هادی عەلی: "یەکگرتوو بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکات"
- گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، هادی عەلی: "ئێمە هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەوەبووین کە پەرلەمان کارابکرێتەوە و دووپاتشیمان کردووەتەوە کە هەموو لایەنێک بەشداربن و بەیانی فڕاکسیۆنی یەکگرتوو بەشداری کۆبووەنەوەی پەرلەمان دەکات".

Arbil
هەولێر - AA
لە رۆژی دووەمی کۆبوونەوە سێقۆڵییەکان ھەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی، هادی عەلی تیشکی خستە سەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و ئاماژەی بەوەکرد کە یەکگرتوو داوای لە سەرجەم لایەنەکان کردووە کە بەشداری بکەن لە کاراکردنەوەی پەرلەمان.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، هادی عەلی گوتی: "هەموو ئەو هەوڵانەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا کە دەربارەی کاراکردنەوەی پەرلەمان ئەنجامیاندا، هەموو ئەو میکانیزم و هۆکارانە کە گرنگە بۆ ئەوەی هەرچی زووترە پەرلەمان کارابکرێتەوە گرتوومانەتەبەر و هەر لە سەرەتاوە دیدی رۆشنمان هەبووە دەربارەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و بە سەرچاوەیەکی گرنگمان داناوە بۆ کاروباری یاسایی و شەرعی، لەبەر ئەوە هەمیشە دووپاتمان کردووەتەوە کە بە هەموولایەکەوە کارای بکەینەوە و بە بەشداری هەموو لایەک".
هادی عەلی گوتیشی: "چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسیی و داراییمان بە دەستپێک داناوە بۆ ئەوەی لە پەرلەمان کاری لەسەر بکرێت، هەموو پرس و راکانمان تاوتوێ کرد و تا ئاستێکی باش گەیشتینە دیدێکی هاوبەش و لەسەر کاتی کاراکردنەوەی پەرلەمانیش قسەمان کردووە کە کاتەکەی نەگۆڕاوە و ١٤ی مانگ واتا سبەی پەرلەمان کارابکرێتەوە و چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ شاندی هاوبەش کۆبێتەوە و دوا بڕیاری خۆیان بدەن".
سەبارەت بە گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، هادی عەلی گوتی: "قسەی ئێمە لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمانە، ئومێد دەکەین کە هەر پێنج لایەنەکە بەشداری بکەن و ئەو کاتە پرسی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەروەک خۆی دەبێت و هیچ قسەیەک لەمبارەیەوە هەڵناگرێت".
لەبارەی هەڵوێستی یەکگرتووی ئیسلامیی لە ئەگەری بەشداریی نەکردنی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی لە کاراکردنەوەی پەرلەمان، هادی عەلی گوتی: "ئێمە هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەوەبووین کە پەرلەمان کارابکرێتەوە و دووپاتشیمان کردووەتەوە کە هەموو لایەنێک بەشداربن و سبەی فڕاکسیۆنی یەکگرتوو بەشداری کۆبووەنەوەی پەرلەمان دەکات".
پێش چەند رۆژێک، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە رێککەوتنێک لە نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان واژووکراوە و سەبارەت بە پەیوەندی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، هادی عەلی گوتی: "ئەو رێککەوتنە کە واژوویان کردووە و ئەو حەوت خاڵە بووە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشنیازیان کردووە و کە زۆربەی ئەو کێشەو گرفتانەی تێدایە کە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە و ئەو حەوت خاڵە جێگای ئەوەیە کە هەموو لایەک پشتگیری لێ بکات".
جێگەی ئاماژەیە شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکھاتبوو لە سکرتێری مەکتەبی سیاسیی، فازڵ میرانی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، رۆژ نوری شاوێس و رێبوار یەڵدا و ئەندامی سەرکردایەتی، دڵشاد شەھاب.
شاندەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش پێکھاتبوو لە لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، مەلابەختیار و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی، رزگار عەلی و سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، بێگەرد تالەبانی.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن