەن حەشدی شەعبییەوە لەم بارەیەوە بڵاونەکراوەتەوە،  لە بەرامبەردا بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا شوان محەمەد تەها بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە سووتاندنی بارەگای حزبەکەیان جێگەی قبووڵکردن نییە و سکاڵا لەسەر حکوومەتی فیدڕاڵی تۆمار دەکەن.

- هۆشیار زێباری حەشدی شەعبی بە مووشەکبارانی هەولێر تۆمەتبار کردبوو

شەوی ٣٠ی ئەیلوول چەند مووشەکێک لە دەورانپشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کەوتنە خوارەوە کە گومانی ئەوە هەبوو هێزەکانی ئەمریکایان لەو ناوجەیە کردبێتە ئامانج.

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندبوو کە ئەو شەش مووشەکەی کە ئاراستەی هەولێر کراون، لە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبییەوە ئاراستە کراوە لە پارێزگای نەینەوا.

ئەگەر چی هەر زوو هەشدی شەعبی ئەو راگەیەندراوەی رەتکردەوە و لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا جەختی لە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردبوو، بەڵام ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، هوشیار زێباری لە لێدوانێكدا رایگەیاند، بە ئامانجكردنی هەولێر هۆكارەكەی ئەوەیە كە گرووپەكانی حەشدی شەعبی هەرێم بە نزیك لە ئەمریكا لەقەڵەم دەدەن و داوایکردبوو کە حکوومەت سنوورێک بۆ ئەو کردارایان دابنێت.

- کاردانەوەکان لەسەر لێدوانی زێباری

هەر زوو لێدوانەکەی زێباری کاردانەوەی شیعەکانی لێکەوتەوە و داوایان کردبوو کە زێباری پاشەکشە لە لێدوانەکە بکات و داوای لێبوردن لە حەشدی شەعبی بکات.

رۆژی ١٤ی ئەم مانگە مشتومڕ لە نێوان بەشێک لە پەرلەمانتارانی شیعە و پەرلەمانتارانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران درووست بوو و جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق حەسەن کەعبی داوایکرد کە زێباری داوای لێبوردنێک پێشکەش بکات کە شایستەی رۆڵی حەشد و قوربانییەکانی بێت.

هەر لە درێژەی کاردانەوەکان چەند رۆژێک بوو کۆمەڵە گرووپێكی نێو حەشدی شەعبی لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە داوایان كردبوو كە دژ بە لێدوانەکەی زێباری لەبەردەم بارەگای پارتی لە بەغدا گردببنەوە و هاشتاگی "سووتاندن"ی بارەگاکەیان بڵاوکردبوویەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın