سياسەت, عێراق

دابان شەدەڵە لە پۆستی جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم دەستبەکاربوو

جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پە‌یوە‌ندییە‌كانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دابان شەدەڵە دەستبەکاربوو.

Sarmand Hameed  | 09.08.2020 - نوێکردنەوە : 09.08.2020
دابان شەدەڵە لە پۆستی جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم دەستبەکاربوو

Arbil

هەولێر- AA

ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، سەفین دزەیی، جێگری نوێی بەرپرسی فەرمانگەی پە‌یوە‌ندییە‌كانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دابان شەدەڵە دەستبەکاربوو.

لە میانی رێوڕەسمەکەدا جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند "فەرمانگەی پەیوەندییەکان یەکێکە لە پایە گرنگەکانی حکوومەت و وەک سەرۆکایەتی حکوومەت بەتەواوی پاڵپشتی هەنگاوەکانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەکەین بۆ پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەرێم لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان".

قوباد تاڵەبانی وێرای پیرۆزبایی لە دابان شەدەڵە، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و ستایشی کار و چالاکییەکانی پێشووی کرد کە نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو لە وڵاتی ئیسپانیا.

جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند "فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە یەکێکە لە پایە گرنگەکانی حکوومەت و رۆڵی گرنگی بینوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە و توانیوویەتی ببێتە پردێکی باش بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و ئێمەش وەک سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران پاڵپشتی هەنگاو و کارەکانیانین".

جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی هەروەها جەختی کردەوە کە یەکێک لە ئەولەویاتی حکوومەتی هەرێم گرنگیدانە بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و پەرەپێدانی ئەم فەرمانگەیە و رێکخستنەوە و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمە لەگەڵ وڵاتانی جیهان و گوتی:

"لەوبڕوایەداین کاک سەفین وەک بەرپرس و کاک دابان وەک جێگر پێکەوە دەتوانن هەنگاوی باش بنێن لەوبارەیەوە".

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی لە وتەیەکیدا بەخێرهاتنی دابان شەدەڵە-ی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە دابان شەدەڵە ئەزموونێکی باشی هەیە لە پرسی پەیوەندییەکان بۆیە گەشبینە کە پێکەوە بتوانن کارەکانی فەرمانگە بە باشی راپەڕێنین.

بەپێی رێککەوتنی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پشکی یەکێتی نیشتمانی بوو، ئەمڕۆش دوای زیاتر لە ساڵێک بەسەر پێکهێنانی کابینەی حکوومەت، یەکێتی ئەو پۆستەی پڕکردەوە.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın