
ھەولێر
لیستێکی تورکمانی دەڵێ ئەگەر بگەنە پەرلەمانی کوردستان کۆنگرەی نەتەوەیی تورکمان دەبەستنK بەرەی تورکمانیش کە بۆ یەکەم جارە بەشداریی ئەم ھەڵبژاردنە پەرلەمانییە دەکا دەڵێ، کاردەکەن پۆستی جێگرانی سێ سەرۆکایەتییەکە بۆ تورکمان بێت و سروود و ئاڵای کوردستانیش ئاماژەیان بۆ تورکمانەکان تێدا بێ.
" کۆنگرەی نەتەوەیی تورکمان دەبەستین"
سەرۆکی لیستی بزووتنەوەی دیموکراتی تورکمان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، نیھاد ئاڵتی بەرماخ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆلۆ رایگەیاند، یەکێک لە دیارترین ئەو بەرنامانەی کار بۆ جێبەجێ کردنی دەکەن لەپاش بەدەستھێنانی کورسیی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی تورکمان دەبێ ھاوشێوەی عەرەب و کورد.
"ئێمە ئەگەر کورسی بەدەست بھێنین کار بۆ ئەوە دەکەین نوێنەرایەتیی تورکمان لە ھەرسێ سەرۆکایەتییەکەی ھەرێم (سەرۆکایەتیی ھەرێم، حکومەت، پەرلەمان) زیاد بکەین و جێگرانی ئەو سێ سەرۆکە بۆ تورکمان بێ، لە فەرمانگە و کۆمەڵە و سەندیکاکانیش نوێنەرانی تورکمان بە رێژە زیاد بکەین".
ئاڵتی بەرماخ بە رەخنەشەوە باسی لە کەمیی بوونی تورکمان لە پۆستە سیاسییەکانی ھەرێم بەتایبەت لە پۆستە سیادییەکان کرد.
نیھاد کە پێی وایە ئەو لیستانەی دیکە ناتوانن رکابەرایەتیی لیستەکەیان بکەن، دەڵێ ھۆکاری دابەزینییان بەجیا وەکو لیستێکی تورکمانی ئەوەیە "ئێمە حزبین و ئەوانی تر یان بنەماڵەن یان چەند کەسێکن و حزب نین"، پێشی وایە کورسییەکانی کۆتا بۆ تورکمانەکان کەمن و تورکمان دەبوو دوو ھێندە کورسیی بۆ تەرخان کرابا.
بەپێی رێسای کۆتا لە یاسای ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ٥ کورسی بۆ تورکمانەکانی ھەرێم تەرخان کراوە، لە ئێستاشدا پێنج لیست بە ٢٥ کاندیدەوە رکابەرایەتی بۆ بردنەوەی ئەو پێنج کورسییە دەکەن. بەھۆی ناکۆکییەکانیانەوە تورکمانەکان نەیانتوانیوە یەک لیستیان بۆ ئەم ھەڵبژاردنە چارەنووسسازە ھەبێت، بەشێکیشیان یەکتر بە پاشکۆیی و سێبەری دەسەڵات و حزبەکان تۆمەتبار دەکەن.
"پەرلەمانتارەکانی تورکمان بەرپرسیشن لەکەمیی کورسیی کۆتا".
سەرۆکی لیستی گۆڕان و نوێبوونەوەی تورکمان، محەمەد سەعدەدین پێی وایە نوێنەرانی تورکمان لە دوو خولی رابردووی پەرلەمان لە کەمیی کورسییەکانی کۆتای تایبەت بە تورکمانەکان بەرپرسن و دەڵێ "ئەکتیڤ نەبوون و نەیانتوانی لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بن". دەشڵێ "ئەو پێنج کورسییە ئەو راستییە دەرناخات کە تورکمان نەتەوەی دووەمن"، پێشی وایە بە رەچاوکردنی تورکمانەکانی کەرکوک و دووز و تەلەعفەر و ناوچەکانی تر دەبێ ئەو کورسییانە زیاد بکرێن.
سەعدەدەین کە پێی وایە دەبوو لە ھەرێمی کوردستان وا نیشانی تورکمانەکانی تری دەرەوەی ھەرێم بدرابا ئەمان لە چی بارودۆخێکی باشدان، بەڵام ئەمە "رووینەدا"، چونکە نوێنەرایەتییەکەی تورکمان بەقەد خۆی نییە.
لەگەڵ ئەوەشدا سەعدەدەین بڕوای وایە، لەبەرئەوەی حکومەت و زۆرینەی دانیشتوانی عێراق شیعەن و ملکەچییان بۆ ئێران ھەیە و تورکمان نەتەوەی سێھەمن لە عێراق، باشتر دەبێت ئەگەر ئەو ناوچانەی دیکەی دەرەوەی ھەرێم کە تورکمانیان لێییە بخرێنە سەر ھەرێم، بەڵام بەومەرجەی مامەڵەی سەرکردایەتیی ھەرێم لەگەڵ تورکمانەکان باشتر بێ".
بەھۆی نەبوونی سەرژمێرییەکی ورد لە عێراق ھیچ ئامارێک لەبارەی تورکمانەکانەوە لەم وڵاتە نییە، نیشتەجێ بوونی تورکمان لە عێراق بۆ ساڵی ٥٤ی کۆچی دەگەڕێتەوە لەو کاتەی عوبەیدەڵای زیاد سەرکردەی ئەمەوی دوو ھەزار سەربازی تورکی بۆ بەسرا ھێنا، لەسەردەمی سەلجوقییەکانیشدا ناوی تورکمان لە تورکەکانی عێراق نرا.
بەرەی تورکمانی: کار بۆ جێگرانی سێ سەرۆکایەتییەکە و ھێمای تورکمانی لە ئاڵا و سروودی نیشتمانی دەکەین
بەرەی تورکمانی یەکەم جارە بەھۆی رووداوەکانی ٣١ی ئابی ساڵی ١٩٩٦ و ھێرشکردنە سەر بارەگانیان لە ھەولێر و گواستنەوەی سەرکردایەتیی ئەو حزبە بۆ کەرکوک لەبەر کێشەکانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداریی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان دەکا.
سەرۆکی لیستی بەرەی تورکمانی بۆ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، ئایدن مەعروف لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆلۆ دەڵێ، نوێنەرایەتیی تورکمان کە ٥ کورسییە لە کۆی ١١١ کورسیی پەرلەمانی "کەمە و پێی رازی نین، چونکە گوزارشت لە تورکمان ناکا"، مەعروف دەڵێت ئەگەر لە پەرلەماندا کورسی بەدەست بھێنن ئەوا کار دەکەن بۆ ئەوەی بەکردەیی تورکمان بکەن بە نەتەوەی دووەم لە ھەرێمدا ئەمەش بە "داواکردنی پۆستی سێ جێگرانی سەرۆکایەتییەکەی ھەرێم، دیاریکردنی ھێمای تورکمان لە ئاڵا و سروودی نیشتمانیی کوردستان کە ھیچ ئاماژەیەکی بۆ تورکمان تێدا نییە". ئایدن گوتیشی نزیکەی ٤٠٠ ھەزار تورکمان لە ھەرێمی کوردستان دەژین، کەچی تەنھا پێنج کورسیمان بۆ تەرخانکراون.
٢٩ی تەموزی رابردوو ساری کەھیە، سەرۆکی پارتی تورکمان ئیلی لە بەیاننامەیەکدا داوای کرد ھەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەت بە مافی ئەو تورکمانەی تێیدا دەژین دەربکا، بەشێوەیەک لە دەستووری ھەرێمدا رێژەی ١٠% لە ھەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان بۆ تورکمان دیاری بکرێ، ھەروەھا ٣٠%ی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێریش بۆ ئەمان بێ.
کەھیە گوتی، تورکمانەکانی ھەرێم وەکو نەتەوەی دووەم ھێشتا تەواوی مافەکانیان پێنەدراوە.
سەرۆکی لیستی پێشکەوتووی تورکمانی، مونا قاوەچی پێی وایە ھۆکاری سیاسیی رێگر بووە لەبەردەم یەکبوونی تورکمانەکان بۆ دابەزین بە یەک لیست بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان . ئاماژەی بەوەیشدا ئەگەر کورسیی پێویست ببەنەوە بەشداریی حکومەت دەکەن.
وا بڕیارە شەممەی داھاتوو ٢١ی ئەیلول ھەڵبژاردنی چوارەمین خولی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێ، کە ١١٢٩ کاندید رکابەرایەتیی لەسەر ١١١ کورسی دەکەن.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن