سەرکۆمار ئەردۆغان: "لەبارەی F-35ەکان لە دوایین دیدارمان لەگەڵ بەڕێز ترەمپ، هەنگاوی باشمان ناوە"
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "ناردنی یارمەتییەکان کە پێویستی خەڵکی غەززەیە، بۆ ئێمە زۆر زۆر گرنگە. ئەوە تەنیا بابەتی یارمەتی نییە، بەڵکو پرسێکی مرۆڤایەتییە".
Ankara
ئەنقەرە - AA
سەرکۆمار ئەردۆغان هیوای خواست کە ئیدارەی ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانی بێت لەبارەی پرسی فڕۆکە F-35ەکانەوە و ڕایگەیاند: "لەبارەی پرسی فڕۆکە F-35ەکانەوە لە دوایین دیدارمان لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا بەڕێز ترەمپ، هەنگاوی باشمان ناوە".
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای گەڕانەوەی لە ئازەربایجان و بەشداری لە ڕۆژی سەرکەوتن'ی ئەو وڵاتە، لە ناو فڕۆکەدا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.
سەرکۆمار ئەردۆغان وێڕای ئاماژەدان بە پێنجەمین ساڵیادی سەرکەوتنی سوپای ئازەربایجان بۆ ڕزگارکردنی قەرەباغ لە دەست داگیرکاریی ئەرمەنستان، گوتی: "دوای سەرکەوتن، سروەی ئاشتی هەڵدەکرێت، ئەوە جێی خۆشحاڵی تورکیایە. ئێمە ڕەوتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەرمەنستان هاوتەریب لەگەڵ ئازەربایجان بەڕێوەدەبەین".
پەیوەندیدار بە دۆخی غەززەش، سەرکۆمار ئەردۆغان گوتی: "ناردنی یارمەتییەکان کە پێویستی خەڵکی غەززەیە، بۆ ئێمە زۆر زۆر گرنگە. ئەوە تەنیا بابەتی یارمەتی نییە، بەڵکو پرسێکی مرۆڤایەتییە. ئامادەکارییەکان بۆ ناردنی کۆنتەینەرەکانی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان، بۆ غەززە بەردەوامە. دەرفەتی ئەوە دەخولقێنین کە بە باشترین شێوە ئەو کۆنتەینەرانە بگەیەنین".
بەشێکی دیکەی قسەکانی سەرکۆمار ئەردۆغان تایبەت بوو بە گرژییەکانی سوودان و لەم بارەیەوە گوتی: "وەک تورکیا ناتوانین لە دوورەوە سەیری ئەو ڕووداوانە بکەین کە دەقەومن. هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سوودان بەردەوامە".
سەرکۆماری تورکیا هەروەها باسی لە بابەتی فڕۆکە F-35ەکان کرد و گوتی: "لەبارەی پرسی فڕۆکە F-35ەکانەوە لە دوایین دیدارمان لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا بەڕێز ترەمپ، هەنگاوی باشمان ناوە. هیوادارم پابەندی بەڵێنەکانیان بن".
لەبارەی گرژییەکانی نێوان ئەفغانستان و پاکستان، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئەم هەفتەیە وەزیری دەرەوە فیدان، وەزیری بەرگریی یاشار گولەر و سەرۆکی میت ئیبراهیم کاڵن سەردانی پاکستان دەکەن".
سەرکۆمار ئەردۆغان هەروەها باسی لە پرسە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "ئەم هەفتەیە پەیوەندی بە بەڕێز باخچەلی'یەوە دەگرم، یان دەچمە سەردانی و یان بانگهێشتی دەکەم. هیچ کێشەیەک لە نێوانماندا نییە".
سەرکۆمار ئەردۆغان لە بابەتی زیادکردنی ژمارەی دانیشتووانیش بەداخبوونی خۆی بۆ دابەزینی ئاستەکەی نیشان دا و گوتی: "بە داخەوە لە ئاستی ١.٧ داین. ئەوە خۆکوژییە و پێویستە چارەسەری بکەین. دابەزینی ئەو ژمارەیە بۆ ئەم ئاستە، پەسەندکراو نییە".
گوتیشی: "بە درێژایی ساڵ گەورەترین بابەت بۆ ئێمە پرسی (پاراستنی) خێزان و کاریگەرییەکەیەتی. بۆیەش هیچ دەرفەتێک نادەین بە لادەرەکانی هاوڕەگەزخواز".
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها ڕەخنەشی لە سەرۆکی جەهەپە ئۆزگور ئۆزەل گرت و گوتی: "دەربڕینەکانی سەرۆکی جەهەپە و تۆمەتەکانی، بریتییە لە پێناسەکردنی دۆخی خۆیان. بەردەوامن لەسەر خۆتێرکردن بەڕێگەی قەیرانەکان، یارمەتی وەرگرتن لە خەیاڵ و کردنە ڕۆژەڤی خۆیان".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
