Kuwait
کوێت - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن ئاشكرایكرد، دانوستانەکان لەبارەی رێکەوتنی ئەتۆمی تاهەتایە بەردەوام نابێت و راشیگەیاند، کە "تۆپ لە یاریگای ئێراندایە".
ئانتۆنی بڵینکن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا کە لەگەڵ هاوتا کوێتییەکەی، ئەحمەد ناسر سەباح كه لە کوێت ئەنجامیدا گوتی: "لە ڤیەننا بەشێوەی ناڕاستەوخۆ دانوستانمان لەگەڵ ئێراندا کرد، نیازپاکی خۆمان نیشاندا و خواستی گەڕانەوەمان بۆ رێکەوتنی ئەتۆمی خستەڕوو".
بڵینکن گوتیشی: "تۆپ لە یاریگای ئێراندایە و پێویستە بڕیار بدات. دانوستانی ئەتۆمی تاهەتایە بەردوام نابێت".
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی کوێت، ئەحمەد ناسر سەباح رایگەیاند ئەمریکا پابەندبوونی قوڵی خۆی بە دەستەبەرکردنی ئاسایشی ناوچەکە نیشانداوە.
رۆژی چوارشەممە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە کوێت و ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ میری کوێت، نەواف ئەحمەد جابر کۆبووەوە و تاوتوێی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان کرد.