جيهان

هاکان فیدان: "دەستپێکردنی شانەی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە ڕووی ئاسایشی ناوچەییەوە هەنگاوێکی گرنگە"

وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان: "تیمەکان کە لە ئوردن، سووریا و تورکیا پێکهاتوون، شانەی بەرەنگاربوونەوەی داعشیان دەستپێکردووە. بەڕاستی ئەمە هەنگاوێکی گرنگە کە لە ڕووی ئاسایشی ناوچەییەوە نراوە".

Muhammet Tarhan, Tuğba Altun  | 04.06.2025 - نوێکردنەوە : 06.06.2025
هاکان فیدان: "دەستپێکردنی شانەی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە ڕووی ئاسایشی ناوچەییەوە هەنگاوێکی گرنگە"

Istanbul

ئیستانبوڵ -AA

وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان ئاماژەی بەوە کرد ئەو میکانیزمەی لە نێوان تورکیا، عێراق، سووریا، ئوردن و لوبنان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش دامەزراوە، دەستیکردووە بە گرتنەبەری هەنگاوی بەرجەستە.

لە میانی بەشداری کردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی TRT Haberدا، هاکان فیدان وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژەڤی دایەوە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە چۆنیەتی کاریگەری هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا لەسەر قۆناغی نوێی وڵاتەکە، فیدان جەختی لەوە کردەوە دوای ڕژێمی ئەسەد سووریایەک جێهێڵدرا کە ڕووخاوە، وێران بووە، تەختی زەوی بووە و پەیوەندی لەگەڵ جیهان پچڕاوە.

گوتیشی: "بێگومان ئێستا ڕێکخستنەوەی وڵاتێکی دراوسێمان کە ئەم هەموو برینەی هەیە و، وڵاتێک کە هێندە دۆخی ناسکە، لە ڕووی سیاسیی و ئابووریی و ئەمنییەوە پێویستی بە کارێکی زۆر پیشەییانە، هەماهەنگیی و فرە لایەنە هەیە".

فیدان ئاماژەی بەوە کرد لە ئەنقەرە چەندین کۆبوونەوە لەو بارەیەوە ئەنجامدراوە و، کۆبوونەوەش لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکەش ئەنجامدراوە.

هاکان فیدان جەختی لەسەر گرنگیی ئەو چالاکییانە کردەوە کە سەرکۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ڕووی دیپلۆماسیی سەرکردەکانەوە ئەنجامی دەدات.

هەروەها فیدان تیشکی خستە سەر سوودی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا و، ڕایگەیاند: "لە ئێستادا دەرەنجامێکی باوەڕپێنەکراوی دەبێت. دەستمان کردووە بە بینینی داتای پێشوەختە".

وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان، ئاماژەی بەوەیش کرد لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی ئیدارەی نوێ لە سووریا، گەشەسەندن لە بوارەکانی سیستمی بانکی نێودەوڵەتیی، وەبەرهێنان، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و ئابووریی ڕوو دەدەن، ئەوەیشی وەبیرهێنایەوە کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا بە بەشداری کۆمپانیا ئەمریکی، قەتەری، سووری و تورکییەکان تەندەرێکی زۆر گەورە لە بواری وزە ئەنجامدراوە.

فیدان باسی لە چاوەڕوانییەکانی کرد و، ڕایگەیاند: "ئێستا چاوەڕوانی ئێمە لە دوای ئەمە، پرسی ئاوەدان کردنەوەی وڵاتە، هەستاندنەوەی ژێرخانەکان، پێشکەش کردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و، لە بەرامبەریشدا دەستپێکردنی گەڕانەوەی ئەو خوشک و برایانەی سووریاین بۆ وڵاتی خۆیان کە بە ناچاری کۆچیان کردووە. بە گەڕانەوەیان ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە زیاد دەکات، بە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانیش ئابووری زیاتر گەشە دەکات''.

سەبارەت بە دۆخی ئێستای مەیدانی دوای ڕێککەوتننامەی یەکگرتن کە ڕۆژی ١٠ی ئادار لە نێوان حکوومەتی سووریا و ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/یەپەگە کە لە سووریا ناوی (هەسەدە) بەکاردەهێنێت، واژوو کرا، فیدان ڕایگەیاند: "لە ڕاستییدا لە ئێستادا واتە دوای ئەو ڕێککەوتنەی کە لە مانگی ئاداردا کردوویانە، زۆر شت بە کردەیی ڕووینەداوە. واتە لە ڕواڵەتدایە، بەڵام لە پشتی پەردەوە زۆر شت هەیە".

هاکان فیدان ئاماژەی بەوە کرد ئەو میکانیزمەی لە نێوان تورکیا، عێراق، سووریا، ئوردن و لوبنان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش دامەزراوە، دەستیکردووە بە گرتنەبەری هەنگاوی بەرجەستە.

گوتیشی: "تیمەکان کە لە ئوردن، سووریا و تورکیا پێکهاتوون، شانەی بەرەنگاربوونەوەی داعشیان دەستپێکردووە. بەڕاستی ئەمە هەنگاوێکی گرنگە کە لە ڕووی ئاسایشی ناوچەییەوە نراوە. پێویستە کارتی داعش لە دەستی ڕێکخراوەکە دەربهێندرێت و ڕێگری بکرێت لەوەی ڕێکخراوەکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناچار بکات. ئەمە پێویستی بە کارێکی چڕ هەیە. دوو پرس هەن کە بریتین لە کەمپەکان و زیندانەکان، لەسەر ئەم بابەتانە کاردەکەین".

فیدان باسی لەوە کرد کە زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس لە کەمپەکاندان و، لەگەڵ حکوومەتەکانی عێراق و سووریا کار دەکەن بۆ چۆڵ کردنی کەمپەکان و، گوتی: "ئێستا ئەوە لە ئارادایە نەتەوە یەکگرتووەکان بێتە پێشەوە، ئەمریکییەکان پێشنیارێکیان لەم شێوەیەیان هەیە، کە پەیوەندی هەیە بە بەڕێوەبردنی کەمپەکان لەلایەن ئەوانەوە تا چۆڵ دەکرێن. پرسی کۆنترۆڵ کردنی ئەو ناوچانەی ئەم کەمپانەیان تێدایە لەلایەن حکومەتی سووریاوە لە ئارادایە، هەروەها پرسگەلێک سەبارەت بە زیندانەکان. ئێستا ئەوەی گرنگە ئەگەر چەند تیمێکی تایبەت و پیشەیی لەسەر ئەم بابەتە دروست بکرێت کە لە ٣-٤ وڵات پێکبێت و ئەم بابەتە بەردەوام کاری لەسەر بکرێت و، ئیرادەیەکیش لە پشتیەوە هەبێت، ئەوا ئەم پرسە بە شوێنێک دەگات. من لەو باوەڕەدام کە پشتیوان بە خودا بە هەماهەنگیی لایەنەکان، بە تایبەتی ئەمریکا، سووریا، تورکیا و عێراق لە مبارەیەوە دەگەینە خاڵێک".

سەبارەت بە دوایین دۆخ لە بارەی کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە سووریا فیدان ڕایگەیاند: "کێشە سەرەکیمان پەیوەندی بە بوونی ئەمریکا لە ناوچەکە نەبوو. ئەمریکا لە زۆر شوێنی ناوچەکەدا هەیە. کێشە سەرەکیمان هاریکاریی ئەمریکایە لەگەڵ پەکەکە و ئەو پشتیوانییەی پێشکەشی دەکرد. ئێمە دەمانەوێت ئەم پشتیوانییە نەمێنێت. بەلای ئێمەوە نەهێشتنی ئەم بواری هاریکارییە گرنگ بوو".

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو پرۆسانەی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە لە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆردا بەڕێوەدەبرێت، فیدان باسی لەوە کرد کە چۆنیەتی ڕۆڵ بینینی وڵاتانی ناوچەکە لە پرۆژەی "تورکیای بێ تیرۆر" کارێکە پێویستی بە ئاگاداریی و گرنگیی زۆر هەیە.

گوتیشی: "پێویستە ئەم پرۆسەیە بە باشی چاودێری و شیکاری بۆ بکرێت. لە کاتی بەکارهێنانی زمانی پەیوەندیدار بەمە لە سیاسەتی دەرەوەدا، پێویستە پەرە بە زمانێک بدەین کە زیاتر سەرنجی لەسەر ئامانجەکانمان بێت. هەوڵ دەدەین ئەم کارە بکەین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın