دوو مزگەوتی سلێمانی ڕۆژانە ههزار ژەمە بەربانگ بەسەر ڕێبوارانی دەرەوەی شاردا دابەش دەکەن
As Sulaymaniyah
سلێمانی - AA
لە شاری سلێمانی مزگەوتی ئەلڕەقیب و مزگەوتی گەورەی کەنەسوورە دەستپێشخەرییەکی خێرخوازییان دەستپێکرد بۆ دابینکردنی ژەمەکان بۆ ھاووڵاتیان و ڕێبوارانی سەر ڕێگاکە کە ناتوانن لە کاتی خۆیدا بگەڕێنەوە ماڵەوە بۆ بەربانگ بەتایبەت ئەوانەی گەشت دەکەن بۆ دەرەوەی شار.
لەم پڕۆژەیەدا ڕۆژانە لە ناحیەی عەربەت لەسەر ڕێگای سلێمانی - گەرمیان - هەڵەبجە، هەزار کێکی جۆری سمیت، خورما و ئاو بەسەر شۆفێر و سەرنشیناندا دابەش دەکرێت.
سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە و پێشنوێژ و گوتارخوێن، مامۆستا عەتا ئەمین ڕەشید، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە وردەکاریی کارەکەیان کرد و گوتی: "لە ساڵی ڕابردووەوە دەستمان بەو پڕۆژەیە کردووە، تا ١٤ی ڕەمەزان ڕۆژانە ٤٠٠ لەفەمان ئامادە دەکرد بە شەربەت و ئاوەوە، دوای ئەوە گۆڕیمان بۆ ئەم کێکە سمیتە لەگەڵ ئاو و خورما، بۆ ئەوەی بتوانین بڕەکەی زیاد بکەین و کردمان بە هەزار بەش، تاوەکو ئێستاش سوپاس بۆ خوا بەردەوامین".
سەبارەت بە شێوازی کارکردنی گەنجان و دابینکردنی تێچووی پڕۆژەکە، مامۆستا عهتا ئاماژەی بەوە کرد کە کارەکە لەسەر دوو کۆڵەکەی سەرەکی وەستاوە و، گوتی: "گەورەیی ئیشەکە لەوەدایە دوو کۆڵەکەی زۆر گرنگی هەیە، یەکەمیان، خێرخواز پارەکە ئامادە دەکات، ئێمەش ئاو، خورما و جۆری سمیتەکەی پێ دەکڕین. دووەمیشیان، گەنجانی مزگەوتی کەنەسوورە و مزگەوتی ئەلڕەقیب کە شەوانە ٧ بۆ ١٠ گەنج دەبن، توانیوویانە ٣ هەزار دەنک خورما بکەنە ناو هەزار قاپی بچووکەوە. لە کاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆوە تاوەکو عەسر، کۆمەڵە گەنجێکی دیکە خورما و سمیت و ئاوەکە دەخەنە ناو زەرفەکانەوە و بار دەکرێت".
مامۆستا عەتا گوتیشی: "لە کاتەکانی ئێواراندا، شەش بۆ هەشت گەنجی خۆبەخش ئامادە دەبن و بەڕێدەکەون بۆ عەربەت و لەوێ نیو کاتژمێرێک پێش بەربانگ، دەبنە چوار گرووپ و دەست بە دابەشکردنی زەرفەکان دەکەن بەسەر ڕێبوار و گەشتیاراندا".
