
New York
نەتەوە یەکگرتووەکان- AA
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس کاردانەوەی بەرامبەر رەفتاری پۆلیسی ئیسرائیلی لە رێوڕەسمی ناشتنی پەیامنێری کەناڵی ئەلجەزیرە، شیرین ئەبو عاقلە، نیشاندا.
یەکێک لە گوتەبێژەکانی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ناوی فەرحان حەق، لە لێدوانێکیدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە گوتێرێس بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە چاودێری رێوڕەسمی ناشتنی ئەبو عاقلەی کردوە و زۆر نیگەران بووە لە رەفتاری هێزەکانی ئیسرائیل بەرامبەر فەڵەستینییەکانی ناو رێوڕەسمەکە، داواشی کردوە رێز لە مافەکانی مرۆڤ، ئازادی رادەربڕین و ئەنجامدانی گردبوونەوە، بگیردرێت.
لای خۆشییەوە نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا، لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لیندا تۆماس گرینفیڵد، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بابەتێکی بڵاوکردوەتەوە و تیایدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە گرتەکانی ناو رێوڕەسمی ناشتنەکەی ئەبو عاقلە لە ناخەوە غەمباریان کردوە و جەختی لەوەش کردەوە کە پێویست بووە رێز لە رێوڕەسمەکە بگیرێت.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، هێزەکانی پۆلیسی ئیسرائیل بە گولەی پلاستیکی و بۆمبی دەنگی، رووبەڕووی ئەو فەڵەستینییانە بوونەوە کە تەرمی رۆژنامەنووس، شیرین ئەبو عاقلەیان خستبووە سەر شانیان و دەیانەویست بیبەن بۆ گۆڕستان، لە ئاکامی پەلامارەکانی پۆلیسیشدا مەترسی ئەوە هەبوو تابوتەکە بکەوێتە خوارەوە و ئەم دیمەنانەش کاردانەوەی نێودەوڵەتییان بەدوای خۆیاندا هێنا.