مەلیسا پارک: "لە یەمەن بە دەیان هەزار کەسی مەدەنی کوژراون"
- ئەندامی وەفدی نێودەوڵەتی یەمەن کە بەڕابەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزراوە، مەلیسا پارک رایگەیاند لە پێکدادانەکانی یەمەندا بەپێچەوانەی ژمارە فەرمییەکان کە راگەیەندراون، بە هەزاران کەسی مەدەنی کوژراون.

Geneve
جنێڤ - AA
ئەندامی وەفدی نێودەوڵەتی یەمەن کە بەڕابەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزراوە، مەلیسا پارک رایگەیاند لە پێکدادانەکانی یەمەندا لە ٢٠١٥ەوە تا ئێستا بەپێچەوانەی ژمارە فەرمییەکان کە راگەیەندراون، بە هەزاران کەسی مەدەنی کوژراون و لە زیندانە نهێنیەکانی ئیماراتدا چەندین بەڵگە هەن سەبارەت بە دەستدرێژی.
وەفدی نێودەوڵەتی یەمەن کە لە ٢٠١٧دا و بەڕابەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دروست کراو لە سێ کەسی پسپۆری نێودەوڵەتی و ناوچەیی پێکهاتووە، رۆژی رابردوو راپۆرتی دووەمی خۆی بڵاوکردەوە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە هێزەکانی هاوپەیمانی بەڕابەڕایەتی سعوودیە و بەشداری ئیمارات و لایەنەکانی تر، تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە و یاسا نێودەوڵەتییەکانیان پێشێلکردووە.
لە راپۆرتەکەدا باس لەو تاوانانە کراوە کە هێزەکانی هاوپەیمانی لە یەمەن ئەنجامیان داوە و بەپێچەوانەی راپۆرتی ساڵی رابردووەوە ئاماژە بە پێشێلکاریەکی زۆری مافی مرۆڤ کراوە لە لایەن ئیماراتەوە.
لە راپۆرتەکەدا بەتوندی رەخنە لەو وڵاتانە دەگرێت کە چەکیان بە لایەنەکانی یەمەن فرۆشتووە بەتایبەت ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا کە چەکیان بە سعوودیە و یەمەن فرۆشتووە و پشتگیری هەواڵگری و لۆجیستی هاوپەیمانییەکەیان کردووە وهۆشداریداوە کە بەو کارەیان دەشێت ببن بە هاوبەشی تاوانەکانی جەنگ.
لە بەشێکی تری ئەو راپۆرتەدا باس لەوە کراوە لە هێرشە ئاسمانییەکانی سعوودیە و ئیماراتدا کەسانی سیڤیل کوژراون، هاوکات خەڵکی مەدەنی بێ بەش کراون لە خۆراک لە لایەن ئەو وڵاتانەوە و یەمەن بەرەو قاتوقڕی براوە. بەجیا باس لەوەش کراوە کە حووسییەکان بۆردومانی شارەکانی کردووە و منداڵانیان کردۆتە سەرباز و ئەگەری ئەوەش باس دەکات کە دەشێت ئێران چەکی دابێت بە حووسیەکان.
تاکە ئەندامی ئافرەت لەنێو وەفدی یەمەن مەلیسا پارک لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە راپۆرتەکە دەکات و دەڵێت:
"لە پێکدادانەکانی یەمەندا لە ٢٠١٥ەوە تا ئێستا بەپێچەوانەی ژمارە فەرمییەکان کە راگەیەندراون، بە هەزاران کەسی مەدەنی کوژراون و لە زیندانە نهێنییەکانی ئیماراتدا چەندین بەڵگە هەن سەبارەت بە دەستدرێژی".پارک داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە لەو لایەنانە بپێچنەوە کە تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە لە یەمەن و دەڵێت "دەبێت ئەمە هەرچی زووترە ئەنجام بدرێت. چونکە تاکە قوربانی ئەم جەنگە خەڵکی بێ تاوانی یەمەنە. دەبێت هەرچی زووە هەنگاوبنێین. ئێستا کاتی خۆیەتی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەنگاو بنێت".