هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، گیانلەدەستدانی شەش زانای ئەتۆمی لێکەوتەوە

Tahran
تاران - AA
لە ئەنجامی چەند هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئێران، شەش زانای ئەتۆمی گیانیان لەدەستدا.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی نیمچە فەڕمی ئێران تەسنیم، لە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیلدا بۆ سەر چەند شارێکی جیاوازی ئێران، چەند زانایاکی ئەتۆمی بە ناوەکانی عەبدولحەمید مەنووچەهر، ئەحمەد ڕەزا زولفیقاری، ئەمیر حوسێن فیقهی، موتلەبی زادە، محەمەد مەهدی تارانچی و فەرەیدوون عەباسی گیانیان لەدەستداوە.
فەرەیدوون عەباسی، کە یەکێکە لەو کەسانەی لە هێرشەکەدا گیانی لەدەستداوە، پێشتر وەک سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران کاری کردووە و، لە ساڵی ٢٠١٠دا لە هەوڵێکی تیرۆرکردن کە ئیسرائیلی تێدا تۆمەتبار کرا، بە برینداری ڕزگاری بوو.
یەکێکی دیکە لەو زانایانەی لە هێرشەکاندا گیانی لەدەستداوە محەمەد مەهدی تارانچی-ە، کە سەرۆکی زانکۆی ئیسلامی ئازاد بوو.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر تارانی پایتەخت، تەبرێز، دامەزراوەی ئەتۆمی ناتانز لە ئەسفەهان و شارەکانی لوڕستان و کرماشان.
لەو هێرشانەدا سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێران، فەریق ڕوکن محەمەد باقری و فەرماندەی گشتیی پاسداران، فەریق ڕوکن حوسێن سەلامی و چەند بەرپرسێکی باڵای سەربازی و زانایانی ئەتۆمی ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستدا.
لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر تارانی پایتەختی ئێران، شوێنی نیشتەجێبوونی مەدەنی کراونەتە ئامانج و، بەهۆیانەوە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن