جيهان

زیاتر لە ٣٠٠ جێت و فڕۆکەی سەربازی لە بنکەکانی سێنتکۆم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرکران

Efe Özkan, Yasin Yorgancı  | 25.02.2026 - نوێکردنەوە : 25.02.2026
زیاتر لە ٣٠٠ جێت و فڕۆکەی سەربازی لە بنکەکانی سێنتکۆم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرکران

Ankara

ئەنقەرە - AA

لە کاتێکدا گرژییەکانی ئەمریکا و ئێران ڕوویان له‌ هه‌ڵكشان كردووه‌، ئیدارەی واشنتۆن زیاتر لە ٣٠٠ جێت و فڕۆکەی سەربازیی بۆ بنکەکانی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناردووە.

بەپێی داتاکانی فڕین لە سەرچاوە کراوەکانەوە، زیاتر لە ٣٠٠ فڕۆکەی سەربازی و جێتی ئەمریکی لە ناوچەکەدا هەن، کە زۆربەیان لە بنکەی ئاسمانیی ئەلعودەید لە قەتەر، بنکەی ئاسمانیی موەفەق ئال سالتی لە ئوردن و بنکەی ئاسمانیی شازادە سوڵتان لە سعوودیە دابەش کراون.

لەگەڵ ئەمانەشدا كه‌شتیگه‌لی ئاسمانیی ژمارە ٨ و ٩ی سەر کەشتیە فڕۆکەهەڵگرەکانی "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن" و "یو ئێس ئێس جێراڵد ئاڕ فۆرد"یش لە ناوچەکەدا جێگیرکراون.

به‌ مه‌به‌ستی گواستنەوەی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت و تاد، سێنتکۆم نزیکەی ٢٧٠ گەشتی لۆجستی ئەنجامداوە. لە ئێستادا زیاتر لە ٢١٠ فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتووی وەک F-16 ،F-15 و F-35 لەگەڵ ٧٥ فڕۆکەی گواستنەوەی ستراتیجی "KC-46" و "KC-135" و چەندین فڕۆکەی جەنگی ئەلیکترۆنی و چاودێری لە ناوچەکەدا جێگیرکراون، بەڵام تا ئێستا هیچ جووڵەیەکی فڕۆکە بۆمبهاوێژە ستراتیجییەکانی B-2 بەدی نەکراوە.

لە کاتێکدا ئەمریکا هێزێکی زۆر لە ناوچەکە کۆ دەکاتەوە، ئەگەری بەشداری ئیسرائیل لە هێرش بۆ سەر ئێران لە ئارادایە.

هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل توانای ئاسمانیی دوو هێندە دەکات و بە وەرگرتنی فڕۆکەی پێشکەوتووی "F-22 Raptor" لە ئەمریکا، ئامادەکاری بۆ پەکخستنی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی و ڕاداری ئێران دەکات. هەروەها شه‌ش فڕۆکەی دیکەی لەو جۆرە لە ئەمریکاوە بەرەو ئیسرائیل بەڕێوەن.

گوتەبێژی کۆشکی سپی، کارۆلاین لیڤیت بڵاوی كرده‌وه‌، سەرۆک ترەمپ هەرچەندە دیپلۆماسیی لا پەسەندە، بەڵام ئەگەر پێویست بکات بۆ ڕێگریی لە هەر هەڕەشەیەکی ئەتۆمیی ئێران، ئامادەی بەکارهێنانی هێزی سەربازییە.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە بڕیارە سبەینێ لە جنێڤ گەڕی سێهەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئه‌ملایكا و ئێران بە ناوبژیوانی عومان دەست پێ بکات.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın