جيهان, ژيان

داعش هاووڵاتییانی مووسڵ وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت

جەبار: "تیرۆریستیان داوایان لێکردین بێینە دەرەوە و ئێمەیان کردە دیوارێک بۆ ئەوەی هێزە عێراقییەکان تەقەیان لێ نەکەن، بەجۆرێک ئێمە لە پێشیانەوە دەڕۆیشتین و ئەوانیش خۆیان لە پشت ئێمە حەشاردابوو هاوکات تەقەیان لە هێزە عێراقییەکان دەکرد".

Hemin Hüseyin  | 11.04.2017 - نوێکردنەوە : 12.04.2017
داعش هاووڵاتییانی مووسڵ وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت

Arbil

هەولێر - AA

هاووڵاتی مووسڵ، مەحموود جەبار: "تیرۆریستیان داوایان لێکردین بێینە دەرەوە و ئێمەیان کردە دیوارێک بۆ ئەوەی هێزە عێراقییەکان تەقەیان لێ نەکەن، بەجۆرێک ئێمە لە پێشیانەوە دەڕۆیشتین و ئەوانیش خۆیان لە پشت ئێمە حەشاردابوو هاوکات تەقەیان لە هێزە عێراقییەکان دەکرد".

لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ و روودانی شەڕ و بۆردوومانەکان لەو شارە، رۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە بریندارانی شاری مووسڵ دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان و چارەسەری پێویست وەردەگرن.

بریندارەکان خەڵکی سڤیل و سەربازیشی لە نێودایە کە جگە لە برینداربوونییان بە گولـلە هاوەن و بۆمبە چێنراوەکان ئەوا بەشێکیان بەهۆی بەرکەوتنی ماددەی کیمیاوی، بەشێک لە جەستەیان سووتاوە و لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا لە شاری هەولێر چارەسەری پێویست وەردەگرن.

یەکێک لەو قوربانییانەی کە چەکی کیمیاوی بەرکەوتووە، خەڵکی گەڕەکی عگێداتە لە شاری مووسڵ بە ناوی عوسمان یوسف، ئەو ئێستا لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوایە لە شاری هەولێر، ئاماژەی بە یەکەم چرکەساتی بەرکەوتنەکە کرد و گوتی: "پێشتر شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لە نێوان تیرۆریستکان و هێزە عێراقییەکان هەبوو، چەند جارێک لە نزیک ماڵەکەی ئێمە گولـلە هاوەن کەوتووەتە خوارەوە بەڵام پێشی یەک هەفتە چەند گولـلە هاوەنێکی جیاواز لە نزیک ماڵەکەی ئێمە کەوتە خوارەوە کە ژمارەیان نزیکەی ١٠ گولـلە هاوەن دەبوو، بەهۆیەوە تەواوی بەرکەوتووەکان بەشێک لە جەستەمان سووتا".

عوسمان یوسف گوتیشی: "ئێمە ١٥ کەس بووین لە ماڵەوە، دوای کەوتنە خوارەوەی گولـلە هاوەنەکان هەستمان بە بۆنی سیر کرد و دوای ئەوەش هەستمان بە سووتانی جەستەمان کرد و من بۆخۆم هەردوو قاچم بەوهۆیەوە سووتاوە و مامۆژنەکەشم چاوەکانی تووشی هەوکردن و سووتانەوە بووە و ئەندامەکانی دیکەی خێزانیشمان تووشی هەمان حاڵەت بوون، بەڵام بەشێکیان بەهۆی سووکی برینەکانییانەوە، دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست رەوانەی ماڵەوە کرانەوە، ئێمە چوار کەس لە ژێر چاودێری پزیشکی لە نەخۆشخانە ماوینەتەوە".

ژوورەکانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا، پڕ بووە لە خەڵکی مووسڵ کە بەهۆی شەڕو پێکدادانەکانی نێوان تیرۆریستانی داعش و هێزە عێراقییەکان، برینداربوون.

یەکێکی دیکە لەو قوربانییانەی کە خەڵکی گەڕەکی مەئموونە لە شاری مووسڵ، ئاماژە بەوە دەکات کە گەڕەکەکەی ئەوان ماوەی مانگێک دەبێت ئازادکراوە بەڵام بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو و برینداربوونی، رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا کراوە لە شاری هەولێر.

کامیل ئەحمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "گەڕەکەکەی ئێمە ماوەی مانگێک دەبێت ئازاد کراوە و هێزە عێراقییەکانی تێدابوو بەڵام من و پیاوێکی دراوسێمان کە پیاوێکی بەتەمەنە و لە رێگا دەڕۆیشتین و لە پێشەوەی ئێمە کەسێک بە دووری دە مەتر دەڕۆیشت و لەپڕ بۆمبێکی چێنراو لە ژێر پێیدا تەقیییەوە و بەهۆیەوە من چاوی چەپم لەدەستداوە و قاچی راستیشم پلاتینی تێدایە".

ئەو قوربانییە ئاماژە بەوەدەکات کە پزیشکەکان پێیان راگەیاندووە کە چارەسەری چاوی لە دەرەوەی وڵات دەکرێت بەڵام بەهۆی کەمدەرامەتییەوە ناتوانێت سەردانی دەرەوەی وڵات بکات.

کامیل ئەحمەد گوتیشی: "لە ئەنجامی تەقینەوەی ئەو بۆمبە چێنراوەش، ٤ کەس گیانیان لەدەستدا و ٦ کەسیش برینداربووین کە هەر هەموومان خەڵکی سڤیل بووین و گواستراینەوە بۆ حەمام عەلیل و لەوێیەوەشەوە گواستراینەوە بۆ هەولێر".

ئەگەرچی لە کاتی ململانێ و شەڕدا پێویستە گیانی هاووڵاتییان پارێزراوبێت بەڵام پێچەوانەی هەموو یاسا و رێساکان، تیرۆریستانی داعش، خەڵکی سڤیلیان بەکارهێناوە وەکو دیوارێک بۆ ئەوەی هێزە عێراقییەکان نەتوانن بەرامبەریان شەڕ بکەن.

مەحموود جەبار، یەکێکە لەو قوربانییانەی کە تەواوی خێزانەکەی بوونەتە قوربانی و ئێستاش بەدیار منداڵە ١٠ ساڵانەکەیەوە بەشەو و بە رۆژ ئیشکگرە و تراجیدیای ئەو کارەساتە هێشتا لەسەر رووخساری کاڵ نەبووەتەوە.

مەحموود جەبار بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەم دواییەدا کاتێک شەڕو پێکدادانەکان نزیک ناوچەکەی ئێمە بوونەوە، ئەوا ماوەی ١٧ رۆژ نەمانتوانی لە ماڵ بێینە دەرەوە، دوای ئەو ماوەیە هێزەکانی عێراق لە گەڕەکەکەی ئێمە نزیکبوونەوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هێزە عێراقییەکان، گرووپە تیرۆریستییەکان داوایان لێکردین بێینە دەرەوە و ئێمەی خەڵکی سڤیلیان کردە دیوارێک بۆ ئەوەی هێزە عێراقییەکان تەقەیان لێ نەکەن، بە جۆرێک ئێمە لە پێشیانەوە دەڕۆیشتین و ئەوانیش خۆیان لە پشت ئێمە حەشاردابوو هاوکات تەقەیان لە هێزە عێراقییەکان دەکرد و بەهۆیەوەش ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل بوونە قوربانی".

مەحموود جەبار گوتیشی: "دوای ماوەیەک رۆیشتن کەوتینە ناو شەڕێکی قوڕس و ئیتر من بە کۆڵانێکدا خۆم دەرباز کرد و نزیکەی ١٢ کەسیش لە کەسوکارەکەم بە کۆڵانێکی دیکەدا خۆیان دەرباز کرد بەڵام ئەوەی لێی دەترسام کە روونەدات، رووی دا".

مەحموود جەبار لەسەر گێڕانەوەی کارەساتە تراجیدیایەکەی ئەو رۆژە بەردەوام بوو، گوتی: "دوای ئەوەی کەسوکارەکەم بە کۆڵانێکی دیکەدا دەیانەوێت خۆیان دەرباز بکەن و بۆمبێکی چێنراو پێیاندا دەتەقێتەوە و لە ئەنجامدا شەش کەس شەهیدبوون و شەش کەسیش بریندار بوون کە ئێستا لەو نەخۆشخانەیە چارەسەری پێویست وەردەگرن".

سەبارەت بە رەوشی تەندروستی بریندارەکانیش، مەحموود جەبار گوتی: "کوڕە تەمەن ١٠ ساڵانەکەم بەهۆی تەقینەوەی بۆمبە چێنراوەکە قاچی چەپی بڕاوەتەوە و ئێستاش لە ژێر چارەسەی پزیشکیدایە، هاوکات منداڵەکانی دیکەمان بەهۆی بەرکەوتنی ساچمە و پارچەی تەقینەوەکان بریندار بوون".




بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın