سياسەت, archive

ئەنسارسوننە و قاعیدە.. لە ھاوکارییەوە بۆ دوژمنایەتی

ئەو ناوچەیەی کرابووە گۆڕەپانی تەراتێنی چەکدارانی سوننەی دژ بەدەوڵەتی عێراق ئێستا بووەتە ناوەندی روو بەڕوو بوونەوەی یەکترو شیرو تیر لە یەک دەسوون.

09.11.2013 - نوێکردنەوە : 09.11.2013
ئەنسارسوننە و قاعیدە.. لە ھاوکارییەوە بۆ دوژمنایەتی

کەرکوک

ناوچەکانی باشوور و رۆژئاوای کەرکوک بریتین لە حەویجە، زاب، ریاز، عەباسی. عەشیرەتەکانی عوبێد، جبور، ئەلبوحەمدان، ئەلبومەفرەج، سادە، نعێم، جەوالە و بۆریاش. تێیدا نیشتەجێن و بەپێی ئامارێکی ناڕەسمی ژمارەیان زیاتر لەپێنج سەد ھەزار کەسە.

لەدوای روخاندنی دەسەڵاتی سەدام حوسێن لە ساڵی ٢٠٠٣، ئەو ناوچەیە بووە گۆڕەپانی تەراتێنی ئەو چەکدارانەی دژی سوپای ئەمریکاو حکومەتی عێراق چالاکییان ئەنجام دەدا. لەسەر نەخشەی سیاسی کەوتە ناو ئەو سێگۆشەی ناونرا "سێگۆشەی مەرگ" کە مەبەست لێی ناوچە سوننەنشینەکانی عێراق بوو.

رێکخراوی قاعیدە کەڵکی زۆری لەو ناوچەیە وەرگرت و ھەرزوو خۆی لەوێ جێکردەوە. چەکدارانی توندڕەو بەخێرایی پەرەیان سەندو بوونە بەڵایەکی گەورە بۆ سوپای ئەمریکاو حکومەتی عێراق.

بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی رێکخراوی ئەنسارسوننە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، ئێستا لەنێوان قاعیدە و ئەنسارولسوننە ناکۆکی زۆر ھەیەو کار گەیشتووەتە تەقە کردن لە یەکتر.

عەبدولرەحمان ئەلشاھری، یەکێ لە بەرپرسانی رێکخراوی ئەنسارسوننە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەیکرد و وردەکاریی ئەو ناکۆکییانەی گێڕایەوە. ئەلشاھری دەڵێ قاعیدە لەناوچەکە سیاسەتی فراوانخوازیی ھەیەو ئامانجی باشتر بوونی عێراق نییە بۆیە ئەمان روو بەڕووی ئەبنەوە.

ئەلشاھری گوتی: "رێکخستنەکەی ئێمە بۆ بەرەنگاری ئەمریکییەکان و ھاوپەیمانانی ناسراوە، قوربانی زۆرمانداوە و جەماوەرێکی بەرفراوانمان لە باشووری کەرکوک، موسڵ، دوز و دیالە ھەیە. کەچی رێکخراوی قاعیدە لەگەڵ فراوانبوونی رووداوەکانی سوریا ھەوڵی ئەوەی دا ھەبوونی خۆی بە درێژایی سنووری سوریا لەگەڵ پارێزگای موسڵ و باشووری کەرکوک زیاد بکا، بۆ ئەم مەبەستەش ژمارەیەک کردەوەی کوشتن و تیرۆرکردنیان لە ناوچەکە ئەنجامدا و ژمارەیەک فەرماندەی ئەنسارسوننەیان کوشت. ھەروەھا فەرماندەی ھێزەکانی سەحوە لە قەزای رەشاد بەناوی حازم ئەلجەوالی و ئەندامێکی ئەنجومەنی قەزایان کوشت، ھێرشیانکردە سەر ھاوکارانی ئێمە و ھێزەکانی سەحوە و سوپای عێراق، ھەروەھا باڵەخانەی دەزگاکانی حکومەتیان تەقاندەوە و ھەوڵیاندا بوونی خۆیان لە ناوچەکانمان زیاتر بکەن و بە رێنمایی کەسی یەکەمی رێکخراوی قاعیدە ئەیمەن زەواھری ھەوڵیاندا ئێمە بچینە ریزەکانیان و بەرپرسەکانمان بکوژن و سزایان بدەن، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی لەبەرامبەریان بوەستینەوە و بۆسەیان بۆ دابنێین و سەرکردەکانیان بکوژین."

عەبدولڕەحمان ئاشکرایکرد  تا ئێستا ١٥ سەرکردەی قاعیدەیان لە چوار شەڕ و تێھەڵچووندا کوشتووە بەناوەکانی ساڵح ئەلسەلوی، شەحازە ئەلجەوالی، ئەبو ئەیمەن ئەلشامی، ئەبو عەدنان ئەلتەلەعفەری و ژمارەیەکی دیکەیان، بێجگە لەوەی ھاوکاریی سوپای عێراقیان کردووە بۆئەوەی قاعیدە لەناوچەکەدا  دەرپەڕێنن "چونکە ئەوان گروپێکن خۆیان فەرز دەکەن و خێر و خۆشیان بۆ ئەو شوێنە پێنیە کە تێیدا دەبن" ئەلشاھری وایگوت.

لە لایەکی دیکە ئەبو عەبدوڵڵا ئەلعەبز، یەکێ لە بەرپرسانی گروپی نەقشبەندی ئاشکرایکرد کە رێکخراوەکەیان سۆفیگەرییە وعزەت ئیبراھیم جێگری سەدام حوسێن لەسەردەمی حوکمڕانی بەعسدا، سەرۆکایەتی دەکات. ئەلعەبز گوتی: "گروپەکەمان ھیچ کەسێ لەسەر گومان و کافربوون ناکوژێ، تەنیا بە دادپەروەریی نەبێ، دوای رووداوەکانی حەویجە تۆڵەمان لە سوپای عێراق کردەوە و لە دژی ھێزەکانی ئەمریکا جەنگاین، بەر لە رێکخراوی قاعیدە بەھۆی مەترسی چالاکیەکانمان لەدژی داگیرکاران کراینە ئامانج؛ بەڵام رێکخراوی قاعیدە بە پیلان دەستی بە کوشتنی سەرباز و پۆلیس و کەسایەتی سیاسی و ئیداریی کرد بۆئەوەی لە دەڤەرەکە بڵاو ببنەوە و پشتگیریی بۆ خویان پەیدا بکەن."

عەبدوڵڵا زیاتر گوتی: "قاعیدە مامۆستا و پۆلیس و ھێزەکانی سەحوەیان کردە ئامانج،  حەفتەی رابردوو دوو لە ئەندامانی ھێزەکانی سەحوەیان رفاند کە برابوون و کوشتنیان. ئێمە ئێستا ھاوکاریی سوپای عێراق لە دژی قاعیدە دەکەین چونکە ئەوان قاتڵن و خێر و  خۆشییان ناوێ و ئامانجیان دروستکردنی پشێوییە، ئەوان گروپێکی جیھادی گۆڕانخواز نین بەڵکو گروپێکی وێرانکارن و ئامانجیان لەناوبردنی سوننەی عێراقە."

یەکێ لە بەرپرسانی پلە بەرزی فەرماندەی فیرقەی دووازدەی سەر بە سوپای عێراق ئەوە دووپات دەکاتەوە کە ناکۆکی و شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان گروپە چەکدارەکان، بووەتە ھۆی کەمبوونەوەی ھێرشکردنە سەر سوپا و شاری کەرکوک. بەڵام جەختیکردەوە رێکخراوی قاعیدە مەترسی ھەرە گەورەیە لەسەر عێراق و عەشایرەکانی عێراقیش گەورەترین ھێزن کە بتوانن قاعیدە لە وڵات کۆتایی پێ بێنن.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لەپارێزگای کەرکوک رایگەیاند: "ژمارەیەک لە گەنجانی عەرەب سەر بە عەشیرەتەکانی جەوالە و بۆریاش چوار بەرپرسی پایە بەرزی قاعیدەیان لە ناوچەی (ئەبو خەناجر) لە نزیک گوندی (الرش)ی باشووری کەرکووک کوشتووە. ئەو ھێرشەی گەنجانی جەوالە و بوریاش لە تۆڵەی ئەوە بوو رێکخراوی قاعیدە دەڤەرەکەیانی کردووە بە گۆڕەپانی چالاکی و شەڕ و پێکدادان و زیانێکی زۆریان گەیاندووەتە ئەو دەڤەرە ئەمە جگە لەوەی دەڤەرەکەیان بۆتە گۆڕەپانی پێکدادانی نێوان قاعیدە و ئەنسارسوننە."

سەرچاوەکە ئەوەشیڕاگەیاند ئەو شوێنەی گەنجانی بوریاش و جەوالە ھێرشیان کردووەتە سەر، وەک بارەگای سەرەکی کار و چالاکییەکانی قاعیدە بەکاردەھێنرا.

فەریق روکن عەبدولئەمیر زەیدی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە گوتی: "لە چوارچێوەی پلانەکانی ھێزە چەکدارەکان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی، بڕیارمانداوە ھەر کەسێکی داواکرو لەلایەن ھێزە ناوخۆییەکانەوە بە مەرجێک دەستی لە خوێنڕشتن و پێشێلکردنی مافی کەسی دا نەبێ و لەلایەن شێخی عەشیرەتێک یان کەسایەتی و موختاری گوندێکەوە کەفالەت بکرێ، لێخۆشبوونی بۆ دەردەکرێ و لەلایەن ھێزە ئەمنیەکانەوە بەدواداچوونی بۆ ناکرێ."

ھەروەھا گوتی: "ئێمە لە ئۆپەراسیۆنەکانماندا چەند ئامانجێکی دیاریکراومان ھەیە، بەڵام ھێشتا ترسی زۆرمان لە رێکخراوی قاعیدە ھەیە لەبەر ئەوەی لە دەڤەرەکانی حەویجە، ریاز، زاب و باشوور و رۆژئاوای کەرکووک ھەن ئەمەش کاریگەریی لەسەر سنووری پارێزگای کەرکوک دەبێ، ئێمە لەگەڵ عەشیرەتەکانی دەڤەرەکە لە پەیوەندیی توندوتۆڵداین."

لەلایەکی دیکە لیوا روکن محەمەد دلێمی، فەرماندەی فیرقەی دوازدەی سوپای عێراق گوتی: "ئێمە زۆر ماندوو دەبین  لەبەرامبەر ئەو کردەوانەی لە دژی سوپا و پۆلیس و ھێزەکانی سەحوە ئەنجام دەدرێن، وەزارەتی بەرگریی لە پشتگیریکردنی ھێزەکانی سەحوە بەردەوام دەبێ و موچەی ئەندامانی سەحوەی لە ٢٦٠ ھەزار بۆ ٥٠٠ ھەزار دینار بەرزکردەوە و موچەی ئەفسەرەکانیشی کردووەتە ٧٥٠ ھەزار دینار، ھەروەھا ژمارەیەکی دیکەی ھاووڵاتیانی ئەو ناوچەیە لەریزەکانی سەحوە دادەمەزرێنێ."

ھەروەھا ئەبو عەدنان ئەلجبوری، فەرماندەی ھێزی سەحوە لە حەویجە گوتی: "چەند فتوا و نووسراوێکی رێکخراوی قاعیدەمان دەستکەوتووە تێیدا پاداشت بۆ ھەر کەسێک دانراوە کە بەرپرسێکی ئەمنی یان ھێزەکانی سەحوە بکوژێ."

عەلی سالح ئەلجبوری، سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای حەویجە دووپاتیکردەوە رێکخراوی قاعیدە دوای رووداوەکانی ھێرشکردنە سەر گۆڕەپانی مانگرتووان لە حەوێجە و پشتگیرینەکردنی حکومەت لە دەڤەرەکە بەھێزبوو، داوای لە ھێزەکانی سوپا و پۆلیس کرد ئۆپەراسیۆنی پێشوەختە لە دژی ئەو گروپانە ئەنجام بدەن کە بە ئارەزووی خۆیان خەڵک کافر دەکەن "ئیسلام لەم جۆرە گروپانە بێ بەری یە."

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın