
Ankara
ئەنقەرە - AA
لە کاتێکدا کە لایەنەکانی رێککەوتنی ناوەکیی ئێران بەمەبەستی سەرخستنی رێککەتنامەکەی ڤییەننا سەرقاڵی بەکارھێنانی دوا کارتەکانی خۆیانن، پرسی ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە بۆ سەر دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆم، لەوانەیە سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی کە بە کەسێکی میانڕەو ناسراوە، ناچار بکات مل بۆ داواکارییەکانی لایەنی موحافەزەکارەکانی ئێران دانوێنێ کە خاوەن هەڵوێستی توندن لەسەر پرسی پرۆگرامی ناوەکی.
پێدەچێت کاریگەریی موحافەزەکارەکانی ئێران کە بە پێچەوانەی سەرکۆمار، حەسەن روحانی، سیاسەتی دوورەپەرێزیی لە بەرامبەر رۆژئاوا جێبەجێ دەکەن و لەسەر پرسی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا پشتیوانی لە روحانی ناکەن، وا بکات کە پرسی دووبارە زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ناوەکی قورستر بێت.
لەو سەردەمەی کە بایدن جێگری سەرۆکی ئەمریکا بوو، لە چوارچێوەی واژووکردنی رێککەوتنێکی ناوەکی کە بە پلانی کاری ھاوبەش ناونرا و تێدا لە بەرامبەر ھەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران توانرا پرۆگرامی ناوەکی ئەو وڵاتە بە رادەیەکی بەرچاو سنووردار بکرێ، وایکرد دەرگای دیالۆگ لە بەردەم ھەردوو وڵاتی ئێران و ئەمریکا واڵا بێت.
پەیوەندیی نێوان ئێران و ئەمریکا کە لە سەردەمی سەرۆکی پێشووتر باراک ئۆباما بۆ ماوەیەک رێکخرابووەوە، لەگەڵ هاتنی دۆناڵد ترەمپ بۆسەر دەسەڵات، ئەم پەیوەندییانە رەھەندێکی زۆر جیاوازتریان بەخۆیەوە بینی. لەم قۆناغەدا، ئەنجامدانی زنجیرەیەک ھێرش بۆ سەر ئێران، بووە ھۆی ئەوەی کە سیاسەتی لایەنە میانڕەو و ریفۆرخوازەکانی ئێران لە بەرامبەر بەرەی موحافەزەکارەکانی ئەو وڵاتە بێ ھێز بکات.
- ئێران، لە دوای کوشتنی سولەیمانی و فەخریزادە چالاکییەکانی ناوەکیی خۆی خێراتر کرد
بەرەی موحافەزەکارەکان لەگەڵ گوشارەکانی سەر ئێران ھەنگاو بە ھەنگاو توانیان کاریگەرتر بن و حکوومەتی ئەو وڵاتە ناچار بکەن کە سیاسەتەکانی ئەوان جێبەجێ بکات. گەورەترین دوو نموونەی ئەمەش بریتی بوون لە کوشتنی قاسم سولەیمانی لە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ و پاشانیش کوشتنی زانای ئەتۆمی ئێران، موحسین فەخریزادە لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ھەمان ساڵ.
لە دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی، ئێران گشت ئەو بەڵێنانەی کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ناوەکی دایبووی، ھەڵیپەسارد. ھاوکات لە دوای کوشتنی فەخریزادەش دووبارە پڕۆژە یاسای خێراکردنی پرۆگرامی ناوەکی کە پێشتر لەلایەن موحافەزەکارەکانەوە ھێنرابوو نێو پەرلەمان بەڵام پەسند نەکرابوو، کەوتە رۆژەڤەوە و سەرەڕای ناڕەزایەتییە توندەکانی حکوومەتی رووحانی، پڕۆژە یاساکە پەسندکرا.
- ئەنجامدانی دوو کاری تێکدەرانە بۆ سەر دامەزراوەی نەتەنز
ھێرشکردنە سەر دامەزراوەی ناوەکیی شەھید ئەحمەدی روشەن لە ١١ی نیسان کە بە یەکێک لە گەورەترین ناوەندەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم دادەنرێ و دەکەوێتە شاری نەتەنزی ئێرانەوە، حکوومەتی ئەو وڵاتەی ناچارکرد کە ئەو ھەنگاوانە بنێ کە چەند مانگێک بەر لە ئێستا زۆری بە توندی دژیان دەوەستایەوە.
لە بەرامبەر ئەمەش، بەرپرسانی ئێران رایانگەیاند کە ئاماژەی بەھێز ھەیە بەوەی کە ئیسرائیل لە دواوەی ئەم کارە تێکدەرانە دایە. ھەر لەم چوارچێوەیەدا لە ٢ی تەمووزی ٢٠٢٠، دووبارە ئەو ناوەندە کرایەوە ئامانج و دواتریش ئێران رایگەیاند کە کار و چالاکییەکانی خۆی لەم ناوەندەدا بردووەتە ٥٠ مەتر ژێر زەوییەوە.
کارێکی دیکەش کە وایکرد ناکۆکییەکان بگەنە لووتکە بریتی بوو لە کوشتنی زانای ئەتۆمیی ئێران، موحسین فەخریزادە لە ٢٧ی تشرینی دووەم، لەو رووداوەدا مشتومڕەکانی لاوازی کاری ھەواڵگریی دەستیپێکرد کە تێدا رەخنەی توند ئاراستەی وەزارەتی ھەواڵگریی ئەو وڵاتە کرا.
ھەر لە دوای ھێرشەکە، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان و ئەندامی پێشووی سوپای پاسداران، عەلی رەزا زەقانی لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەڤیزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی، رەخنەی توندی لە وەزارەتی ھەواڵگریی ئێران گرت و رایگەیاند کە ئێران بووەتە "بەھەشتی سیخورەکان".
سەرەڕای گشت ئەو گوشارانەی سەری، روحانی گفتوگۆییەکانی ناوەکی ڤییەنای رانەگرت، بەڵام بەڵێنی دا کە رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بەرز بکاتەوە بۆ سەدا ٦٠، ئەمەش لەوەیە گفتوگۆییەکانی پەیوەندیدار بە پرسی ناوەکیی زۆر قورستر بکات. هەر لەدوای ئەمەش لە ١٦ی نیساندا سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ناوەکیی ئێران، عەلی ئەکبەر ساڵحی رایگەیاند کە رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمیان بۆ سەدا ٦٠ بەرزکردووەتەوە.
لە کۆتادا، ھێرشەکانی سەر دامەزراوەیی ناوەکیی نەتەنز و بەرزکردنەوەی رێژەی یۆرانیۆم بە شێوەیەک کە بە بەرزترین ئاستی پیتاندن لە مێژوودا دادەنرێ، نیگەرانی ئەوەی خستووەتەوە کە دووبارە زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ناوەکی ئاسان نەبێت.
ئەمریکا، لە بەرامبەر گەڕانەوە بۆ رێکەوتنی ناوەکی داوا دەکات ئێران لە گشت پێشێڵکارییەکانی رێککەوتنی ناوەکی پاشگەز ببێتەوە، لە بەرامبەر ئەمەش ئێران داوا دەکات پێشتر لەوە گشت سزاکانی سەری ھەڵبگیرێ کە لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ بەسەریدا سەپێندراوە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن