چاکسازییەکانی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم لە یەمەن
- سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم لە بنیاتنانی دەوڵەتدا پشتی بەستبوو بە پرۆژەی کۆمکاری ئیسلامی بە ئامانجی وەستان بەڕووی تەماعکاریی داگیرکاریی بیانی و جەختیشی دەکردەوە لەسەر قوڵایی عەرەبی، بۆ ئەمیش ژمارەیەک چاکسازیی لە ویلاتە عەرەبییەکان ئەنجام دا.

Istanbul
ئیستانبوڵ - AA
کاتێک سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم جلەوی دەسەڵاتی گرتە دەست، دەوڵەتی عوسمانی بەدەست چەندین کێشە و قەیرانەوە دەیناڵاند.
دوای کۆچی دوایی سوڵتان عەبدولعەزیز (١٨٦١-١٨٧٦) مامی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم لە بارودۆخێکی ناڕووندا – دەگوترێت کوژرا، هەروەها دەگوترێت خۆی کوشتووە-، سوڵتان مورادی پێنجەم جلەوی دەسەڵاتی لە دەوڵەتی عوسمانی گرتە دەست، بەڵام مورادی پێنجەم تەنها ٩٣ رۆژ فەرمانڕەوایی کرد و بەهۆی نەخۆشییەوە نەیتوانی درێژە بە فەرمانڕەوایی بدات و لە دوای ئەو سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم فەرمانڕەوایی کرد تا ساڵی ١٩٠٩.
سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم کاتێک جلەوی دەسەڵاتی گرتە دەست خۆی بەرامبەر قەیرانێکی ئابووریی بینییەوە، هەروەها دەوڵەت بە کاتێکی سەختی بێهێزیدا تێپەڕدەبوو و وڵاتانی ئەورووپاش فشاری توندیان خستبووە سەر دەوڵەت بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی سیاسەتەکانی دەوڵەتی عوسمانی.
لە بەرامبەر ئەم رووەشەدا، سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم کاری دەکرد لە پێناو راستەڕێکردنی باردۆخەکان و دووبارە بنیاتنانەوەی دەوڵەت، عەبدولحەمیدی دووەم بۆ ئەنجامدانی چاکسازی پشتی بە بیرۆکەی کۆمکاری ئیسلامی بەست کە پرۆژەیەک بوو ئامانجی یەکگووتاری موسڵمانان و کۆبوونەوەیان بوو لەژێر ئاڵای خەلافەتی عوسمانی و وەستانیان دژبە تەماعکاری داگیرکاریی ئەورووپی، بیرۆکەی کۆمکاری ئیسلامی هەروەها جەختی دەکردەوە لەسەر قوڵایی ویلایەتە عەرەبییەکان بەوپێیەی کە عەرەبستان رەسەنایەتی ئیسلام و کرۆکێتی، لەم روانگەشەوە سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم هەنگاوی نا بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی لە ویلایە عەرەبییەکانی سەربە دەوڵەتی عوسمانی لەنێویاندا، یەمەن.
سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم بایەخێکی زۆری بە یەمەن دەدا و بەڕێوەبردنی کاروباری یەمەنی سپارد بە باشترین والییەکانی دەوڵەتی عوسمانی لەو سەردەمە کە عوسمان نوری پاشا بوو و پێشتر کاروباری چەندین ویلایەتی دیکەی بەڕێوەبردبوو لەوانە حیجاز کە لەوێ شوێنپەنجەی دیاربوو.
عوسمان نوری پاشا بەوە ناسراوبوو کە خاوەن کەسایەتییەکی باش بوو، تەنانەت مێژوونووسی یەمەنی "عەبدوڵڵا واسعی" ستایشی کردووە لە کتێبەکەی "مێژووی یەمەن" و نووسیویەتی "سەرجەم خەڵکی یەمەن لەسەر ئەوە کۆکبوون کە هیچ والییەکی هاوشێوەی عوسمان نوری پاشا نەهاتووە یەمەن"، مێژوونووسی یەمەنی "عەبدوڵڵا واسعی"، هەروەها خسڵەتەکانی عوسمان نوری پاشا لە خاکێتی و ساکاری ژیان باس کردووە و باسی لەوە کردووە کە عوسمان نوری پاشا مووچەکەی بە هەژاران دەبەخشی و کەسێکی سادە بوو بە رێگاکان لەگەڵ هاووڵاتییاندا بەبێ پاسەوان هاتوچۆی دەکرد، پێچەوانەی والییەکانی دیکەی سەردەمی خۆی و دژی گەندەڵی جەنگاوە و لە سەردەمی ئەودا ئارامی و ئاسایش و سەقامیگیری باڵی بەسەر یەمەندا کێشابوو و ئاژاوە کۆتایی پێهاتبوو.
دکتۆر محەمەد بن عەبدوڵڵا ئال زولفە لە میانی توێژینەوەیەکدا بەناونیشانی "چاکسازییە ئاواکارییەکان لە ویلایەتە عەرەبییەکان لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیددا" باسی لەو کارانە کردووە کە والی عوسمان نوری پاشا بۆ یەمەنی ئەنجام داون لەوانە؛ بنیاتنانی چەندین قەڵا، دامەزراوەی تەندروستی، شوێنی حەواندنەوەی رێبواران (موسافیرخانە)، نەخۆشخانەیەک بۆ چارەسەرکرنی ئەو نەخۆشییانەی کە لەو سەردەمەدا پێیان دەگوترا نەخۆشییە بیانییەکان و دامەزراندنی یەکەمین قوتابخانەی پیشەیی، هەروەها دامەزراندنی ژمارەیەک بارەگای میری لە شاری سەنعا.
لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمدا، پرۆژی بەندەری حودەیدە لەسەر کەناری دەریای سوور ئەنجامدرا کە دەوڵەتی عوسمانی بۆ ئەو مەبەستە گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانییایەکی ئیتاڵی واژوو کرد بۆ بنیاتنانی بەندەرەکە بە شێوازێکی پێشکەوتوو، ئەوەیش بە مەبەستی راكێشانی بازرگانی بۆ بەندەرەکانی یەمەن دوای گەشەکردنی بازرگانی لە بەندەری عەدەن کە لەژێر داگیرکاریی بەریتانیادا دابوو و سەرجەم بازرگانی یەمەن رووی تێکردبوو.
هەروەها پرۆژەیەکی دیکەیش هەبوو ئەویش بەستنەوەی یەمەن بوو بە حیجاز لە رێگای هێڵی ئاسینینی دیمەشق-حیجاز کە خاڵی کۆتایی هێڵەکە شاری مەدینەی پیرۆز بوو، ئامانجی پرۆژەکە ئەوەبوو کە شاری مەدینە بە شاری حودەیدە ببەسترێتەوە لەوێشەوە بەرەو سەنعا، سەعددە، نەجران دواتر ئەبها و عەسیر و جارێکی دیکە بەرەو حیجاز، دکتۆر محەمەد بن عەبدوڵڵا ئال زولفە لە میانی توێژینەوەکەیدا بەناونیشانی "چاکسازییە ئاواکارییەکان لە ویلایەتە عەرەبییەکان لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیددا" باسی لەوە کردووە، کاتێک سەردانی شاری حودیدەی کردووە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، بڕێکی زۆر ئاسنی ئەو سەردەمەی بینوە کە ئامادەکرابوو بۆ راکێشانی هێڵە ئاسنینییەکە.
هەروەها لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم چەندین دامەزراوەی ئاواکاری لە شاری ئەبها پایتەختی عەسیر بنیاتنران، گرنگترینیان پردێک کە بەشی باکووری شارەکە بە بەشی باشووری شارەکە دەبەستیتەوە لەسەر دۆڵی گەورەی ئەبها کە شارەکە لێک جیادەکاتەوە.
لەنێو ئەو والییانەی کە سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم بەڕێوەبردنی کاروباری یەمەنی پێساردن، حوسێن حلمی پاشا بوو کە زانست و زانایانی خۆش دەویست بۆیە بەڕێوەبەرایەتی مەعاریف (پەروەردە) و خانەی مامۆستایانی دامەزراند، هەروەها خوێندنی کرد بەزۆرەملێ لە یەمەن و رێزی لە زانایان گرت بەمەیش خشتی یەکەمی دانا بۆ پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە یەمەن.
هەرچەند دکتۆر فاروق عوسمان ئەبازە لە کتێبەکەی "فەرمانڕەوایی عوسمانییەکان لە یەمەن ١٨٧٢-١٩١٧" زۆر بەتوندی هێرشی کردووەتە سەر دەوڵەتی عوسمانی، لەگەڵ ئەوەیشدا باسی لەو کارە باشانە کردووە کە والییە عوسمانییەکان لە یەمەن ئەنجامیان دابوو.
دکتۆر فاروق عوسمان ئەبازە ئاماژە بەوە دەکات کە والی یەمەن، حوسێن حلمی پاشا دەستەیەکی پێکهێنابوو لە زانایان و سیاسەتمەداران بە مەبەستی پرس و راوێژ سەبارەت بە ئاراستە و رێڕەوی ئەنجامدانی چاکسازی و سەرۆکی دەستەکە کتێبخانەیەکی گەورەی دروست کرد کە ژمارەیەک زۆر کتێب، سەرچاوە و دەستنووسی لەخۆگرتبوو. حوسێن حلمی پاشا، هەروەها لە دەستی ئەو کارمەندانەی دەوڵەتی دا کە گەندەڵ بوون و بەرتیلیان وەردەگرت و هەڵمەتێکی ئەنجام دا بۆ خاوێنکردنەوەی دامودەزگای دەوڵەت لە گەندەڵی.
هەرچەند والی عەبدوڵڵا پاشا وەک والییەکەی پێشخۆی (حوسێن حلمی پاشا) نەبوو لە ئەنجامدانی چاکسازیی، بەڵام ئەویش ژمارەیەک کاری ئەنجام دا لەوانە راکێشانی هیڵەکانی تەلگراف لەنێوان شارە گرنگەکانی یەمەن لەنێویاندا شاری سەنعا.
سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم تەنها بایەخی بە هاووڵاتییانی ناوخۆیی یەمەن نەدەدا، بەڵکو بایەخی بەو یەمەنیانەش دەدا کە لە دەرەوەی سنووری ویلایەتەکانی یەمەن بوون، بۆ نموونە سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم قوتابخانەی هۆزە عەرەبییەکانی لە شاری ئیستانبوڵ دامەزراند کە قوتابخانەیەکی بەشەناوخۆیی بوو لە پێناو فێرکردنی قوتابییانی عەرەب کە لەنێویاندا قوتانی یەمەنیش هەبوون، ماوەی خوێندن لەو قوتابخانەیە پێنج ساڵ بوو و دەوڵەتی عوسمانی سەرجەم خەرجییەکانی قوتابییانی قوتابخانەکەی لە ئەستۆ گرتبوو و هەر قوتابییەک هەر دووساڵ جارێک مۆڵەتێکی پێ دەدرا بۆ ئەوەی سەردانی کەسوکاری بکات و خەرجی سەردانەکەش لەلایەن دەوڵەتەوە دابین دەکرا.
سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم سەرکەوتوو بوو لە ململانێی لەگەڵ بەریتانیا لە یەمەن هەروەک مێژوونووسی میسری، محەمەد حەڕب ئاماژەی پێ دەدات لە کتێبەکەی بەناوی " سوڵتان عەبدولحەمید دواهەمین گەورە سوڵتانی عوسمانییەکان" کە توانی فیرقەیەکی سەربازیی لە یەمەن دابمەزرێنێت کە ژمارەی سەربازانی فیرقەکە هەشت هەزار سەربازبوو و سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم زۆر بایەخی بەو فیرقەیە دەدا، بۆیە بەناوبانگترین فەرماندەکانی سوپای دەوڵەتی عوسمانی ناردە یەمەن بۆ فەرماندەێتیکردنی فیرقەکە.
ئەو چاکسازییانەی کە سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم لە یەمەن ئەنجامی دا چاکسازی گەورەبوون بەراورد بەو ماوەیەی کە دەسەڵاتی تیادا گرتەدەست (١٨٧٦-١٩٠٩) و بەراورد بە رەوشی یەمەن کە جەنجاڵ بوو بە شڵەژان و ململانێ، هەروەها بەراورد بە قەبارەی ئەو کۆسپ و تەگەرانەی کە بەرەوڕووی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم بووبوونەوە هەر لە سەرەتای وەرگرتنی دەسەڵات تا لادانی لە خەلافەتی دەوڵەتی عوسمانی، لەگەڵ ئەوەیشدا هەوڵەکانی ئەنجامدانی چاکسازیی جیددیی لە ئومەتی ئیسلامدا لەو سەردەمەدا بۆ ئەو هەژمار دەکرێن.