
بەیروت
ھەر دوو فڕۆکەوان موراد ئاکپنار و یاریدەدەرەکەی موراد ئاغجا لەناو ئەو فڕۆکە تایبەتەی حکومەتی قەتەر بۆ گواستنەوەیان دابینی کردبوو، چیرۆکی ئەو رۆژانەیان بۆ AA گێڕایەوە کە تێیدا دەستبەسەر بوون لای رفێنەران.
ئاکپنار گوتی: "جارێک نا بەڵکو ھەشت جاران رفێنراین بەردەوام شوێنی ئێمەیان دەگۆڕی، دوای ئەوەی لە فڕۆکەخانە بۆ ھۆتێل بەرێککەوتین بە سێ تا پێنج دەقیقە رفێنراین، لەبەردەم ئەو مینی پاسەی سواری بووین، ئۆتۆمبێلی دیکە وەستا بوون، لە سێ ئۆتۆمبێلدا ١٠ چەکدار ھاتنە خوارەوە. لە دواوەیش سێ ئۆتۆمبێلی دیکە. یەکێکیان یەکسەر لولەی چەکەکەی لەسەر سەری شوفێری مینی پاسەکە دانا، یەکێکیشیان ھەوڵی دا دەرگاکەی بشکێنێ، منیش بە ئینگلیزیی ھاوارم کرد تەقە نەکەن."
ئاکپنار شتێک کە لەبیری نەکردووە دەنگی ژنەکەی بووە کە لەڕێی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵدا کردووە: "لەو رۆژەوەی رفێنراوم تا ئازاد کرام، بیرم لە دەنگی ھاوسەرەکەم دەکردەوە چونکە یەکەمجارمە شتێکی لەم جۆرەم بەسەردا ھات. زۆر بیری دەکەم. داوام لێکرد بە زووترین کات بیبینم و منداڵەکانیشم لەگەڵ خۆی بێنێ."
دەربارەی ساتەکانی رفاندنیشی ئاکپنار دەیگێڕێتەوە: "لەو کاتەی کەسێک ھاتە ناو ئۆتۆمبێلەکەمان گوتی وەرە لەگەڵم، منیش شەبقەکەم لەدەست گرت و چوومە دەرەوە. بینیم لە دەرگای دواوەی مینی پاسکەە ھاوڕێ فڕۆکەوانەکەمیان رفاند. دەترسام شتێک لە ستافی مینی پاسەکە بکەن. بە فڕۆکەوانەکەی دسکەیان گوت لەگەڵمان وەرە. چەکیان لەلای راست و چەپ خستە سەر سەرم. لەو کاتەدا شایەتمانم ھێنا. ئەوانیش گوتیان مەترسە ناتانکوژین. بەر لەوەی دوا گەشتم بە فڕۆکە بکەم خەونم بینی زۆر پێی کاریگەربووم. کاتێ گەیشتینە ئەو شوێنەی لێی گیرسامەوە، پێکەنیم. پرسیاریان کرد بەچی پێدەکەنی. منیش مەسەلەکەم بۆ گێڕانەوە. پێم گوتن زۆر ماندووم، داوام کرد بخەوم."
ئاکپنار درێژەی پێدەدا: "چوار رۆژ جارێ جێگایان پێدەگۆڕین. ھەموو جارێکیش لەنێوان سەعات دوو تا چواری شەو جێگۆڕکێیان پێ دەکردین ، بەمەش نیگەرانیمان زیاتر دەبوو چونکە بە ئۆتۆمبێل زۆر دەگەڕاین دەبوو لەھەر ساتێکدا شتێ رووبدات. کاتێ پرسیارم لێ دەکردن ئێمەتان بۆچی رفاندووە، لە وەڵامدا دەیانگوت خێزانەکانی ئێمەیان رفاندووە. رۆژانی یەکەمین زەحمەت بوو، بەچەک دەیانبردینە سەر ئاو. بەڵام ھیچ جۆرە ئەشکەنجەیەکیان نەداین. لە رادیۆی دەنگی تورکیا گوێم لە ھەواڵەکان دەگرت. لەبەر ئەوەی ئازادکراین زۆر دڵخۆشین. ناتوانم لە خۆشیان ھەستم دەرببڕم. ئەو ئازارەی ئێمە چەشتمان خوا نیشانی دەوژمنەکانیشمی نەدات."
یاریدەدەری فڕۆکەوان موراد ئاغجا، شەش مانگ لەمەوبەر بۆ کارکردن چووەتە ھێڵی ئاسمانیی تورکیا و لەبارەی رفاندن و دەستبەسەر کرانیان گوتی: "لە ناکاو خۆم لە ناوەڕاستی جەھەنەمدا بینی. ھەوڵماندا لەگەڵ کاپتن ئاکپنار ھاوکاریی یەکتر بکەین. باوەڕم بە دەوڵەتی خۆم ھەبوو، بێجگە لەوە ھیچی دیکەمان نەبوو. ھەموو رۆژێک لە خودا دەپاڕامەوە."
لەدوای ئازادبوونیان ھەر دوو فڕۆکەوان ئاکپنار وئاغجا لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان و خێزانەکانیان لە ئیستەنبوڵ پێشوازییان لێکرا. سەرۆکوەزیرانی تورکیا لەگەڵ خێزانی ھەردوو فڕۆکەوانەکە تا بەردەم شوێنی نیشتنەوەی فڕۆکەکەیان چوو بەپیریانەوە. لەگەڵ ھاتنە خوارەویان بە چەپڵەڕێزان پێشوازییان لێکرا، ئەردۆغان پێی گوتن "بەخێر ھاتنەوە".
لەدواین بەشی قسەکانیان بۆ AA ھەر دوو فڕۆکەوان ستایشی ھەریەک لە سەرکۆمار، سەرۆکوەزیران، وەزیری دەرەوەی تورکیایان کرد لەپای کۆشش کردنیان بۆ رزگارکردنیان لەدەستی رفێنەران. ئاکپنار گوتی"دەزانین ھەر ھاووڵاتیەکی تورکیا کاتێ شتێکی بەسەر دێ بەتەنیا بەجێی ناھێڵن".
ئاکپنارو ئاغجا رۆژی ٩ی ئابی ئەمساڵ لەلایەن گروپی زیارەتکارانی ئیمام رەزا لەبەیروتی پایتەختی لوبنان رفێنران و ئێوارەی رۆژی ١٩ی تشرینی یەکەم ئازاد کران و گەڕانەوە تورکیا.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن