سياسەت

"داعش شەڕی رووبەڕووی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە پێ ناکرێت"

جێگری فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانی لیوا سەید هەژار: "بە بۆچوونی من، ئەو چەکدارانەی پێشی سێ شەو هێرشیان کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، هەموویان ناچار کرابوون و واژۆیان پێ کرابوو لە بەرامبەر ئەوەی کە ئامادەن هێرش بکەنە سەر هێزی پێشمەرگە".

hemn husain  | 05.06.2016 - نوێکردنەوە : 05.06.2016
"داعش شەڕی رووبەڕووی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە پێ ناکرێت"

هەولێر


لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی خازر، هێزەکانی پێشمەرگە ٩ گوندیان لەو ناوچەیە رزگار کرد و جێگری فەرماندەی پێشمەرگەی زێڕەڤانی ئاماژە بەوە دەکات کە هێزەکانی پێشمەرگە و داعش کەمتر لە یەک کیلۆمەتر نێوانیان هەیە.

جێگری فەرماندەی پێشمەرگەی زەێرەڤانی لیوا سەید هەژار لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "مەودای نێوان هێزەکانی پیشمەرگە و گرووپی تیرۆریستی داعش کەمتر لە 2 کیلۆمەتر دەبێت و نزیکترین گوندیش لێمان گوندی قەریەتاغە بەڵام نزیکترین مەودا لە نێوانمان نزیکەی 700 مەترە لە مەعمەل کاشی کە گرووپەکانی داعشی لێ یە".

هەرچەندە هێرشەکانی داعش بەشێوەیەکی هەڕەمەکییە و کات و ساتی دیار نییە بەڵام زۆرینەی پەلامارەکانیان لە کاتی شەو بووە، جێگری فەرماندەی پێشمەرگەی زەێرەڤانیش ئاماژە بەوە دەکات کە بەشێک لە چەکدارەکانی داعش بە ویستی خۆیان نەهاتوونەتە شەڕ و لەمبارەیەوە لیوا سەید هەژار گوتی: "کاتی هێرشەکانی ئەوان دیار نییە بەڵام بە زۆری گرووپە تیرۆریستییەکان بە شەو هێرش دەکەن و بەشێکیان ناچار دەکرێن کە شەڕ بکەن، واتە بە ویستی خۆیان نییە و لەلایەن دەسەڵاتی داعشەوە فەرمانیان پێ دەکرێت، بۆیە زۆربەیان ئەو ناچارکردنەیان پێوە دیارە".

هەفتەی رابردوو دوو کەس لە چەکدارانی داعش لە گوندی وەردەک خۆیان رادەستی هێزەکانی پێشمەرگە کرد و جێگری فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانیش ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان وەکو لایەنێکی ئینسانی مامەڵە لەگەڵ دیلەکان دەکەن و لەمبارەیەوە گوتی: "ئەگەر بریندار بن یان ناچار بن، ئەوە خۆیان رادەستی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن. ئەگینا پێش شەڕکردن خۆیان رادەست ناکەن، ئەگەریش خۆیان رادەستی هێزەکانی پێشمەرگە بکەن، ئەوە ئێمە وەکو ئینسانییەت مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین و رەوانەی دادگای دەکەین بەڵام بۆخۆمان هیچ جۆرە کردەوە یان کاردانەوەیەکمان بەرامبەری نەبێت چونکە ئێمە رێز لە بنەماکانی مافی مرۆڤ دەگرین و لەو چوارچێوەیەشدا مامەڵە لەگەڵ دیلەکانی داعش دەکەین و لە چەند رۆژی رابردوودا دوو چەکداری داعش خۆیان رادەستی ئێمە کرد. لێرە خواردنمان پێدان و بەشێوەیەکی مرۆڤانە مامەڵەمان لەگەڵیان کرد و پاشان رەوانەی دادگامان کردن".

دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا، هێزەکانی پێشمەرگە چەند گوندێکی لە ژێر دەسەڵاتی داعش رزگار کرد و دوای ئەوەش گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش چەند جارێکە پەلاماری هێزی پێشمەرگە دەدەن لەناو ناوچەیە و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "شەوی رابردوو لە 5 قۆڵەوە گرووپەکانی داعش پەلاماری هێزەکانی پێشمەرگەیان دا بەڵام هەر زوو لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە پەلامارەکان تێک شکێنران و زیاتر لە 100 چەکداری داعش کوژراون و لە بەرامبەریشدا هێزەکانی پێشمەرگە ی شەهیدێکی هەبووە".

هێزەکانی پێشمەرگە ئامادەن بەرەو مووسڵ بڕۆن و بەڵام چاوەڕێی فەرمانێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی سیاسیی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی عێراق لەبارەی داهاتووی مووسڵ، هەرچەندە تا ئێستا هەنگاوی بەرەو مووسڵ نەچووەتەوە واری جێبەجێکردنەوە بەڵام جێگری فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانی ئاماژە بەوە دەکات هیچ کۆسپێک لەبەردەم ئەو پڕۆسەیەدا نییە و لەمبارەیەوە گوتی: "هیچ کۆسپێک لە بەردەم هێزی پێشمەرگەدا نییە، تەنیا ئەوە نەبێت کە چەکەکانمان کۆنن لەگەڵ ئەوەشدا داعش شەڕی ئێمەی پێ ناکرێت بۆیە پەنا دەباتە بەر کردەوەی خۆکوژی و یان مین لەسەر رێگاکان دەچێنن، ئەگینا داعش شەڕی رووبەڕووی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە پێ ناکرێت".
جێگری فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانی پێی وایە بەشێک لەو چەکدارانەی داعش ناچار دەکرێن کە شەڕی هێزەکانی پێشمەرگە بکەن و لەمبارەیەوە گوتی: "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، داعش کە چەکدارەکانی دەنێرێت بۆ هێڵی پێشەوە یان بۆ کردەوەی خۆکوژی، دوو رێگای بۆ دیاری دەکات، یان دەبێت شەڕ بکات یان بۆخۆیان دەیکوژن".

سەبارەت بە هێرشەکەی دوو شەوی رابردووش، لیوا سەید هەژار پێی وایە کە چەکدارەکان ناچار کرابوون بۆ شەڕکردن و لەو رووەوە گوتی: "بە بۆچوونی من، ئەو چەکدارانەی پێشی سێ شەو هێرشیان کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، هەموویان ناچار کرابوون و واژۆیان پێ کرابوو لە بەرامبەر ئەوەی کە ئامادەن هێرش بکەنە سەر هێزی پێشمەرگە و باوەڕم وایە هیچیان بە سەلامەتی نەگەڕانەوە چونکە کوژراویان زۆر بوو".

لیوا سەید هەژار ئاماژەی بە گرنگی ناوچەکەش دا وەکو شوێنێکی سراتیژی و سەبارەت بەم بابەتەش گوتی: "ئێرە ناوچەیەکی ستراتیژییە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و بۆ گرووپە تیرۆرسیتییەکانی داعش چونکە ئێرە بە قوڕگی داعش دەناسرێت و ئێمەش ئەو ناوچەیەمان کۆنتڕۆڵ کردووە".


جێی ئاماژەیە شوێنی ئێستای لیوا سەید هەژار دەکەوێتە گوندی وەردەک لە هێڵی پێشەوەی بەرگریکردن و بەردەوام وەڵامی هێرشە تیرۆرسیتییەکانی دوژمنان دەدەنەوە و گوندی وەردەک دەكەوێتە سنووری میحوەری خازر و نزیكەی 25 كیلۆمەتر لە شاری مووسڵەوە دوورە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın