
Arbil
هەولێر - AA
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئیدانەی سووتاندنی ئاڵای کوردستان و هێرش بۆ سەر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات.
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە "سووتاندن و بێڕێزی کردن بەئاڵای پیرۆزی کوردستان، کە سەدان و هەزاران پێشمەرگەی قارەمان و خەباتگێڕ و تێکۆشەری ئەم نەتەوەیە، لە ژێر سێبەرەکەیدا گیانی خۆیان بەخشیوە، بەتوندی ئیدانەدەکەین".
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە "ئاڵای کوردستان، سیمبولی باڵای بەرخودانی نەتەوەی کورد و رەمزی ئاشتی و ئاوەدانی و پێکەوەژیانە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە "پەلاماردانی بارەگای هەر حزب و لایەنێک، دواتر سوکایەتیکردن بە ئاڵای کوردستان، پەیامێکی روونە و دەخوازێت هەرچی زووە ململانێ حزبییەکان و گرژییە سیاسییەکان بەلاوە بنرێن و سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانی گۆڕەپانی سیاسی کوردستان، یەکدەنگ ویەکهەڵوێست بن، بۆ پاراستنی پیرۆزییەکان و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ئێستاو ئایندە".
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان داوای لە حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هێزە دیموکراتییەکان کردووە لێکۆڵینەوەی جددی لەوبارەوە بکەن و رێگری لەو جۆرە پێشێلکارییانە بکەن بە گوتەی ئەوان "دواجار میمبەری پێکەوەژیانی پێکهاتەکان و پاراستنی بەها دیموکراتیەکان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لەعێراق دەخاتە مەترسییەوه".
وەزارەتی پێشمەرگە راشیگەیاندووە "دەستبردن و سوکایەتی کردن بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان، بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراونیەو، دەبێ ئەنجامدەرانی بەزووترین کات رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە".
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان نیگەرانی قووڵی خۆی دەردەبڕیووە و راشیگەیاندووە꞉ "وەک هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە هەموو ئان و ساتێکدا، پارێزەری خاک و ئاڵای پیرۆزی کوردستانین، وەک بیلبیلەی چاومان دەیپارێزین".