جيهان, عێراق

چوارەمین پێشانگا و کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی بۆ زانکۆ و قوتابخانەکان لە ھەولێر کرایەوە

- کۆچەر یونس: "ئەمە چوارەمین پێشانگا و کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی بۆ زانکۆ و قوتابخانەکانە کە تایبەت بە پەروەردە و تەکنەلۆژیایە، لەم پێشانگایەدا ٨٠ کۆمپانیا و قوتابخانە و زانکۆ بەشدارن کە لە بواری پەروەردە کار دەکەن و ماوەی چوار ڕۆژ دەخایەنێت".

Heman Hussein Yaseen  | 21.08.2025 - نوێکردنەوە : 25.08.2025
چوارەمین پێشانگا و کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی بۆ زانکۆ و قوتابخانەکان لە ھەولێر کرایەوە

Arbil

هەولێر - AA

ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی ھەرێم، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری پەروەردەی ھەرێم، ئالان حەمەسەعید و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی حکوومەت و کۆنسوڵخانەی تورکیا لە ھەولێر، چوارەمین پێشانگا و کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی بۆ زانکۆ و قوتابخانەکان لە ھۆڵی پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر کرایەوە.

لە پێشانگاکەدا ژمارەیەک کۆمپانیا و زانکۆ و قوتابخانە لە نۆ وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن و تێیدا پڕۆگرام و بەرھەمەکانییان بۆ ئامادەبووان دەخەنەڕوو ئەمەش بە مەبەستی ڕۆشنکردنی داھاتووی قوتابییان لە چوارچێوەی پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن و ئاشناکردنییان بە زانستەکانی سەردەم.

بەڕێوەبەری گەشەپێدانی مرۆیی لە پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر، کۆچەر یونس لەبارەی کردنەوەی پێشانگاکە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمە چوارەمین پێشانگا و کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی بۆ زانکۆ و قوتابخانەکانە کە تایبەت بە پەروەردە و تەکنەلۆژیایە، لەم پێشانگایەدا ٨٠ کۆمپانیا و قوتابخانە و زانکۆ بەشدارن کە لە بواری پەروەردە کار دەکەن و ماوەی چوار ڕۆژ دەخایەنێت".

کۆچەر یونس گوتیشی: "لەمیانی ئەم چوار ڕۆژەدا، ھەموو زانکۆ و قوتابخانەکانی بەشداربوو، مەبەستیانە ھەموو پێشکەوتنەکانی بواری خوێندن بخەنەڕوو، چاوەڕوان دەکرێت ئەمە کاریگەرییەکی بەرچاوی ھەبێت لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن و داھاتووی قوتابیان لە بواری زانست و تەکنەلۆژیادا".

لە چوارچێوەی پێشانگاکەدا، کۆڕبەندی زانستی بەڕێوەدەچێت و تێیدا کەسانی پسپۆڕ و پەیوەست بە خوێندن و تەکنەلۆژیا و ڕاھێنەرانی پەروەردەیی بەشداردەبن و لەمیانی ئەم چوار ڕۆژەدا لەسەر چەندین تەوەری جیاوازەوە گفتوگۆ دەکرێت و پێشانگاکەش لە کاتژمێر ١١ تا حەوتی ئێوارە بە ڕووی سەردانیکاران کراوە دەبێت.



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن