جيهان

راگەیەندراوی ھاوبەشی کۆبوونەوەی ئەردۆغان و پوتین

- "(ئەردۆغان-پوتین) سەرکردەکان بەڵێنی خۆیان دووپاتکردەوە کە بە هاودەنگی و هەماهەنگی رووبەرووی هەموو رێکخراوە تیرۆریستییەکانی سووریا دەبنەوە".

Zafer Fatih Beyaz  | 05.08.2022 - نوێکردنەوە : 07.08.2022
راگەیەندراوی ھاوبەشی کۆبوونەوەی ئەردۆغان و پوتین

سۆچی - AA

سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆكی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لەمیانی کۆبوونەوەکەیاندا کە لە شاری سۆچی رووسیا بەڕێوەچوو، بەڵێنی خۆیان دووپاتکردەوە کە بە هاودەنگی و هەماهەنگی رووبەرووی هەموو رێکخراوە تیرۆریستییەکانی سووریا دەبنەوە.

سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی نێوان هەردوو سەرکردەکە راگەیەندراوێکی هاوبەش بڵاوکرایەوە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، هەردوو سەرکردە سەرەڕای هەموو ئاڵنگارییە ناوچەیی و جیهانییەکانی ئێستا، ئیرادەی هاوبەشی خۆیان بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکانی تورکیا و رووسیا لەسەر بنەمای رێزگرتن لە یەکتر و داننان بە بەرژەوەندییەکانی بەرامبەر، دووپاتکردووەتەوە. هەردوولا بەڵێنیان دا هەوڵی درێژخایەنیان هەبێت لە کەرتەکانی وەک گواستنەوە، بازرگانی، کشتوکاڵ، پیشەسازی، دارایی، گەشتیاری و بیناسازی، بۆ زیادکردنی قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بەگوێرەی ئامانجە دیاریکراوەکان. هەردوو وڵات رێککەوتن لەسەر گرتنەبەری هەنگاوی جددی بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکان لەسەر ئەو پرسانەی کە لە رۆژەڤدان.

لە چوارچێوەی پرسە ناوچەییەکان، سەرکردەکان ئاماژەیان بە گرنگی بوونی پەیوەندیی دلسۆزانە و راشکاوانە و متمانەی نێوان تورکیا و رووسیا کرد بۆ جێگیرکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا. لەم چوارچێوەیەدا هەردوو سەرکردە پشتڕاستیان کردەوە کە پەیوەندییە بونیاتنەرەکانی نێوان هەردوو وڵات رۆڵی هەبووە لە گەیشتن بە رێککەوتنی ئیستانبوڵ سەبارەت بە گواستنەوەی دانەوێڵە و خۆراک.

سەرکۆمار ئەردۆغان و سەرۆک پوتین جەختیان لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکەی ئیستانبوڵ کردەوە.

لە میانی كۆبوونەوەكەدا کە تیایدا دوایین پێشهاتەكانی سووریا تاوتوێکران، ئەردۆغان و پوتین جەختیان لەوە کردەوە کە گرنگی دەدەن بە پێشخستنی پرۆسەی سیاسی بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێكی هەمیشەیی لەو وڵاتەدا.

سەرکردەکان بە ئاماژەدان بەو گرنگییەی کە دەیدەن بە پاراستنی یەکڕیزی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی سووریا، بەڵێنی خۆیان دووپاتکردەوە کە بە هاودەنگی و هەماهەنگی رووبەرووی هەموو رێکخراوە تیرۆریستییەکانی سووریا دەبنەوە.

سه‌رکۆمار ئه‌ردۆغان و سەرۆک پوتین هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر به‌ سه‌روه‌ریی و یه‌كپارچه‌یی خاك و یه‌كگرتوویی نیشتمانیی لیبیا دووپاتکردەوە. هەردوو سەرکردە بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە و باوەڕپێکراو لە لیبیا و پشتیوانی خۆیان بۆ پرۆسەی سیاسی لەو وڵاتە لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان، دووپاتکردەوە.

هەروەها ئەردۆغان و پوتین رێککەوتن لەسەر ئەوەی کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی باڵای هاوکاری تورکیا و رووسیا لە تورکیا بەڕێوەبچێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın