ئه‌مڕۆ دوا هه‌ڵوێستی شیعەکان بە شاندی هه‌رێم رادەگەیەنرێت
- سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا، فارس عیسا: ''ئه‌مه دوایین كۆبوونه‌وه نییه، به‌ڵام گرنگترین كۆبوونه‌وه‌یه، ئێمه داوای بۆچوونی فه‌رمیمان له لایه‌نه شیعه‌كان كردبوو..."
Arbil
هه‌ولێر - AA
ئەمڕۆ یەکشەممە شاندی دانوستانکاری ھەرێمی کوردستان به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆکردن ده‌رباره‌ی بوودجه و شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بەغدا و پێشبینی ده‌كرێت كۆبوونه‌وه‌یه‌كی یه‌كلاییكه‌ره‌وه ئه‌نجام بدات.
ئێواره‌ی ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندی دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، به سه‌رۆكایه‌تی جێگری سه‌رۆكوه‌زیران، قوباد تاڵه‌بانی و به مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن ده‌رباره‌ی بوودجه و شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی درێژه به كۆبوونه‌وه‌كانی دەدات لەگەڵ لیژنەی دارایی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران.
لەمبارەیەوە سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا، فارس عیسا رایگەیاند كه شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگ ئه‌نجام ده‌دات، چونكه له كۆبوونه‌وه‌ی رابردوودا، سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران راسپێردرا بوو كه له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی شیعه قسه بكات و هه‌ڵویستی فه‌رمیی ئه‌و لایه‌نانه بزانرێت.
فارس عیسا له لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''بڕیاره ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، شاندی دانوستانكاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی جێگری سه‌رۆكوه‌زیران، قوباد تاڵه‌بانی سه‌ردانی به‌غدا بكات به مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه و گفتوگۆكردن، كۆبوونه‌وەی ئەمڕۆ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی دارایی گرنگه و ره‌نگه یه‌كلاییكه‌ره‌وه بێت، چونكه بابه‌تی میزانییه له‌سه‌ر پشكی هه‌رێمی كوردستان ماوه، ئێمه‌ش رووئیا و داتاكانمان داوه‌ته ده‌ست لیژنه‌ی دارایی و چاوه‌ڕوانین كه بۆچوونی فه‌رمیی ئه‌وان وه‌رگرین''.
سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا، فارس عیسا له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه ئایا كۆبوونه‌وەی ئەمڕۆ دوایین كۆبوونه‌وه ده‌بێت له نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا گوتی: ''دوایین كۆبوونه‌وه نییه، به‌ڵام گرنگترین كۆبوونه‌وه‌یه، ئێمه داوای بۆچوونی فه‌رمیمان له لایه‌نه شیعه‌كان كردبوو، چونكه هه‌ر لایه‌نێك بۆچوونێكی تایبه‌تی هه‌بوو، بۆیه سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی، هه‌یسه‌م جبوری راسپێردرا کە له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له ره‌وتی حیكمه، سائیرون و فه‌تح رۆژی هه‌ینی و شه‌ممه كۆببێته‌وه و ئه‌مڕۆش له كۆبوونه‌وه‌كه له‌گه‌ڵ شاندی هه‌رێمی كوردستان بۆچوونی فه‌رمیی باس ده‌كرێت''.
