خورما خواردنە گرنگ و سەرەکییەکەی بەربانگ لە مانگی رەمەزاندا
خورما چەند جۆرێکی هەیە و خەڵکیش بەپێی جۆرەکان خواستی کڕینی خورمایان هەیە و لەئێستادا، جۆری برێم لە هەموو جۆرەکانی دیکە زیاتر خواستی لەسەرە.
Arbil
هەولێر - AA
خورما وەک سەرەکیترین خواردن لە مانگی رەمەزاندا، زۆرترین خواستی لەسەرە و بەشێک لە ھاووڵاتییان وەک پەیڕەوکردنی سوننەت و بەشێکیش وەک چارەسەری پزیشکی پێناسەی دەکەن، بەوهۆیەوەشەوە لەم مانگەدا هاوردەکردنی خورما لە شارەکانی دیکەی عێراق و دەرەوە بۆ هەرێمی کوردستان زیاد دەبێت.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە بازاڕی سەوزە و میوەی هەولێر دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، بۆ ئەم مانگە نزیکەی دوو هەزار تۆن خورما هاوردەی بازاڕی سەوزە و میوەی هەولێر کراوە، بەجۆرێک هەزار تۆن لە دەرەوەی عێراق و هەزار تۆنیش لە شارەکانی خوارووی عێراق.
خورما چەند جۆرێکی هەیە و خەڵکیش بەپێی جۆرەکان خواستی کڕینی خورمایان هەیە و لەئێستادا، جۆری برێم لە هەموو جۆرەکانی دیکە زیاتر خواستی لەسەرە.
خاوەن کۆگا لە بازاڕی سەوزە و میوەی هەولێر، هێرش سەباح لەبارەی جۆرەکانی خورما و خواستی هاووڵاتییان لەم مانگەدا، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "خورما جۆرەکانی زۆرن، ئەوانەی ئێستا لە بازاڕەکان هەن بریتیین لە جۆرەکانی، برێم، خەرمووش، بەڕعی، عەجوە، ئیبن عامودی، عەشرەیی ستڵ، مەریەم، هەروەها جۆرەکانی فەڵەستینی و سعوودیش هەیە".
بەگوتەی هێرش سەباح خورمای فەڵەستینی نرخی لە هەموویان بەرزترە، بەڵام هاووڵاتییان زیاتر خواستیان لەسەر جۆری برێمی عێراقی هەیە ئەوەیش بەهۆی کەمی نرخەکەیەوە، ئەوەشدەخاتەڕوو کە بەشی هەرەزۆری هاووڵاتییان توانای کڕینی خورمای فەڵەستینییان نییە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو، نرخی خورما لە دەرەوەی بازاڕی سەوزە و میوەی هەولێر، دوو هێندەی ئەو نرخەیە کە لەناو بازاڕی سەوزە و میوەی هەولێر دەفرۆشرێت و بەگوتەی خاوەن کۆگاکان ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بڕێکی کەمتر خورما بکڕن.
هێرش سەباح لەبارەی هاوردەکردنی خورما بۆ ئەمساڵ بەراورد بە پارساڵ گوتی: "ئەمساڵ هاوردەی خورما کەمترە بەراورد بە پارساڵ، هۆکارە سەرەکییەکەیشی بۆ پرسی دارایی هاووڵاتییان دەگەڕێتەوە، چونکە نرخەکان کەمێک گرانترە بەراورد بە پارساڵ، هەندێکجاریش مامەڵەی بازرگانان هۆکارە بۆ ئەوەی بابەتەکان گران بێت، بۆ نموونە لەلای ئێمە یەک کیلۆ خورمای فەڵەستینی بە ١٥ هەزار دینارە، بەڵام لە بازاڕدا بە ٣٣ هەزار دەفرۆشرێتەوە".
خاوەن کۆگایەکی دیکەی بازاڕی سەوزە و میوەی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات سەدان جۆری خورما لە عێراق هەیە، بەڵام ئەوەی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت چەند جۆرێکی کەمن و خەڵک زیاتر خواستیان لەسەر ئەم جۆرانەیە کە هاوردە دەکرێن.
خاوەن کۆگا لە بازاڕی سەوزە و میوەی هەولێر، سالار مەجید بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەگشتی لە عێراق نزیکەی ٣٥٠ جۆر خورما هەیە، بەڵام ئەوەی لە بازاڕەکان هەیە چەند جۆرێکی دیاریکراوە وەکو بەرعی، برێم و عەشرەیی، چونکە خەڵک زیاتر خواستی لەسەر ئەم جۆرە خورمایانە هەیە، هاوکات لە ئێران، سعوودیە و فەڵەستین-یش خورما هاوردە دەکرێت".
سالار مەجید لەبارەی دۆخی بازاڕ و پێشوازی هاووڵاتییان لە بازاڕەکاندا گوتی: "لە مانگی رەمەزاندا، دوو هێندەی مانگەکانی دیکە خورما هاوردە دەکەین، هەرچەندە ئەمساڵ بازاڕ کەمێک سستترە بەراورد بە ساڵانی دیکە، هۆکارەکەیشی پەیوەندی بە گرانبوونی نرخ و دۆخی دارایی هاووڵاتییانەوە هەیە، هاوکات جەژنی نەورۆزیش هۆکارێکی دیکە بوو بۆ ئەوەی خەڵک لە کڕینی خورما و پێداویستییەکانی دیکە درەنگ بکەوێت و پێشبینی دەکەین دوای تێپەڕینی نیوەی مانگی رەمەزان، بازاڕ گەرمتر بێت".
