
Washington DC
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی کۆشکی سپی، جێن ساکی ئەو دۆخەی لە میانمار لە دوای کودەتا سەربازییەکە دەگوزەری بە "مایەی نیگەران" ناوبرد و رایگەیاند لە نزیکەوە لەگەڵ ھاوبەشەکانیان لە ناوچەکە کاردەکەن.
جێن ساکی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی ھەڵسەنگاندنی بۆ رۆژەڤ کرد و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
جێن ساکی لە وەڵامی پرسیارێک دەربارەی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان لە میانمار کە رۆژنامەنووسێکی ئاژانسی ئاسۆشێتید پرێس لە نێویاندایە و گوتی، "بە ئامانجکردنی رۆژنامەنووسان یان ئۆپۆزسیۆنەکان، ئەوە بۆ سەرۆک و بۆ وەزیری دەرەوەمان مایەی نیگەرانييە".
جێن ساکی راشیگەیاند کە بابەتی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان بووەتە رۆژەڤی گفتوگۆ دیپلۆماتییەکان و گوتی، "دۆخی میانمار، جێگەی نیگەرانييە. لە نزیکەوە لەگەڵ ھاوبەشەکانمان لە ناوچەکە کاردەکەین. بەھۆی ئەوەی پەیامێکی روونمان لە بارەی ئەوەی كە ئەم بابەتە قبوڵکراو نییە ناردووە، ئەوە ھەنگاوەکانی سزاکانمان لەسەر میانمار زیاترکرد".
گوتەبێژی کۆشکی سپی، جێن ساکی ئاماژەی بەوەشکرد کە دەتوانرێت پرسیار لە وەزارەتی دەرەوە بکرێت سەبارەت بە ھەبوون یان نەبوونی گفتوگۆی دیپلۆماتی لەبابەتی رۆژنامەنووسان.
- کودەتا سەربازییەکەی میانمار
دوای ئەوەی گرووپە سیاسییەکانی نزیک لە سوپای میانمار بانگەشەی بوونی ساختەکارییان لە ھەڵبژاردنەکانی ٨ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠دا کرد، و لە دوای ھەڵکشانی گرژییەکان لە وڵاتەکە، سوپا رۆژی ١ی شوبات دەستی بەسەر دەسەڵاتدا لە میانمار گرت.
سوپا وەزیری دەرەوە و سەرکردەی راستەقینەی وڵاتەکە ئاونگ سان سوو چی و ژمارەیەکی زۆری بەرپرس و کادیری پارتی دەسەڵاتی دەستگیرکرد و باری نائاسایی بۆ ماوەی ساڵێک راگەیاند.
ھاوکات نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئەورووپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرکۆنەی کودەتاکەیان کرد و تورکیاش لە سەرووی ئەو وڵاتانەوە بوو کە بە توندی ناڕەزایەتی نیشاندابوو. ئەمریکا، کەنەدا و بەریتانیا سزایان خستە سەر ئەو بەرپرسە سەربازییانەی کە رۆڵیان لە کودەتاکەدا ھەبووە.
میانمارییەکان لە ٦ی شوباتدا، بۆ گەڕاندنەوەی دیموکراسی خۆپیشاندانیان دەستپێکرد، لەگەڵ ھەڵکشانی ژمارەی گیانلەدەستدان لە ریزەکانی خۆپیشاندەران بەھۆی رێگریی توندی پۆلیسەوە، ٥٦ خۆپیشاندەر گیانیانلەدەستداوە.