جيهان

کابینەی ئاسایشی ئیسرائیل داگیرکردنی شاری غەززەی پەسەند کرد

Mehmet Nuri Uçar  | 08.08.2025 - نوێکردنەوە : 08.08.2025
کابینەی ئاسایشی ئیسرائیل داگیرکردنی شاری غەززەی پەسەند کرد

Istanbul

ئیستانبوڵ - AA

کابینەی ئاسایشی ئیسرائیل، پلانێکی نوێی پەسەند کرد کە پێشنیاری ئەوە دەکات شاری غەززە لە باکووری کەرتی غەززە داگیر بکرێت.

نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهو، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژە بەوە کرد کابینەی ئاسایش پێشنیارەکەی سەرۆکوەزیرانی پەسەند کرد بۆ داگیرکردنی شاری غەززە.

بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکان، سوپای ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی تەواوی شاری غەززە لە کەرتی غەززە داگیر بکات.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی ئەکسیۆس کە ناوەندەکەی لە ئەمریکایە، بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە ئەو هێرشەی سوپا ئامادەکاری بۆ دەکات تەنیا شاری غەززە دەگرێتەوە و، درێژ نابێتەوە بۆ کەمپی ئاوارەکان یان ناوچەکانی دیکە.

بەپێی لێدوانی ئەو بەرپرسە، ئامانج ئەوەیە تا حەوتی تشرینی یەکەم گشت هاووڵاتیانی مەدەنی ناو شاری غەززە بە زۆرەملێ لە شوێنی خۆیان دەربکرێن و، ڕەوانەی کەمپی ئاوارەکان لە ناوچەکانی ناوەڕاست و دەوروبەر بکرێن. پاشان هێرشی زەمینی ئەنجام دەدرێت دژی ئەندامانی حەماس کە لە شارەکەدا دەمێننەوە و شارەکە بە تەواوی گەمارۆ دەدرێت.

بەگوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامە دیارەکانی ئیسرائیل، یەدیعوت ئەحرەنوت لە کۆبوونەوەی کابینەی ئاسایشدا بەهۆی بەرپرسیارێتیی یاساییەوە وشەی "داگیرکردن" بە تایبەتی بەکارنەهات و، لەبری ئەوە دەستەواژەی "کۆنترۆڵ کردن" بەکارهات.

هەر بەپێی ڕۆژنامەکە، ئەمە بۆ ئەوە کراوە کە بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتیی ڕێگری بکرێت لە دروستبوونی بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆ بەرامبەر هاووڵاتیانی مەدەنی لەو ناوچانەی داگیر دەکرێن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın