کۆنگرەی رۆژنامەوانی بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق
بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ، هاوڕێ تۆفیق: - "ئەوانەی تۆماری بایۆمەتری كۆمیسیۆنیان كردووە ژمارەیان دەگاتە ٧٥٠ هەزار كەس لە سلێمانی".

As Sulaymaniyah
سلێمانی – AA
بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ، هاوڕێ تۆفیق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا و لە پەراوێزی كۆبونەوەیەكی تایبەت بۆ نوێنەری رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە بارەی پرسی هەڵبژاردن لە شاری سلێمانی گوتی: "لە رۆژی دەنگدان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەر هاووڵاتییەك كارتی دەنگدانی پێنەبێت مافی بەشداری پڕۆسەكەی نییە ، ئەوانەی تۆماری بایۆمەتری كۆمیسیۆنیان كردووە ژمارەیان دەگاتە ٧٥٠هەزار كەس لە سلێمانی و رێژەكەیان دەگاتە ٦٢،٨ لەسەد، ئەوانەی لە دوای ١١ی ٩ی ٢٠١٧ بەدواوە پڕۆسەكەیان كردووە ئەوا كارتی دەنگدانیان دەكەوێتە دوای هەڵبژاردن و دەتوانن بە كارتە كۆنەكە دەنگ بدەن".
هاوڕێ تۆفیق هەروەها گوتی: "تا ئێستا زیاتر لە ٤٥٠ هەزار كارتی تازەی بایۆمەتریمان دابەش كردووە و نزیكەی ١٥٠ هەزار كارتی بایۆمەتری ماوە كە هاووڵاتییان نەچون بۆ وەرگرتنەوەیان".
بەرپرسەكەی كۆمیسیۆن لەبارەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن گوتی: "هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارە تا رادەیەكی باش لەكەشوهەوایەكی ئارامتردا بەڕێوە دەچێت كە ئەوەش رەنگە پەیوەندی بەچەند هۆكارێكەوە هەبێت لەوانەش دۆخی دارایی و میزاجی خەڵك و تێگەیشتن و هۆشیاری بانگەشەی حزبەكان، ئێمە داوا لە هەموو قەوارەكان دەكەین پابەندی رێنماییەكانی شارەوانی و لیژنەی ئەمنی بن و كەشوهەوایەكی مەدەنیانە بەڕێوە ببەن لە چوارچێوەی یاسادا".
هاوڕێ تۆفیق ئەوەشی گوت "لە سنووری پارێزگای سلێمانی ٣٣ بنكەی دەنگدان بۆ ئاوارەكان كراونەتەوە، ئەوەش دابەش بووە بەسەر ١٠ بنكە بۆ ئەو ئاوارانەی كە بە شێوەی بایۆمەتری خۆیان تۆمار كردووە، ٢٠ بنكەش بۆ ئەوانەی بەهۆی دۆخی ئەمنی راگوێزراون، ٣ بنكەش لەناو كەمپەكانن".
بەرپرسی هەڵبژاردنەكان لە سلێمانی ئاماژەی بەوەش كرد، تائێستا ژمارەیەك سكاڵای حزبەكان لەسەر كاندیدی حزبەكان تۆماركراوە و ژمارەیەك سكاڵاشیان لەسەر ئەو قەوارانە تۆماركردووە كە پێچەوانەی رێنماییەكان بانگەشە دەكەن، بە بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی پێشووش ژمارەی سكاڵاكان كەمترە.
بۆ هەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری داهاتوی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای سلێمانی، ١٨ كورسی هەیە، ١٢ لیست كە ٢١١ كاندیدیان هەیە كێبڕكێی بەدەستهێنانی ئەو كورسییانە دەكەن.
لە رۆژی ١٥ی ئەم مانگەشەوە بانگەشەی ئەو هەڵبژاردنە دەستی پێكردووە و گەرموگوڕی بانگەشەكە لە سلێمانی زیاترە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن