جيهان, عێراق

سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، پێشوازی لە مەرسوومی سەرکۆماری سووریا بۆ داننان بە مافی کوردەکان کرد

- "له‌ كاتێكدا ئه‌م مه‌رسوومه‌ به‌رز هه‌ڵده‌سه‌نگێنين، دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ بەهای تەواوەتیی ئەم بڕیارانە له‌وه‌دايه‌ بکرێنە یاسای بەکار و لە دەستوورى داهاتووى سووريادا جێگير بكرێن بۆ ئەوەی پارێزراو و بەردەوام بن".

Fakhradin Ibrahim Mohammad  | 17.01.2026 - نوێکردنەوە : 17.01.2026
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، پێشوازی لە مەرسوومی سەرکۆماری سووریا بۆ داننان بە مافی کوردەکان کرد

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێراق نێچیرڤان بارزانی، پێشوازی لە مەرسوومی سەرکۆماری سووریا ئەحمەد شەرع بۆ داننان بە مافی کوردەکان کرد و ڕایگەیاندووە، "هەنگاوێكی گرنگى سياسى و ياساييى دروسته‌ بۆ بنیاتنانی سووریای نوێ و مسۆگەرکردنی مافی هەمووان".

نێچیرڤان بارزانی بە دەرکردنی ڕاگەیاندراوێک کە لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتیش بڵاوی کردووەتەوە ڕایگەیاندووە: "پێشوازی لە مەرسوومی دوێنێی بەڕێز ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی کۆماری سووریا دەکەم. داننان بە کورد وەک پێکهاتەيه‌كى ڕەسەن و پاراستنی مافه‌كانى، هەنگاوێكی گرنگى سياسى و ياساييى دروسته‌ بۆ بنیاتنانی سووریای نوێ و مسۆگەرکردنی مافی هەمووان".

ڕاشیگەیاندووە: "ڕێزگرتن لە فرەیی و یەکسانی وەک سەرچاوەی هێز، نەک هۆکاری دابەشبوون، بنەمای سەقامگیری و ئاشتییە و پێکەوەژیانی نیشتمانی بەهێز دەکات. له‌ كاتێكدا ئه‌م مه‌رسوومه‌ به‌رز هه‌ڵده‌سه‌نگێنين، دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ بەهای تەواوەتیی ئەم بڕیارانە له‌وه‌دايه‌ بکرێنە یاسای بەکار و لە دەستوورى داهاتووى سووريادا جێگير بكرێن بۆ ئەوەی پارێزراو و بەردەوام بن".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان وێڕای دەربڕینی پشتیوانی خۆی بۆ ئاشتى و سه‌قامگيری لە سووریا، ڕایگەیاندووە: "پشتیوانیی هەر هەوڵێک دەکەین بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێک له‌ سووریا کە هەموو پێکهاتەکان بێ جیاوازی و پەراوێزخستن لەباوەش بگرێت، تیایدا مافه‌ سیاسی و کولتوورییه‌کانی هه‌مووان مسۆگه‌ر و پارێزراو بن و ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌ به‌هێز بكات. بۆيه‌ داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دوور لە توندوتیژی، پێکەوە کار بكه‌ن بۆ دانانی میکانیزمی ڕوون بۆ جێبەجێکردنی ئەم مەرسوومە و گۆڕینی بۆ سیاسەت و کرداری بەرجەستە. هه‌روه‌ها دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ هه‌موو هاوكارييه‌ك له‌پێناو ئاشتى و سه‌قامگيريدا ئاماده‌يه‌".

ڕۆژی ڕابردوو سەرکۆماری سووریا، ئەحمەد شەرع مەرسوومێکی سەرکۆماری واژوو کرد کە بە پێی ئەو پێکھاتەی کورد بەشێکی بنەڕەتی و ڕەسەنی گەلی سووریان و زمانی کوردییشی وەک زمانێکی نیشتمانیی ناساند و ڕۆژی نەورۆزیشی لە سووریا کردە پشووی فەرمی.

لە مەرسوومەکەی سەرکۆماریی سووریادا هاتووە "دەوڵەت پابەند دەبێت بە پاراستنی فرەچەشنیی کولتووری و زمان و، مافی ھاووڵاتییانی کورد مسۆگەر دەکات لە زیندووکردنەوەی کەلەپوور و ھونەرەکانیان و پەرەپێدانی زمانی دایکیان لە چوارچێوەی سەروەریی نیشتمانیدا، زمانی کوردی بە زمانێکی نیشتمانی دادەنرێت و ڕێگە دەدرێت بە وانەگوتنەوەی لە قوتابخانە حکوومی و تایبەتەکاندا، لەو ناوچانەی کە کورد ڕێژەیەکی بەرچاوی دانیشتووانەکەی پێکدەھێنن، وەک بەشێک لە پڕۆگرامی ئارەزوومەندان یان وەک چالاکییەکی کولتووریی فێرکاری".

سەرۆکایەتی کۆماری سووریا وێڕای ڕاسپاردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت بۆ جێبەجێکردنی مەرسوومەکە، هەروەها ڕایگەیاندووە: "کارکردن بە ھەموو ئەو یاسا و ڕێکارە نائاساییانە ھەڵدەوەشێتەوە کە بەھۆی ئەنجامی سەرژمێریی ساڵی ١٩٦٢ لە پارێزگای حەسەکە کاریانپێکراوە و رەگەزنامەی سووری دەبەخشرێتە ھەموو ئەو ھاووڵاتییانەی بە ڕەچەڵەک کوردن و لەسەر خاکی سووریا نیشتەجێن لەگەڵ یەکسانی تەواویان لە ماف و ئەرکەکاندا".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın