سياسەت, عێراق

ئایدن مەعروف: "ترسمان ھەیە لەوەی ڕەوشی پێکھاتەکان تێکبدرێت"

وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان ئایدن مەعروف: "لە ڕابردوودا چەند کەسێک لەناو لایەنێک لە هەوڵی تێکدانی ڕەوشی پێکهاتەکان بوونە و ئێمەش بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە ڕێگریی لەم ھەوڵانە بکەین".

Heman Hussein Yaseen  | 05.05.2025 - نوێکردنەوە : 05.05.2025
ئایدن مەعروف: "ترسمان ھەیە لەوەی ڕەوشی پێکھاتەکان تێکبدرێت"

Arbil

هەولێر - AA

وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ئایدن مەعروف سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاریی کرد کە تێیدا نوێنەری ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بەشداربوون و گفتوگۆ لەبارەی ڕەوشی پێکھاتەکان لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان-عێراق کرا.

لە کۆبوونەوەکە نوێنەرانی پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان بەشداربوون و ئامانج لێی لەبەرچاوگرتنی مافی پێکھاتەکان بوو لە کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێم و تێیدا دابەشکردنی پۆستە حکوومییەکانیان لەسەر بنەمای ناوچەیی ڕەتکردەوە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ئایدن مەعروف تیشکی خستەسەر ئامانج و ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە و گوتی: "لەم کۆبوونەوەیەدا مەبەستمان بوو لە نزیکەوە چاودێری ڕەوشی پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بکرێت و لەسەر چەند خاڵێک گفتوگۆمان کرد کە تایبەت بوو بە داھاتووی پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان".

ئایدن مەعروف گوتیشی: "تیشکخرایە سەر ئەوەی کە لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێم وەکو نەتەوە مامەڵە لەگەڵ پێکھاتەکان بکرێت نەک لەسەر بنەمای سیستەمی کۆتا و لەسەر بنەمای ناوچەیی، چونکە دابەشکردنی پۆستەکان لەسەر بنەمای ناوچەیی کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕەوشی پێکھاتەکان دروست دەکات، ھەروەھا ترسمان ھەیە لەوەی ڕەوشی پێکھاتەکان تێکبدرێت و لە ڕابردوودا چەند کەسێک لەناو لایەنێک لەم ھەوڵەدابوونە و ئێمەش بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە ڕێگریی لەم ھەوڵانە بکەین".

ھەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، ئایدن مەعروف بە پێویستی زانی کە مێژووی پێکھاتەکان بە نەوەی داھاتوو ئاشنا بکرێت و لەمبارەیەوە گوتی: "یەکێک لەو داواکارییەی لە کۆبوونەوەکە جەختی لەسەرکرایەوە بریتییە لەوە کە مێژووی پێکھاتەکان بخرێتە نێو پڕۆگرامی خوێندن بۆ ئەوەی نەوەی ئایندە ئاشنای کلتوور و مێژووی پێکھاتەکان بێت".

ئایدن مەعروف گوتیشی: "ھاوکات جەختیش لەوە کرایەوە کە گرنگە پێکھاتەکان لە کابینەی نوێ، نوێنەرایەتییان لە دەستەی سەرۆکایەتییەکانی وەک، سەرۆکایەتی ھەرێم، سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ھەبێت".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن