
Washington DC
واشنتۆن- AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە بارەی رووداوەکانی ١٩١٥دا راگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.
بایدن، لە راگەیەندراوەکەیدا نوسیوویەتی: "هەموو ساڵێک لەمڕۆدا یادی ئەو کەسانە دەکەینەوە کە لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکاندا لە سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی، گیانیان لەدەستداوە و جارێکی دیکە پشتیوانی خۆمان بۆ رێگری کردن لە دووبارەبوونەوەی وەها ستەمێک دووپاتدەکەینەوە. کۆمەڵکوژییەکە لە ٢٤ی نیسانی ١٩١٥ەوە بە دەستگیر کردنی سەرکردە و رووناکبیرەکانی ئەرمەن لە ئیستانبوڵ دەستیپێکرد و یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ئەرمەنی راگوێزران، کوژران و لەناوبران".
لە راگەیەندراوەکەدا بایدن دەستەواژەی "مەدس یەگهێرن"ی بەکارهێناوە کە بە زمانی ئەرمەنی بە مانای "کارەساتی گەورە" دێت.
سەرۆکی ئەمریکا، جەختی لەوەش کردەوەتەوە کە "کەسانێکی زۆر بە کاریگەری رووداوەکانی ١٩١٥ ئاوارەی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەبوون و باسی لەوەش کرد کە ساڵانێکی درێژە ئەرمەنییەکان کلتووری ئەمریکا-یان دەوڵەمەند کردوە".
بایدن، ئاماژەی بەوەش داوە کە "کار بۆ دروستکردنی جیهانێک دەکەن تیایدا رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگیردرێت و رایگەیاند: "ئامانجمان رێگریکردنە لە دووبارەبوونەوەی ستەم لە جیهاندا. هەوڵ بۆ رێکخستن و باش کردنی مرۆڤەکان دەدەین. گەلی ئەمریکا رێز لەو ئەرمەنییانە دەگرێت کە ١٠٦ ساڵ پێش ئێستا بوونەتە قوربانی کۆمەڵکوژی".
جێی وەبیرهێنانەوەیە لەپێش بایدن هەریەکە لە دۆناڵد ترەمپ و باراک ئۆباما دوای هاتنە سەر دەسەڵات لە لێدوانەکانیاندا دەربارەی بابەتەکە دەستەواژەی "مەدس یەگهێرن" و "کارەساتی گەورە"یان بەکارهێنابوو.
سەرکردەکانی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩٣ و لە قۆناغی دەسەڵاتی بیڵ کلینتۆن-ەوە تا ئێستا ساڵانە لە ساڵیادی رووداوەکانی ١٩١٥ راگەیەندراو بڵاودەکەنەوە و رووداوەکان بە "کارەساتی گەورە، راگواستن و کۆمەڵکوژی" ناودەبەن.