سلێمانی.. بەرز راگرتنی شەوی قەدر
شەوی قەدر كە تیایدا قورئانی پیرۆز دابەزیوە، بە شەوی كرانەوەی دەرگای ئاسمانەكان و قبوڵبوونی تەوبە دادەنرێت و تاكە شەوە كە لە قورئانی پیرۆزدا ناوی هاتبێت.

As Sulaymaniyah
سلێمانی - AA
ساڵانە و لە دە شەوی كۆتایی مانگی رەمەزان بە تایبەت لە شەوی ٢٧ی رەمەزان ژمارەیەكی زۆری موسڵمانان لە مزگەوتەكان دەمێننەوە و تا كاتی پارشێو سەرقاڵی پەرستش و نوێژ و زیکرەکان دەبن.شەوی قەدر كە لە ئایینی ئیسلامدا پەرستشەكانی لە پەرستشی هەزار مانگ زیاترە، بەپێی زۆرینەی بۆچوونەكان ئەم شەوە دەكەوێتە شەوی ٢٧ی رەمەزانەوە.
شەوی قەدر كە تیایدا قورئانی پیرۆز دابەزیوە، بە شەوی كرانەوەی دەرگای ئاسمانەكان و قبوڵبوونی تەوبە دادەنرێت و تاكە شەوە كە لە قورئانی پیرۆزدا ناوی هاتبێت.
لەسەرتاسەری جیهاندا موسڵمانان گرنگیی زۆر بە پەرستشی شەوی قەدر دەدەن و مزگەوتەكان ئاوەدان دەكەنەوە تا بێبەش نەبن لە خێری ئەو شەوە. ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵی پار ، شەوی قەدر هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەو هۆیەوە رێکاری پێویست لە زۆربەی شوێنەکان گیراوەتەبەر و مسوڵمانانیش لە مزگەوتەکان ناچارن ئەو رێکارە تەندروستییانە بگرنەبەر، لەوانە دوورکەوتنەوە لەیەکتر لەکاتی ئەنجامدانی نوێژەکان، بەکارهێنانی بەرماڵی تایبەت لە کاتی سەردانیکردنی مزگەوتەکان و دەستنوێژ هەڵگرتن لە ماڵ و پێش چوونە مزگەوت.
لە شاری سلێمانی وەک نەریتی زۆربەی مسوڵمانانی جیهان زۆربەی مزگەوتەکان بەهۆی شەوی قەدرەوە پڕ بوون لە زیکرخوێنان و ئەوانەی بەدیار دابەزینی رەحمەتی یەزدانەوە رۆژ دەکەنەوە لەو شەوەدا.
مزگەوتی دارولسەلام یەکێکە لە مزگەوتەکانی شارەکە و بەشێکی زۆری مسوڵمانان بۆ شەوی قەدر لەو مزگەوتەدا مانەوە تاکو زیکری تایبەت بەو شەوە بکەن. دوای ئەنجامدانی سوننەتەکان هاووڵاتیان پارشێویان کرد و چوونەوە ماڵەکانیان.
دکتۆر عیرفان رەشید پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتەکە لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە گرنگی شەوی قەدر کرد و داوای کرد کە مسوڵمانان دوای رەمەزانیش پابەندبن بە رێنمایی و ئەرکە ئاینییەکان تاوەکو زیاتر هەست بە پاک بوونەوە بکەن.
لەم ساڵدا زۆرترین نزا بۆ رزگاربوونی مسوڵمانان لە پەتای جیهانیی کۆرۆنا کرا. هاوکات یەکێک لە بەشداربووانی مەراسیمی شەوی قەدر هاووڵاتیەک بوو بەناوی لیوا محەمەد ئەو نزای دەکرد کە ئاشتەوایی باڵ بکێشێت بەسەر وڵات و تەبایی نێو حیزبەکان بەرجەستە ببێت تاوەکو هاووڵاتیان و مسوڵمانانی کوردستان بە خۆشی بژین دوور لە شەڕ.