شەڕی ناوخۆی سوودان پێدەنێتە چوارەم مانگییەوە و چاوەڕێ ناکرێت بەزوویی کۆتایی بێت
- پێکدادانەکان لە ١٥ی نیساندا لە خەڕتوومی پایتەخت دەستیانپێکرد و بەرەو شارەکانی باشوور و رۆژئاوای ئەو وڵاتە تەشەنەیان سەند، بەمهۆیەشەوە هەزاران کەس کوژران و زیادتر لە سێ ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون.
Hartum
خەڕتووم - AA
وڵاتی سوودان کە لەڕووی رووبەرەوە سێیەم گەورەترین وڵاتی ئەفریقایە و خاوەنی سامانێکی زۆری سرووشتییە، ماوەی چوار مانگە بەهۆی پێکدادانی نێوان سوپای ئەو وڵاتە و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە دۆخێکی ناهەمواردایە و پێناچێت بەزوویی ئەم پێکدادانانە کۆتاییان بێت.
پێکدادانەکان لە ١٥ی نیساندا لە خەڕتوومی پایتەخت دەستیانپێکرد و بەرەو شارەکانی باشوور و رۆژئاوای ئەو وڵاتە تەشەنەیان سەند، بەمهۆیەشەوە هەزاران کەس کوژران و زیادتر لە سێ ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون.
سوپای سوودان هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە دەستپێکردنی پێکدادانەکان تۆمەتبار دەکات و رووداوەکان وەک یاخیبوون وەسف دەکات، لە بەرامبەریشدا هێزەکانی پشتیوانی خێرا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سوپا لەژێر کۆنترۆڵی لایەنگرانی رژێمی پێشوو و ئەندامانی بزووتنەوە ئیسلامییەکاندایە و پێکدادانەکان وەک خەباتی خۆیان لەپێناو دیموکراسی و ئازادی ناودەبەن.
هەردوولاش خۆیان بە راست دەزانن و لەبەر ئەوەی متمانەیان بە تواناکانی خۆیان هەیە، پێیانوایە دەتوانن لایەنی بەرامبەر ببەزێنن. بەهۆی شەرعیەتدان بە چالاکیی لایەنەکان، نەبوونی هەڕەشەی سەپاندنی سزا و فشاری نێودەوڵەتیی، رێککەوتنەکانی تایبەت بە راگەیاندنی ئاگربەست بەردەوام پێشێل دەکرێن.
- پیکدادانی دوورودرێژ رەنگە ببێتە هۆی رووخانی دەوڵەت
دەربارەی ئایندەی شەڕی ناوخۆی سوودان شەش سیناریۆی جیاواز باس دەکرێن. سیناریۆی یەکەم باس لەوە دەکات کە ئەگەر پێکدادانەکان بەردەوام بن ئەوا شەڕی ناوخۆ شارە جیاوازەکانی سوودان دەگرێتەوە و مەترسی ئەوە هەیە ببێتە هۆی رووخانی دەوڵەت.
سیناریۆی دووەمیش باس لەوە دەکات کە ئەگەر سوپای سوودان بە تەواوی خەڕتووم کۆنتڕۆڵ بکات، ئەگەر زۆرە پێکدادانەکان بگوازرێنەوە بۆ ویلایەتی دارفوور کە دەکەوێتە سەر سنووری چاد و بە ناوەندی هێزەکانی پشتیوانی خێرا باودەبرێت.
بەپێچەوانەی ئەم سیناریۆیەشەوە ئەگەر لە بری سوپا، هێزەکانی پشتیوانی خێرا خەڕتووم کۆنترۆڵ بکەن ئەوە پێکدادانەکان روو دەکەنە شارەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوودان.
چاودێران پێیانوایە کە ئەگەر خەڕتووم بکەوێتە دەست هێزەکانی پشتیوانی خێرا ئەوا سوپای سوودان لە ١٨ ویلایەتی ئەو وڵاتە تەنها دوو بژاردەی لەبەردەم دەمێنێت کە یان خۆی بدات بەدەست هێزەکانی پشتیوانی خێراوە یان شەڕێکی زۆر فراوانتر لە ویلایەتەکانی دیکە روودەدات.
- سیناریۆی پارچەپارچەبوونی وڵات
دوای پێکدادانی چەندین ساڵەی حکوومەتی ناوەندی و جوداخوازانی باشووری سوودان، دواجار لە ساڵی ٢٠١١دا "باشووری سوودان" سەربەخۆیی خۆی بەدەستهێنا، لە ئێستاشدا سیناریۆی ئەوە لە ئارادایە لەتبوونێکی دیکە لە رۆژئاوای سوودان رووبدات. ئەگەر هەیە لایەنە جووداخوازەکانیش کە چەندین ساڵە خەباتی چەکداری دەکەن، دابەشبوون وەک چارەسەرێک ببینن.
- ئەگەری ملکەچکردنی لایەنەکان لەڕێی فشاری نێودەوڵەتییەوە
ناچارکردنی لایەنەکان بە راگەیاندنی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگ لەڕێی فشاری نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەفریقا، وڵاتانی رۆژئاوا و وڵاتانی دراوسێی سوودان و هەڕەشەی سەپاندنی سزا، یەکێکی دیکەیە لە سیناریۆکان.
کۆتا سیناریۆش تەقینەوەی رق و توڕەیی گەلی سوودانە کە چەندین ساڵە بەدەست قەیرانی ئابووری و سیاسییەوە دەناڵێنن، ئەمەش وەک یەکێک لە رێگاکانی فشار بۆ کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکانی هەردوولا دەبینرێت.
