جيهان

چاوشئۆغلو: "پێمان وایە رووداوکەی زاخۆ لەلایەن رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە ئەنجام دراوە"

وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو: "بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سوپای تورکیاوە بەدەستمان گەیشتوون، هیچ جۆرە ئۆپەراسیۆنێک بۆسەر هاووڵاتییانی مەدەنی ئەنجام نەدراوە".

Mehmet Şah Yılmaz  | 21.07.2022 - نوێکردنەوە : 22.07.2022
چاوشئۆغلو: "پێمان وایە رووداوکەی زاخۆ لەلایەن رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە ئەنجام دراوە"

Ankara

ئەنقەرە – AA

وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی ئەو هێرشەی کرایە سەر پارێزگای دهۆک رایگەیاند "هەموو جیهان دەزانێت تورکیا هەرگیز ئۆپەراسیۆنی بۆسەر هاووڵاتییانی مەدەنی ئەنجام نەداوە. بە رەچاوکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئێمە بەردەوامین لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دوای ئەو هەواڵە کە دوێنێ بڵاو کرایەوە، راستەوخۆ کەوتینە پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمان، ئاڵوگۆڕی زانیاریمان کرد و بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سوپای تورکیاوە بەدەستیمان گەیشتوون، هیچ جۆرە ئۆپەراسیۆنێک بۆسەر هاووڵاتییانی مەدەنی ئەنجام نەدراوە".

مەولود چاوشئۆغڵو لە میانی بەشداریکردن لە پەخشی راستەوخۆی "TRT Haber"دا، وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی ئەو هێرشەی کرایە سەر پارێزگای دهۆک گوتی: "سەرەتا داوای لێخۆشبوون بۆ ئەو نۆ خوشک و برایەمان لە خوا دەکەم کە کۆچی دواییان کرد. هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم، گوتووشمانە ئەگەر پێویست بکات بریندارەکان دەهێنینە تورکیا. لەبارەی ئەم هێرشەوە تورکیا تاوانبار کرا، ئێمەیش بە راگەیەندراو بە راشکاوی ئەوەمان رەت کردەوە. هەموو جیهان دەزانێت تورکیا هەرگیز ئۆپەراسیۆنی بۆسەر هاووڵاتییانی مەدەنی ئەنجام نەداوە. بە رەچاوکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئێمە بەردەوامین لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دوای ئەو هەواڵە کە دوێنێ بڵاو کرایەوە، راستەخۆ کەوتینە پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمان، ئاڵوگۆڕی زانیاریمان کرد و بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سوپای تورکیاوە بەدەستمان گەیشتوون، هیچ جۆرە ئۆپەراسیۆنێک بۆسەر هاووڵاتییانی مەدەنی ئەنجام نەدراوە. هەمیشە ئامانجی ئێمە رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە یاخود رێکخراوی تیرۆریستیی یەپەگە/پەیەدە بووە لە سووریا".

مەولود چاوشئۆغڵو بە ئاماژەدان بەوەی کە تورکیا تا ئێستا لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق بەرەنگاری پەکەکە بووەتەوە، گوتی: "رامانگەیاند دەتوانین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق لەبارەی ئەم هێرشە ناپاکە هەماهەنگی بکەین کە پێمان وایە لەلایەن رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە ئەنجام دراوە. تا پەردە لەسەر ئەمە هەڵنەماڵدرێت تەواوی ئەو لێدوان و راگەیەندراوانە رەت دەکەینەوە کە لەلایەن کەسانی بەرپرس و کەسانی ئاسایی ئاراستەی تورکیا دەکرێن. لێدوانی لەم جۆرە لەبارەی تورکیاوە لە کاتێکدا تورکیا دەڵێت؛ ئامادەم بۆ هەماهەنگی بۆ روونبوونەوەی رووداوەکە دروست نییە".

وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا رووداوێکی لەم جۆرە لە قۆناغێکدا کە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق بەرەوپێش چوون و سەرکەوتن بە دەستهێندراوە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، واتایەکی رازئامێزی هەیە.

مەولود چاوشئۆغڵو ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە کە باس لە چوونی خۆپیشاندەران دەکەن بۆ ناو باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا و گوتی: "هیچ جۆرە چوونێک بۆ ناو باڵیۆزخانەکەمان لە ئارادا نییە. لایەنە ئەمنییەکانی عێراق لە هەموو شوێنێک رێوشوێنی پێویستییان گرتووەتە بەر. سوپاسی ئەوانیش دەکەم. لە بەردەم نووسینگەکانی وەرگرتنی ڤیزە ژمارەیەک کەسی سەرەڕۆ ئاڵا هەڵواسراوەکانمانیان سووتاندووە. جگە لەوانە خۆپیشاندانێک لە بەردەم باڵەخانەی پێشووی باڵیۆزخانەکەماندا ئەنجام درا. هیچ هەوڵێک نەدراوە بۆ چوونە ناو باڵیۆزخانە. ئەمڕۆ یەک رۆژ ماتەمینی لە عێراق راگەیەندراوە، باڵیۆزخانەکەشمان ئاڵای بۆ نیوە داگرتووە، تەواوی نێردەکانمان لە عێراق بەشداری لەو ماتەمینییەدا دەکەن".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın