جيهان

عەلی باپیر: "فەرەنسا خۆی لە قەیراندایە و ماکرۆنیش لەبری چارەسەر قەیرانەکانی قوڵتر کردووەتەوە"

ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، عەلی باپیر: "ئەوانەی سەردانی کۆنسوڵخانەی فەرەنسایان کرد و پشتگیری فەرەنسایان کرد، گومانیان لەسەر موسڵمان بوونی خۆیان دروست کرد".

Hawkar Yaseen   | 29.10.2020
عەلی باپیر: "فەرەنسا خۆی  لە قەیراندایە و ماکرۆنیش لەبری چارەسەر قەیرانەکانی قوڵتر کردووەتەوە"

Arbil

هەولێر - AA

ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، عەلی باپیر لە ئێوارە کۆڕێکدا لە شاری هەولێر کە بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، محەمەد (د.خ) بۆ ئەندامانی حزبەکەی رێکخرابوو، چەند پرسێکی باس کرد.

عەلی باپیر قسەکانی تەرخانکرد بۆ بەرگریکردن لە پێغەمبەری ئیسلام و وەڵامدانەوەی سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن و ئەو وڵاتە.

ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند "هێرشەکانی فەرەنسا و هاوبیرەکانی بۆسەر ئیسلام و پێغەمبەری ئیسلام ریشەیەکی مێژوویی هەیە و چەندینجار دووبارە بووەتەوە بەڵام هیچ کات نەیانتوانیوە بیروباوەڕی بەهێزی موسڵمانان لاوازبکەن، بەو هێرشانەی کردوویانە هەموو کاتێک خراپەکەی رووبەڕووی خۆیان بووەتەوە".

گوتیشی "ئەگەر کەسێک خۆی بە موسوڵمان بزانێت و شوێنکەوتەی ئیسلام و پێغەمبەرەکەی بێت دەبێت لەم دۆخانەدا بێ دەنگ نەبێت و بەرگریی لە پێغەمبەر و دینەکەی بکات".

عەلی باپیر لە وتارەکەیدا گوتیشی "فەرەنسا خۆی لە چەندین لاوە لە کێشە و قەیراندایە و ماکرۆنیش لەبری چارەسەر، قەیرانەکانی قوڵتر کردووەتەوە".

ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە باسی ئەو کاردانەوانەی لە هەرێمی کوردستان هەبووە لەبارەی ئەو دۆخەوە کە دروست بووە گوتی "ئەوانەی سەردانی كونسوڵخانەی فەرەنسایان كرد تەنها بۆ خۆدەرخستن و خۆبردنە پێشەوە چوونەتە کۆنسوڵخانەی فەرەنسا و دەڵێن ئێمە پشتگیری فەرەنسا دەکەین چونکە پشتگیری کردن لە فەرەنسا واتە پشتگیریکردن لەو بێڕێزییەی بەرامبەر پێغەمبەر و ئیسلام کراوە، بۆیە ئەوانە بەو کردەوەیەیان گومانیان لەسەر موسڵمان بوونی خۆیان دروست کرد، چونكە وڵاتێك بێرێزی بەرامبەر بە پێغەمبەرەكەت بكات و تۆش بچیت پشتگیری لێبكەیت نازانم ئەمە چ واتایەكی هەیە".

راشیگەیاند "ماستاوكردن ئەمرۆ بۆ فەرەنسا و دوێنی بۆ ئەمریكا و رۆژێكی دیکە بۆ وڵاتێكی تر نامانگەیەنێت بە هیچ ، لەبەرئەوەی هەموو ئەو كەس و گروپ و وڵاتانەی رۆژانێك بێریزیان بەرامبەر پێغەمبەری ئیسلام كردوە ئێستا سووك و ریسوا بوونە".

عەلی باپیر گوتیشی "وڵاتانی ئەورووپا باسی یەكسانی و دادپەروەی دەكەن كەچی بێ ئاگان لەوەی پێغەمبەری ئیسلام بەكردار یەكسانی و دادپەورەی چەسپاندووە و پەیڕەوی لێ کردووە، شوێنكەوتووانی پێغەمبەری ئیسلام وا فێركراون كە رێز لە هەموو ئایین و ئاینزا و بیروڕا جیاوازەکان بگرن، كەچی لە بەشێك لە وڵاتان بە ناوی ئازادی رادەبرین جوێن و بە ئایین و ئاینزاكان دەدرێت، لەکاتێکدا دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بە یاسا و بڕیار بێڕێزیکردنی بە پێغەمبەری ئیسلام قەدەغە کردووە و رایگەیاندووە بێڕێزیکردن بە پێغەمبەر لەدەرەوەی ئازادی رادەربڕینە".

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın