دوو لەو مووشەکانەی ئێران ئاڕاستەی ئیسرائیل کردن لە ناوچەکانی ناوەڕاستی ئەو وڵاتە کەوتەخوارەوە
بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند لەو هێرشەدا ١٠ کەس بە سووکی برینداربوون.

Ankara
ئەنقەرە - AA
دوو لەو مووشەکانەی ئێران بەیانی ئەمڕۆ لە وەڵامی هێرشەکانی سەر وڵاتەکەی ئاڕاستەی ئیسرائیل کردن، لە ناوچەکانی ناوەڕاستی ئەو وڵاتە کەوتەخوارەوە و، بەهۆیانەوە ١٠ کەس بە سووکی برینداربوون.
سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە کە بەیانی ئەمڕۆ ئێران لە وەڵامی هێرشەکاندا نزیکەی ٢٠ مووشەکی بالیستی ئاڕاستەی وڵاتەکەی کردووە.
لە کاتێکدا لە ڕاگەیەندراوەکەدا زانیاریی لەبارەی ئەوە نەخراوەتەڕوو کە چەند مووشەک لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە تێکشکێندراون، بەڵام ڕاگەیاندنی ئیسرائیل باسیان لەوە کرد مووشەکەکان بەر دوو ناوچەی جیاوازی ناوەڕاستی وڵاتەکە کەوتوون.
ئاماژە بەوەیش کرا یەکێک لەو شوێنانەی پێکراوە ناوچەی گوش دانە لە تەل ئەبیب، ئەوی دیکەیان شاری هێرزیلیایە کە دەکەوێتە نزیک تەل ئەبیب.
ئەستێرەی سووری داود، کە دەزگای هاوکاری بەپەلەی ئیسرائیلە، بڵاویکردەوە لە هێرشەکاندا ١٠ کەس بە سووکی برینداربوون.
لەو دیمەنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، دەردەکەوێت کە دووکەڵ لەو ناوچانەی کراونەتە ئامانج، بەرز دەبێتەوە.