"دەگەمە ئەورووپا لەوێ قاچم بۆ دروست دەکەن و دواتر دەتوانم یاریی بکەم"
ئەمڕۆ بۆ رۆژی شەشەمە کە کۆچبەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق لەسەر سنووری پۆڵەندا و لە جەنگەڵێکی بیلاڕووس گیریان خواردووە و چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە دەرگای ئەو وڵاتە بەڕوویاندا بکرێتەوە و بەرەو وڵاتانی ئەورووپا بەتایبەت ئەڵمانیا بڕۆن و لەوێ جێگیر بن.

Minskaya Voblasts
سلێمانی - AA رەوا حاجی
ئەمڕۆ بۆ رۆژی شەشەمە کە کۆچبەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق لەسەر سنووری پۆڵەندا و لە جەنگەڵێکی بیلاڕووس گیریان خواردووە و چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە دەرگای ئەو وڵاتە بەڕوویاندا بکرێتەوە و بەرەو وڵاتانی ئەورووپا بەتایبەت ئەڵمانیا بڕۆن و لەوێ جێگیر بن.
لەنێو کۆچبەراندا، چەندین ژن، منداڵ، کەمئەندام و نەخۆش هەن کە بە بیستنی چیرۆکەکانیان مرۆڤ دڵی دەگوشرێت.
ئاژانسی ئانادۆڵو توانی دەستی بگات بە زۆر چیرۆکی نەبیستراو لەنێو جەنگەڵەکانی سەر سنووری پۆڵەندا کە زۆربەیان هاووڵاتی هەرێمی کوردستانی عێراقن.
یەکێک لە خەمناکترین چیرۆکەکانی نێو کۆچبەرانی سەرسنووری بیلاڕووس منداڵێکی هەشت ساڵانە کە ئەو بەئومێدی گەڕانەوەی قاچەکانی بۆی لەگەڵ باوکیدا هاتووە بۆسەر سنووری بیلاڕووس لەگەڵ پۆڵەندا، ئەو بە دەم پێکەنین و هیواوە دەڵێت "بورغی قاچە دەستکردەکانم تێک چووە، ناتوانم رێی پێوە بکەم. دەگەمە ئەورووپا لەوێ قاچم بۆ دروست دەکەن و دواتر دەتوانم یاریی بکەم بۆخۆم".
- کەمئەندامان و نەخۆشان بەشێکن لە چیرۆکە ئازاربەخشەکانی نێو کۆچبەران
ئەریوان پشتیوان کە لە ٢٠١٩ کۆلێژی زانست بەشی بایۆلۆجی تەواو کردووە لەگەڵ هاوسەرەکەی کە ماوەی حەوت ساڵە کۆلێژی پزیشکی تەواو کردووە لەگەڵ دوو منداڵەکەیدا کە ئەویش یەکێکیان نەخۆشی شێرپەنجەی تووشبووە، هاتوونەتە سەر سنووری بیلاڕووس، ئەو خاوەنی دوو منداڵە کە یەکێکیان نەخۆشن و ئێستا لەگەڵ هاوسەرەکەی و دوو منداڵەکەی لەنێو جەنگەڵەکان بیلاڕووس لەسەر سنووری پۆڵەندا دەمێننەوە.
هاوسەرەکەی ئەریوان پشتیوان بە دەم گریانەوە باس لە چیرۆکی هاتنی خۆی و منداڵە نەخۆشەکەی دەکات دەڵێت ''من بۆخۆم دکتۆرەم، حەوت ساڵە کۆلێژی پزیشکیم تەواو کردووە و پزیشکی پێشکەوتووی خولاوەم لەبواری منداڵاندا. منداڵەکەم نەخۆشە گرێی شێرپەنجەیی هەیە. لە هەرێمی کوردستان هەوڵیان دا چارەسەری بکەن، بەڵام بەتەواوی بنبڕ نەبوو شێرپەنجەکەی".
ئەو کە حەزی نەدەکرد ناوی خۆی بڵێت، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بەدەم گریان هاوارەوە گوتی: "داوا دەکەم لە هەموو دنیا، بێن بەهانامانەوە، بەس منداڵەکەم بۆ دەربکەن تاوەکو رزگاری بێت، خۆم دکتۆرەم هەرێمم بەجێهێشتووە، دەوام و هەموو شتێکم جێهێشتووە، هەرچی پارە هەبوو خەرجم کرد بۆ ئەوەی منداڵەکەم رزگار بکەم، پێشتر منداڵێکی ترم مردووە. لە هەرێمی کوردستان پێیان گوتم ئەوەی لە تواناماندایە بۆمان کردووە، ناتوانین لەمە زیاتری بۆ بکەین. پێنج جەلسە دەرزی کیمیایی وەرگرتووە، نەخۆشخانەی هیوا یارمەتیمانی داوە، نەشتەرگەری گەورەمان لە کەرکووک بۆ ئەنجام دا. ناردیانینە تورکیاش".
