نەتەوە یەکگرتووەکان: "٥٦٥ هەزار کەس لە مۆزەمبیق بەهۆی شەڕەوە ئاوارەبوون''
نەتەوە یەکگرتووەکان: ''لە پاڵ کێشەکانی ژێرخان و ئەمنیی ناوچەکە، پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێش قەیرانی مرۆیی لە ناوچەکە زیاتر کردووە''.

Istanbul
ئیستانبوڵ - AA
بە هۆی هێرشی تیرۆریستیی رێکخراوی ئەنسارو سوننە بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی لە مۆزەمبیق، ٥٦٥ هەزار کەس ناچاربوون ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن.
لە راگەیاندراوێکدا کە لەلایەن رێکخەری ناوچەی خۆرهەڵات و، باشووری ئەفریقای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە، نیگەرانی قوڵ هەیە لەو قەیرانەی بە هۆی پێکدادانەکانی ناوچەی جابۆ دیلگادۆ لە باکووری مۆزەمبیق دەگوزەرێت.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە: ''بە هۆی پێکدادانەکانی ناوچەی جابۆ دیلگادۆوە ٥٦٥ هەزار کەس ناچاربوون ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن و ئاوارەببن''.
لە کاتێکدا جەخت لەسەر زیادبوونی پێکدادانەکان لە جابۆ دیلگادۆ و خراپبوونی رەوشی مرۆیی ناوچەکە کراوەتەوە، باس لەوەیش کراوە کە خەڵکی ناوچەکە بە تەواوی کەوتوونەتە دۆخێکەوە پێیوستیان بە هاوکاری مرۆییە و، هاتووە: ''لە پاڵ کێشەکانی ژێرخان و ئەمنیی ناوچەکە، پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێش قەیرانی مرۆیی لە ناوچەکە زیاتر کردووە''.
رێکخراوەکانی هاریکاریی ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ساڵی ٢٠٢١دا، پێویست بە ٢٥٤ ملیۆن دۆلار هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی مرۆیی لە باکووری مۆزەمبیق.
- ئەنسار و سوننە چوار ساڵە هێرش ئەنجام دەدات
سوپای مۆزەمبیق، دژ بە رێکخراوی ئەنسار و سوننە ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدات کە چوار ساڵ پێش ئێستا لە ناوچەی جابۆ دیلگادۆ لە سنووری تەنزانیا لە مۆزەمبیق سەریهەڵداوە.
دەیان هەزار کەس کە لە هێرش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان هەڵاتوون، بە ناچاری بە بەلەم بەرەو شاری پیمبا رۆیشتوون، زیاتر لە دوو هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها باس لەوە دەکرێت کە، بە هۆی هێرشی تیرۆریستیی بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی ١،٣ ملیۆن کەس رووبەڕووی قەیرانی ئەمنیی بوونەتەوە.
ئەو گرووپە چەکدارەی ئەو هێرشانە ئەنجام دەدات، دەگوترێت پەیوەندی بە داعشەوە هەیە كه لەنێو خەڵکی ناوچەکە بە ''ئەلشەباب'' ناسراوە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن