سياسەت, پەروەردەیی, شیکردنەوە

زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک کرایەوە

زانکۆی ئەمریکی - کوردستان لە پارێزگای دھۆک بەفەرمی لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی و ژمارەیەک کونسوڵی وڵاتان کرایەوە وسەرۆکی ھەرێم کردنەوەی ئەو زانکۆیە بە دەستکەوتێکی دیکەی گرنگی زانستی لە ھەرێمی کوردستان لە قەڵەم دا.

Hamit Hüseyin  | 14.03.2016 - نوێکردنەوە : 16.03.2016
زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک کرایەوە

Iraq

دھۆک 


لە مەراسیمێکدا لە پارێزگای دھۆک، زانکۆی ئەمریکی - کوردستان بە فەرمی لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی و ژمارەیەک کونسوڵی وڵاتان و بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێم کرایەوە.

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی زانکۆی ئەمریکی - کوردستان لە دھۆک گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: "کاتێک داعش ھێرشی کردە سەر باشووری کوردستان، کارکردن لەو زانکۆیە نەوەستا، ئەوەش خۆڕاگری گەلی کورد دەردەخات و ھیچ ھێزێک ناتوانێت کورد لە پێشکەوتن رابگرێت. پێش ٢٥٠٠ ساڵ کورد زۆلمی قەبوول نەکردەوە و لەو رۆژەوە تا ئێستا قوربانی لە پێناو ئەو ئازادییە دەدات".

مەسعود بارزانی ھەروەھا گوتی: "ئەو زانکۆیە دەستکەوتێکی دیکەی گرنگی زانستییە لە ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ گەلی کورد کە رۆژی لەدایکبوونی بارزانی و ٢٥ ساڵەی یادی ئازادکردنی شاری دھۆکە. کردنەوەی ئەم زانکۆیە لەم رۆژەدا سەنگ و خۆشییەکی دیکە دەخاتە سەر خۆشییەکانی گەلەکەمان لە ١٤ی ئادار".

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا باسی لەو پڕۆژە چاکسازیانەش کرد و گوتی: "ھیچ قەیرانێک نابێتە رێگر لەو چاکسازیانەی دەستمان پێ کردوون و بەردەوام دەبین".

ھەروەھا لەو مەراسیمەدا سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی گوتەیەکی پێشکەش کرد و گوتی: "زیاتر لە دوو ساڵە حکوومەتی عێراق بوودجەی ھەرێمی کوردستانی بڕیوە، شەڕی داعش ھەیە و زیاتر لە یەک ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار ئاوارە ھاتوونەتە ھەرێم، نرخی نەوت دابەزیوە بەڵام ئەم قەیرانە داراییەی ئەمڕۆ لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە دەرفەتیکی گرنگە بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی".

نێچیرڤان بارزانی لە درێژەدا گوتی: "میللەتی ئێمە میللەتێکی زیندووە، لە رۆژانی سەختدا حەزی لە ژیان و ئاوەدانکردنەوە ھەبووە. باوک و باپیرانمان شانسی ئەوەیان نەبووە وەکو پێویست بخوێنن بەڵام ژیانیان کردە قوربانی تاوەکو منداڵانی ئەوان لە زانکۆ بخوێنن".

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد "داعش دەگاتە سزای خۆی و وەڵامی تاوانەکانی دەداتەوە، ھەروەھا بەردەوام دەبین لە دەرمانکردنی برینی ئێزدیان و گەڕانەوە متمانە بۆیان و تا ئێستا زیاتر لە دوو ھەزار ئیزدیمان ئازاد کردووە و گەڕاندنەوەی ژیان بۆ دەڤەری شنگال و ئەو شوێنانەی داعش کۆنترۆڵی کردبوون، گەورەترین شکستی داعش دەبێت و ھەروەھا بەردەوامین لە پڕۆسەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش و ھەر ئەمڕۆ چەند کوردێکی دیکەی ئێزدی رزگار کراون".

ھەروەھا سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی-کوردستان لە دھۆک، دکتۆر مایکل مایلینس لە مەراسیمەکەدا گوتی: "ھیواخوازین ئەم زانکۆیە ببێتە سەنتەری توێژینەوە و زانستی و ئەوەش ھانی ئێمە دەدات بۆ زیادکردنی بەشەکانی زانستی لەم زانکۆیەدا. ئەم شوێنە سەرکردەی باش پەروەردە دەکات و بێگومان ئەرکی ئێمە گرنگە و ئێمە بۆ ئەوەی پرۆگرامەکانمان بە دونیا بناسێنین، ئەم زانکۆیە بەردەوام دەبێت و لە ئاستی بەرزی جیھانیدا کار دەکات ھەروەھا ئەم زانکۆیە قازانجی ناوێت و بازرگانی ناکات بەڵکۆ تەنیا سەرکردە و قوتابی نموونەی پێ دەگەیەنێت".

ماموستایەک لەو زانکۆیە دکتۆر بەیار مستەفا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەوانەی لەم زانکۆیە درێژە بە خوێندن دەدەن ئەوان زیاتر دەتوانن لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان و ھەموو جیھان کار بکەن ھەروەھا بەرنامە وایە کە ئەم زانکۆیە یەکەم زانکۆ بێت کە لە ئەمریکا دانی پێدا دەنێنن. دوو ماموستای ھیندی و سێ ماموستای ئەمەریکی و ھەروەھا سەرۆک بەشێکی فەڕەنسی لەم زانکۆیە کار دەکەن".

ئەم ماموستایە ھەروەھا گوتی: "بە بەراورد لە گەڵ زانکۆی ئەمریکی-سلێمانی پێشوازی لەم زانکۆیە باشتر بووە و لەم زانکۆیە لە سەرەتادا ھەر قوتابییەک دەبێت ٨ ئاستی زمانی ئینگلیزی تێپەڕ بکات و دواتر دەست بە خوێندن بکات. ھەروەھا لە سەرەتا تەنیا بەکالۆریۆس کراوەتەوە و دواتر ماستەر و دوکتۆرا دەکرێتەوە".

زانکۆی ئەمریکی دھۆک - کوردستان، ساڵی ٢٠١٤ لە شاری دھۆک کراوەتەوە و یەکەم خولی وەرگرتنی قوتابیانی لە وەرزی خوێندنی ٢٠١٤ – ٢٠١٥ دەست پێ کردووە و لە ئێستادا ناوی ئەم زانکۆیە بە فەرمی کراوەتە زانکۆی ئەمریکی -کوردستان، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆکی فەخریی ئەم زانکۆیە.

بە پێی سیستەمی پەروەردەیی خوێندنی ئەمریکی لەم زانکۆیە پێنج فاکۆلتە ھەیە و ھەریەک سێ تا چوار پرۆگرامی تێدا بەڕێوە دەچێ. ئەوان بریتین لە ئسکۆل میدیا، ئسکول دیزاین، پابکیک پالێسی، کۆمپیوتەر و ئای تی و بزنێس ھەیە و پابلیک پۆلێسی ئەو بەشەیە کە تەنیا لە زانکۆی ئەمریکی- کوردستان و زانکۆی ئەمریکی- دوبەی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەیە.

زانکۆکە پشت بە سیستەمی پەروەردەیی-خوێندنی ئەمریکی دەبەستێت. خوێندن لەم زانکۆیە بەپارەیە و کەمترین کۆنمرە کە لەو زانکویە وەردەگیرێت ٦٢یە هەروەها بەپێی کۆنمرە پارە، کەم وزیاد دەکات. زیاترینی پارە ٨ ھەزار دۆلارە و کەمترین ١٥٠٠ دۆلارە کە وەردەگیرێت. بۆ منداڵانی شەھید و زیندانیانی سیاسی بەبێ پارەیە. ئەم زانکۆیە لە رۆژئاوای شاری دھۆکە و نزیکەی ٣٠٠ قوتابی لەم زانکۆیەدا درێژە بە خوێندن دەدەن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın