سەرکۆمار ئەردۆغان: "پێداگر و ئامادەین پشتیوانی گەلی فەڵەستین بکەین"
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "پێداگر و ئامادەین کە هاوشێوەی ئێستا پشتیوانی گەلی فەڵەستین بکەین بۆ بەردەوامبوونی ئاگربەست لە گۆڕەپانەکەدا و هاوکار و بەشدار بین لە سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی غەززەدا".
Johannesburg
جۆهانسبێرگ - AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو وێرانکارییەی ئیسرائیل لە غەززەدا دروستیکردووە، هەوڵەکانی گەشەپێدانی فەڵەستین بەلایەنی کەمەوە ٧٠ ساڵ دەباتەوە دواوە. بەداخەوە، لە غەززە نەک تەنیا بیناکان، بەڵکو شایەتحاڵی وێرانکردنی ژینگەکەشی بووین".
لە میانی بەشداری کردنی لە دانیشتنی "جیهانێکی خۆڕاگر-بەشداری G20: کەمکردنەوەی مەترسییەکانی کارەساتەکان، گۆڕانی کەشوهەوا، گۆڕینی وزەی دادپەروەرانە، سیستمی خۆراک" کە لە چوارچێوەی لووتکەی سەرکردەکانی G20دا لە جۆهانسبێرگ ڕێکخرا، سەرکۆمار ئەردۆغان گوتارێکی پێشکەش کرد.
لە گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی نوێ بووینەتەوە وەک بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان، گۆڕانی کەشوهەوا و کارەساتەکان و، ڕایگەیاند: "دوای ئەو بومەلەرزە وێرانکەرانەی لە شەشی شوباتی ٢٠٢٣دا ڕوویاندا و ناومان لێنا 'کارەساتی سەدە' گەورەترین ئۆپەراسیۆنی بنیاتنان لە جیهاندا بەڕێوەدەبەین".
سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بەو کاولکاریانە کرد کە ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دروستی کردووە و، ڕایگەیاند: "بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو وێرانکارییەی ئیسرائیل لە غەززەدا دروستیکردووە، هەوڵەکانی گەشەپێدانی فەڵەستین بەلایەنی کەمەوە ٧٠ ساڵ دەباتەوە دواوە. بەداخەوە، لە غەززە نەک تەنیا بیناکان، بەڵکو شایەتحاڵی وێرانکردنی ژینگەکەشی بووین".
ڕاشیگەیاند: "پێداگر و ئامادەین کە هاوشێوەی ئێستا پشتیوانی گەلی فەڵەستین بکەین بۆ بەردەوامبوونی ئاگربەست لە گۆڕەپانەکەدا و هاوکار و بەشدار بین لە سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی غەززەدا".
سەرکۆمار ئەردۆغان ئەوەیشی خستەڕوو کە پلان دادەنێن لە تشرینی دووەمی ساڵی داهاتوودا ٣١هەمین کۆنفرانسی لایەنەکانی ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا لە تورکیا ساز بکرێت.
هاوکات سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە هەوڵەکان کرد بۆ زیادکردنی توانای وزەی خۆر و با و، ڕایگەیاند: "پێشبینی دەکەین تا ساڵی ٢٠٣٥ توانای وزەی خۆر و با چوار هێندەی ئێستا زیاد بکەین. ئەمساڵ پشکی وزەی نوێبووەوەمان بۆ سەروو سەدا٦٠ بەرزکردەوە".
