سياسەت

راگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی وتەکانی حەسەن نەسروڵڵا

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی لەسەر وتەکانی ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی، حەسەن نەسروڵڵا بڵاوکردەوە.

Abdullah Abdulmanaf Shukur  | 13.01.2020 - نوێکردنەوە : 14.01.2020
راگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی وتەکانی حەسەن نەسروڵڵا

Arbil

ھەولێر - AA

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی لەسەر وتەکانی ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی، حەسەن نەسروڵڵا بڵاوکردەوە.

بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لە ماڵپەری سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی لەسەر وتەکانی ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی، حەسەن نەسروڵڵا بڵاوکردووەتەوە.

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەبارەی وتەکانی حەسەن نەسروڵڵا لە پەیامەکەیدا گوتی: " گەلی کوردستان و پێشمەرگە زیاتر لە سەدەیەکە بەرەنگاری گەورەترین و دڕندانەترین ھێرشی قڕکاری بوونەتەوە و لە شەڕی داعشدا ھەرێمی کوردستانیان پاراست، قسەکانی حەسەن نەسروڵڵاش نەشیاون بەرامبەر سەرۆک مەسعوود بارزانی و قوربانیدانی پێشمەرگە."

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی جەختیشی لەوە کردەوە کە "گەلی کوردستان ھەمیشە بە ھاوکارییەکانی دۆستانی دەزانێت و سوپاسی ھەموو ئەوانە دەکات کە لە شەڕی دژی داعشدا یارمەتیی ھەرێمی کوردستانیان داوە، بە رێزەوە لەو پشتگیرییەی ئەوان دەڕوانێت و قەت لەبیری ناکات".

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی ھەرێمی کوردستان

بەڕێز حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی لە وتارێکدا دوور لە شێواز و ئەتەکێتی سیاسی، بە شێوەیەکی نەشیاو دەرھەق بە سەرۆک مەسعوود بارزانی و قوربانیدان و قارەمانیەتیی پێشمەرگە، قسەی کردووە. جێگەی داخە کەسێکی وەک بەڕێز نەسروڵڵا بەبێ رەچاوکردنی رۆڵی مێژووییانەی سەرۆک بارزانی لە بەرەنگاربوونەوەی رژێمە دیکتاتۆرییەکان و رۆڵی مەیدانیانەی لە تێکشکاندنی داعشدا، بەو شێوەیە ھەستی گەلی کوردستان بریندار بکات.

سەرۆک بارزانی ھەموو تەمەنی خۆی لە بەرەنگاربوونەوەی ستەم و ستەمکاران و لەپێناو ئازادیی گەلەکەیدا بەخشیوە، لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشیشدا وەک فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە بە شێوەیەکی راستەوخۆی مەیدانی و لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە لە سەنگەردا، رۆڵێکی قارەمانانەی نواند کە ھەموو گەلی کوردستان و زۆر لە سەرکردەکانی جیھان بۆ ئازایەتیی پێشمەرگە و جەنابی سەرۆک، شایەتییان دا.

گەلی کوردستان ھەمیشە بە ھاوکارییەکانی دۆستانی دەزانێت و سوپاسی ھەموو ئەوانە دەکات کە لە شەڕی دژی داعشدا یارمەتیی ھەرێمی کوردستانیان داوە، بە رێزەوە لەو پشتگیرییەی ئەوان دەڕوانێت و قەت لەبیری ناکات.

گەلی کوردستان و پێشمەرگە زیاتر لە سەدەیەکە بەرەنگاری گەورەترین و دڕندانەترین ھێرشی قڕکاری بوونەتەوە، لە شەڕی داعشیشدا ھەرێمی کوردستانیان پاراست و بەشداربوون لە پاراستن و رزگارکردنی زۆر شوێنی دیکەی عێراق، ئەمڕۆش پاراستنی ئاشتی و پێکەوەژیان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بە ئەرکی ھەرە لەپێشی خۆیان دەبینن، لە کاتێکدا دۆخی ناوچەکە وا دەخوازێت ھەموومان کار بۆ ئارامکردنەوە و گێڕانەوەی سەقامگیری بکەین.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان

١٣/١/٢٠٢٠

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın