سياسەت

دەرباز کۆسرەت رەسوڵ: "هیچ گرفتێک بەهێز چارەسەر ناکرێت"

ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتیی نیشتیمانیى کوردستان، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ: "قەیرانى دارایى لە ئێستادا بەرەو چارەسەربوون دەڕوات و چاکسازییەکى زۆر ئەنجام دراوە و خەریکە بەرهەمى ئەو چاکسازییانە بەدیار دەکەوێت".

Cemal Sargati  | 09.03.2017 - نوێکردنەوە : 10.03.2017
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ: "هیچ گرفتێک بەهێز چارەسەر ناکرێت"

As Sulaymaniyah

سلێمانى-AA

ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ راگەیاند "قەیرانى دارایى لە ئێستادا بەرەو چارەسەربوون دەڕوات، بارودۆخى ئەمساڵ باشترە لە ساڵى رابردوو، بەوەى کە گرووپى تیرۆریستى داعش بەرەو نەمان دەڕوات ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەى قەیرانى دارایى چارەسەر بکرێت، بۆیە بەگەشبینینەوە دەڕوانینە بارودۆخى دارایى هەرێمى کوردستان".

دەرباز کۆسرەت رەسوڵ لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "لە ئێستادا چاکسازییەکى زۆر ئەنجام دراوە و خەریکە بەرهەمى ئەو چاکسازییانە بەدیار دەکەوێت، بەوەى هەندێک وەزارەت هەیە داهاتى باشیان کۆکردوەتەوە، ئەو داهاتانەش لە خزمەتى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان دەبێت بۆجێبەجێکردنى پرۆژەى خزمەتگوزارى لە هەرێمى کوردستان".

لەبارەى قەیرانى سیاسییەوە، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ گوتى: "وەک خۆم چارەسەرکردنی قەیرانى سیاسى زۆر بەزەحمەت نابینم و ئومێدێکى زۆرم هەیە بەچارەسەرکردنى ئەو قەیرانە. لەسەر ئاستێکى باڵادا هەندێک کێشە و گرفت هەیە بەڵام دەبێت ئەویش چارەسەر بکرێت، دەبێت لایەنەکانیش بەدڵێکى فراوانەوە بڕوانە دۆخى ئێستاى هەرێمى کوردستان سەرجەمیان کاربکەن بۆ چارەسەرکردنى ئەو گرفتانە و، یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان لە هەوڵدایە بۆ چارەسەرکردنى ئەو بارۆدخەى کە هەرێمى کوردستان پێیدا تێپەر دەبێت و بەردەوام هەوڵیش دەدات".

دەرباز کۆسرەت رەسوڵ کە لە هەمانکاتدا وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى حکوومەتى هەرێمى کوردستان گوتى: "من وەک خۆم نوێنەرایەتى یەکێتیى نیتشتیمانیى کوردستان دەکەم لە حکوومەتى هەرێمدا، ئێمە رۆژانە بەردەوامین لەسەر باسکردنى پرسەکان و چارەسەرکردنى سەرجەم قەیرانەکان و کارى جددى کراوە بۆ چارەسەرى ئەو قەیرانانە".

لەبارەى بردنى هێزەکەى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان بۆ نەوتى کەرکووک، دەباز کۆسرەت رەسوڵ گوتى: "ئێمە دژى هەموو توندوتیژیەکین و بەهێز هیچ گرفتێک چارەسەر نابێت، ئەو هێزەى کە براوەتە ئەو ناوچەیە ئەوا وەک رەت فیعلێکە بەرامبەر بەحکوومەتى عێراق، لەهەمان کاتدا حکوومەتى عێراق بریارى داوە و پڕۆتۆکۆڵى واژووکردووە کە مەسفایەک بۆ کەرکووک کە خەڵکى کەرکووک لێى سوودمەند بن دروست بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوەش جێبەجێ نەکراوە".

گوتیشى: "لەم سەردانەى دوایدا حەیدەر عەبادى بڕیارى داوە کە ئەو گرفتە چارەسەر بکات و لە ئێستاشدا گرژییەکان لە کەرکووک نەماوە و بارودۆخى کەرکووک ئارامە".



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın