ئامۆزایەکی تاڵەبانی: مام جەلال نەمردووە و زۆریش ھۆشیارە
ئامۆزایەکی سەرکۆماری عێراق جەلال تاڵەبانی دەڵێ تاڵەبانی لەژیاندا ماوە و رۆژانە رۆژنامە دەخوێنێتەوە و سەیری تەلەڤزیۆن دەکات.
ھەولێر
لەدیدارێکدا لەگەڵ AA، ئامۆزای جەلال تاڵەبانی سەڵاح شێخ شەرەف دەڵێ کوڕێکی خۆی لەنەخۆشخانە لەگەڵ تاڵەبانی دایە لەئەڵمانیاو لەڕێی ئەوەوە رەوشی تەندروستی دەزانێ.
سەڵاح دەڵێ مردنی تاڵەبانی ناشارنەوەو ھەر کات ئەوە روویدا ئاشکرای دەکەن، بەڵام ئێستا زیندووەو ھەڵسوکەوتی رۆژانەی ئاساییە.
بۆ جەختکردنەوە لەڕاستی ھەواڵی تەندروستی تاڵەبانی سەڵاح گوتی: "کوڕێکی خۆم بەناوی شاڵاو ئەفسەرە لە سکرتارێتی مام جەلال و ئێستا لە بەرلینە خزمەتی مام جەلال دەکات، زوو زوو ھەواڵی تەندروستیی ئەومان پێدەدات."
سەڵاح شێخ شەرەف، رۆژی دووشەممە لە شاری کۆیە لەماڵی خۆیان قسەی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کردو بەو پەڕی بڕوا بەخۆبوونەوە باسی تەندروستی مام جەلالی کرد.
لەبارەی تازەترین ھەواڵی تەندروستی مام جەلال سەڵاح گوتی: "بۆ زیاتر دڵنیابوون لە تەندروستیی مام جەلال، دوو سەعات بەر لە ئەنجامدانی ئەم دیدارەم لەگەڵ ئێوە، پرسیاری رەوشی تەندروستی مام جەلالم کرد لە کوڕەکەم، ئەویش گوتی تەندروستی زۆر باشە."
سەڵاح لەسەر زاری کوڕەکەی ئاشکرایکرد مام جەلال رۆژانە سەیری تەلەڤزیۆن دەکات و رۆژنامەیش دەخوێنێتەوە، ھەر بەگوێرەی قسەکانی شێخ شەرەف ئەگەرچی تاڵەبانی نەخۆشە، بەڵام ئاگای لە ڕەوشی سیاسی عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەیە.
خراپبوونی رەوشی تەندروستی تاڵەبانی لەڕۆژی ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٢ و دوور کەوتنەوەی لەگۆڕەپانی شێواوی سیاسی عێراق، بووەتە مەتەڵێک و کەس رێ بەراستی ژیانی نابات. ماڵبات و حیزبەکەی کەمترین زانیاریی دەدەن لەبارەی تەندروستی، ھەر چەندە مانگی ئایاری ئەمساڵ، لەڕێی تەلەڤزیۆنەوە چەند وێنەیەکی ئەو لەکاتی مانەوەی لەئەڵمانیا نیشان درا، بەڵام ئەوە نەیتوانی ھەموو چیرۆکەکە بگێڕێتەوە.
ئەو زانیارییانەی لە بارەی تەندروستی تاڵەبانییەوە دەزانرێ، ئەوەندە کەمن تەنانەت ناگەنە ھەر دوو جێگرەکەی لەحیزبەکەیشیدا، ھەروەھا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی، سەرۆکایەتیی کۆمار کە تا ئێستا جێگرەوەی بۆ تاڵەبانی دانەناوە یان سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و چەندین سەرکردەی دیکەی عێراقی وێڕای ھەوڵدانیان بۆ بینینی لەنەخۆشخانە، نەگەیشتوونەتە ھیچ ئەنجامێک.
تاڵەبانی ئێستا لە نەخۆشخانەی چارتی-یە لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، یەکێکە لە گەورەترین نەخۆشخانەکانی ئەوروپا. زیاتر لە ٢٠٠ پرۆفیسۆر و٤٠٠ پزیشکی تێدایە، زیاتر لە ١٠ مانگە تاڵەبانی لەو نەخۆشخانەیەدا لەژێر چاودێریی پزیشکدایە، تەنانەت نەخۆشخانەکەیش ھیچ لەو بارەیەوە نا درکێنێ.
ئامۆزای تاڵەبانی بە توندی ئەو قسانەی رەتکردەوە کە باس لە مردن یان بێ ھۆشبوونی مام جەلال دەکەن، لەو بارەیەوە گوتی: "ھەموو ئینسانێک دەمرێت، مردنی مام جەلال ناشارینەوە کەس نایشارێتەوە، بۆ چی بیشارینەوە؟ بەڵام ئێستا مام جەلال زۆر ھۆشیارە و لە بێ ھۆشیدا نییە وەکو خەڵک دەڵێن."
سەڵاح شێخ شەرەف ھۆکاری نەخۆش کەوتنی مام جەلالیشی گێڕایەوە بۆ تەمەنی زۆری کە خۆی لە ٨٠ ساڵە و ھەروەھا ماندووبوونی، دەشڵێت: "مام جەلال لە ژیانیدا زۆ ھیلاک بوو بەتایبەت لە سیاسەت. ھەروەھا ئەو نەشتەرگەرییانەشی بۆی کراون بەپێی قسەکانی ئەو شوێنەواری ھیچ مادەیەکی خراپ یان ژاراوییان لە جەستەی دەرنەخستووە."
جەلال حوسامەدین تاڵەبانی لە پایزی ١٩٣٣ لەگوندی کەلکان سەر بە قەزای کۆیە لەدایکبووە، لە تەمەنی ١٤ ساڵی پەیوەندیی بە پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەلا مستەفای بارزانی کردووە، لە ١٩٧٥ لەگەڵ چەند سیاسەتوانێکی دیکە، یەکێتی نیشتمانی کوردستانی دامەزراندووە و لە ١٩٧٦ شۆڕشی چەکداریی لەدژی رژێمی بەعس لەعێراق راگەیاند.
تاڵەبانی یەکەمین سیاسەتوانی کوردە تا ئێستا بووەتە سەرکۆماری عێراق، رۆژی ٢٢ی نیسانی ٢٠٠٦ بۆ ئەو پۆستە ھەڵبژێردرا، ساڵی ٢٠١٠جارێکی دیکە بۆ ئەو پۆستە دەست ھەڵبژێردرایەوە.
١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٢ سەرۆکایەتی کۆمار داخڵکردنی تاڵەبانی بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی بەغدا بەھۆی تووشبوونی بە جەڵتەی مێشکەوە راگەیاند. لە ٢٠ی ئەو مانگەش رەوانەی نەخۆشخانەی چاریتی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا کرا و لەو کاتەوە کورسیی سەرۆک کۆماری عێراق چۆڵە.
ئەو نەخۆش کەوتنەی تاڵەبانی یەکەمجار نەبوو، بەڵام درێژترین ماوەی مانەوەیەتی لە نەخۆشخانە، ئەو لە ٢٠٠٧ رەوانەی نەخۆشخانەی حوسێنی پزیشکی کرا لەوڵاتی ئوردن. چەند حەفتەیەک لەوێ مایەوە، پاشان رەوانەی مایۆکلینیک لە ئەمریکا کرا، رۆژی ١٧ی حوزەیرانی ٢٠١٢ نەشتەرگەریی چۆکی بۆکرا و پاش سێ مانگ گەڕایەوە ھەرێمی کوردستان.
سەڵاح شێخ شەرەف، ئامۆزای جەلال تاڵەبانی لەدایکبووی ساڵی ١٩٤٨ی گوندی کەلکانی سەر بە قەزای کۆیە نزیک دەریاچەی دوکان، ھەمان ئەو گوندەی مام جەلال تێیدا لەدایکبووە، ماوەی چەند ساڵێ قایمقامی کۆیە بووە و ماوەیەکیش پارێزگاری ھەولێر، ئێستا لەشاری کۆیە نیشتەجێبە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