ئیبراهیم ر. لەسەر کورسی کەمئەندامییەکەی دانیشتبوو، ئەو تەمەنی ٢٢ ساڵ دەبێت، ماوەی شەش رۆژە لەنێو دارستانەکانی سنووری بیلاڕووس گیری خواردووە لەگەڵ کۆچبەرەکاندا، بەهۆی سەرماوە دەموچاوی بەستبوو، لەڕێگەی ئاژانسی ئانادۆڵوە ئاماژەی بەوە دا کە ئەو بۆ چارەسەری قاچەکانی ملی رێگای هەندەرانی گرتۆتە بەر و ئاماژە بەوە دەکات کە زۆر بە ناڕەحەتی لە هەرێمی کوردستانەوە گەیشتۆتە سەر سنووری بیلاڕووس لەگەڵ پۆڵەندا و دەڵێت ''بەشەش کەس منیان هەڵگرتبوو، تا گەیشتمە ئێرە بە زەحمەت، ئەوان یارمەتیم دەدەن ئێستاش".
یەکێک لە خەمناکترین چیرۆکەکانی نێو کۆچبەرانی سەرسنووری بیلاڕووس منداڵێکی هەشت ساڵانە کە ئەو بەئومێدی گەڕانەوەی قاچەکانی بۆی لەگەڵ باوکیدا هاتووە بۆسەر سنووری بیلاڕووس لەگەڵ پۆڵەندا، ئەو بە دەم پێکەنین و هیواوە دەڵێت "من دەچمە ئەڵمانیا بۆ ئەوەی قاچەکانم بۆ بگەڕێننەوەو بتوانم یاریی بکەم".
ئەو ناوی تەمەن-ە و کوڕێکی هەشت ساڵەی کەمئەندامە و هەردوو قاچەکانی لەدەستداوە، ماوەی شەش رۆژە لەگەڵ خێزانەکەیدا گەیشتۆتە سەر سنووری بیلاڕووس لەگەڵ پۆڵەندا، بەدەستێکی قاچە دەستکردەکانی هەڵگرتبوو، بەدەستەکەی تریشی هەوڵی خۆ گەرمکردنەوەی دەدا، ئەو لە خێزانێکی شەش کەسییە.
تەمەن لەڕێگەی ئاژانسی ئانادۆڵووەوە باس لە ئاستەنگییەکانی سەر سنوور دەکات و بە ئومێدی ئەوەی لە ئەورووپا قاچی بۆ دروست بکەنەوە، لەگەڵ خێزانەکەیدا بەرەو سنووری بیلاڕووس لەگەڵ پۆڵەندا هاتوون و ئەو لەبەردەم کامێرای ئانادۆڵودا دەڵێت "بورغی قاچە دەستکردەکانم تێک چووە، ناتوانم رێی پێوە بکەم. دەگەمە ئەورووپا لەوێ قاچم بۆ دروست دەکەن و دواتر دەتوانم یاریی بکەم بۆخۆم".
- کەسانی بەتەمەن بەئومێدی دابینکردنی داهاتوو بۆ نەوەکانیان، ملی رێگەی هەندەرانیان گرتۆتە بەر
بەشێکی تر لە کۆچبەران کەسانی بەتەمەنن، ئەوان بە ئومێدی دابینکردنی داهاتوویەکی پرشنگدار بۆ منداڵ و نەوەکانیان، هاتوونەتە سەر سنووری بیلاڕووس لەگەڵ پۆڵەندا.
زۆرێک لە کۆچبەران ئامادە نین ناوی خۆیان بڵێن لە ترسی ئەوەی کە لەکاتی گەیشتنیان بە ئەورووپا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ نەکرێت و وەک دۆسیەیەک لەدژیان بەکارنەیەت، بەڵام بۆ گەیاندنی دەنگی ناڕەزایی ئامادەن لێدوان بدەن.
ژنێک بەناوی(ر. ع) کە تەمەنی ٦١ ساڵە و لەگەڵ کوڕ و کچەکانیدا هەرێمی کوردستانیان بەجێهێشتووە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تا بڵێی بارودۆخمان خراپە، چوار منداڵمان پێیە بۆخۆمان هەشت کەسین هاتووین، نەشیرمان ماوە نە دایبی، ئاویان هێناوە بەس بەشی ئەو خەڵکە ناکات، ئەوە بۆ پێنج شەو دەبێت لێرەین، لەگەڵ سەرمادا دۆخمان زۆر خراپە، بەڕۆژ بەدەست دەچین دار کۆدەکەینەوە بە شەو دایدەگیرسێنین بۆ ئەوەی منداڵەکان رەق نەبنەوە لە سەرما. چاوەڕێی دەکەین ئەو دەوڵەتانە یارمەتیمان بەن و رزگارمان بکەن لێرە، هەموومان منداڵی ساوامان پێیە، گرتاربووین، پێشتر دەیانگووت لە ئەورووپا مافی مرۆڤ هەیە، کەچی ئێستا یەک کەس ئاوڕمان لێنادەنەوە. دوو رۆژی تر لێرە بمێنینەوە ئەو خەڵکە لە برساو لە سەرمادا دەمرن".
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا بۆ هەرێمی کوردستانی عێراقیان بەجێهێشتووە (ر.ع.)کە بەدەستێکیەوە منداڵە ساواکەی ژیر دەکردەوە، گوتی: "بەهۆی ئەوەی کە لە هەرێم کێشەی زۆر هەبوو بەجێمان هێشت. یەکێک ناوێرێ قسە بکات دەکوژرێت، بەخاتری ئەو منداڵانە هاتینە دەرەوە تاوەکو منداڵەکان رزگاریان بێت و ئەوانیش تووشی کێشە نەبن".
مام عەزیز خ.-یش لە گەرمیانەوە هاتووەتە سەر سنووری بیلاڕووس لەگەڵ پۆڵەندا لەگەڵ یەکێک لە نەوەکانیدا دانیشتبوو بە بێزارییەکەوە بۆ ئانادۆڵو گوتی: "لەلای ئاگرەکە جێگەمان نەبوویەوە، بۆیە هاتووینەتە ئێرە، هەر ئەم جلوبەرگانەمان پێیە، ئەوە قەمسەڵەکەم سووتاوە".
مام عەزیز ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان لە نادادپەروەری لە هەرێم هەڵاتوون، هاوکات بە ئومێدی دابینکردنی داهاتوویەکی پرشنگ بۆ منداڵ و نەوەکانیان ملی رێگای ئەورووپایان گرتۆتە بەر و ئومێدی بەوەیە کە لە ماوەیەکی نزیکدا بگەنە ئەورووپا و گوتی: "ئەوەتا دەستم هەمووی برینداربووە هێندە دار بهێنم بۆ ئەوەی خۆمانی پێگەرم بکەینەوە. لەوەیە هەتا یەک هەفتەی تر لێرە لەم سەرمایەدا بین، تا دەرمان دەکەن بۆ ئەورووپا، بەڵام پێمخۆشە لێرە لەم سەرمایەدا بم، نەوەک بمگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکەم. وەسێتم کردووە ئەگەر بمرم پێمخۆشە لەوێ (ئەڵمانیا) بمنێژن نەک بمبەنەوە بۆ هەرێم".
- زۆرێک لە گەنجەکانی نێو کەمپەکە، خاوەن بڕوانامەی زانکۆ و پەیمانگاکانن و لەبەر بێکاری ملی رێگایان گرتۆتە بەر
گەنجان بەشێکی زۆری کۆچبەرانی سەر سنووری بیلاڕووس لەگەڵ پۆڵەندا پێکدەهێنن و بەگوتەی خۆیان زۆربەیان خاوەن بڕوانامەی دبلۆم، بەکالۆریس و ماستەرن و لەبەر نەبوونی بژێوی ژیان ملی رێگای هەندەرانیان گرتووە.
بەشێک لەو گەنجانە لەڕێگەی ئاژانسی ئانادۆڵوەوە خۆیان دەناسێنن و باس لە هۆکاری هاتنە دەرەوەیان لە هەرێمی کوردستان و رۆیشتنیان بۆ ئەورووپا دەکەن.
کارزان بورهان دەرچووی زانکۆ بەشی مێژووە، ئاماژە بەوە دەکات کە داهاتوویان دیار نەبووە، بۆیە هاتوونەتە دەرەوە و باس لەوە دەکات کە بەهۆی سەرما و بێنان و ئاوییەوە رەوشیان زۆر خراپە.
جەمال حەمەسەعید حەسەن دەرچووی کۆڵێژی کشتوکاڵ لە زانکۆی هەڵەبجە یەکێکی ترە لە گەنجەکان و ئەویش هۆکاری هاتنە دەرەوەی بۆ نەبوونی کار دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت "زۆربەی ئەو گەنجانەی لێرەن لەبەر نادادی و نەبوونی کار لە هەرێم هاتوونەتە دەرەوە، زۆرێکیان خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریسن، ئێستا لێرە دۆخیان خراپە بەهۆی بێنان و ئاوی و سەرماوە، هەموو شتێکمان لێبراوە، ئەگەر نەیەن بە هانامانەوە، دۆخەکە زۆر خراپ دەبێت، چونکە منداڵ و ژنی دووگیان و کەمئەندامی زۆرمان تێدایە".
یەکێکی تر لە گەنجەکان کە دەمامکی بەستبوو بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە، بۆ ئانادۆڵو گوتی: "منیش دەرچووی کشتوکاڵم، بەهۆی ئەو نادادپەروەری و غەدرەی لێمان دەکرا لە هەرێمی کوردستان، هاتووینەتە دەرەوە. من هەشت ساڵە خۆم و خێزانم زانکۆمان تەواو کردووە، هیچ کارێکمان نەبوو، تەنیا کرێکاری نەبێت".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن