
As Sulaymaniyah
سلێمانی - AA
جوگەیەکی باریکی ئاوی ڕوون کە لە شاری پاوەی ئێرانەوە سەرڕێژ دەبێتە هەڵەبجە، بووەتە هێڵی جیاکردنەوەی سنووری نێوان عێراق و ئێران و دانیشتووانی هەردوو بەرەکەی کە هەمووی خزمی یەکترن، بەسەر دوو وڵاتدا دابەش کردووە.
ئەم جۆگەیە دەکەوێتە ناحیەی بیارەی سەربە پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، دانیشتووانی هەردوو ناوچە سنوورییەکە خزمایەتی و نزیکایەتیان هەیە، بۆیە هێزەکانی سەر سنوور ڕێگرییان لێ ناکەن کاتێک هاتوچۆی یەکتری دەکەن و پێویستیان بە هەڵگرتنی پاسپۆرتیش نییە.
▪️ گەشتیارێکی زۆر لە نزیکەوە دەیانەوێ جۆگەکە و هێلی جیاکردنەوەی سنوورەکە ببینن
▪️ جۆگە ئاوەکە جگە لە سەرچاوەی ژیان بووەتە سەرچاوەی داهاتیش بۆ خەڵکی ناوچەکە
جۆگەیەک کە #عێراق و #ئێران لە یەکتر جیا دەکاتەوە بووەتە جێی سەرنجی گەشتیاران https://t.co/aG3lYmWk2L pic.twitter.com/4s8UxiPeik
جەنگی خوێناوی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران نەبووە هۆی دانانی بەربەست و دیواری کۆنکرێتی لە ناوچەکە بۆ جیاکردنەوەی سنوور و ئەوەشی جێی سەرنجە لەو شوێنە تا ئێستاش هیچ بازگە و خاڵێکی سنووری نییە و، هاووڵاتيیانی هەردوو وڵات ئازادانە هاتوچۆی تێدا دەکەن و سەردانی یەکتر دەکەن.
خەڵکی هەردوو بەرەکە بەوەش ناوەستن و هەندێکجار پێداویستییەکانی بازاڕیش بە بێ ڕێگریکردنی هیچ وڵاتێک لە بازاڕی وڵاتەکەی دیکە دەکڕن.
- گەشتیارێکی زۆر لە نزیکەوە دەیانەوێ جۆگەکە و هێلی جیاکردنەوەی سنوورەکە ببینن
ئەم جۆگەیە کە بەکاردێت بۆ ئاودێری ئەو باخ و ڕەزانەی لە ناوچەکەدا هەن، لە هەمان کاتدا هێڵی جیاکەرەوەی سنووری عێراق و ئێرانە و شوێنێکی سەرنجڕاکێشە بۆ گەشتیارانی هەردوو وڵات.
لەبەرئەوەی ئەو هێڵە سنووریە کەوتووەتە ناوچەیەکی گەشتیاری، ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار ڕووی تێدەکەن و بۆ یادگاری وێنە دەگرن کە لە یەک کاتدا لە بەری هەردوو وڵاتەکە بن.
ویداد ڕەزوان کە گەشتیارێکی عێراقییە و لە بەغداوە سەردانی ناوچەکەی کردووە، باسی لە وە کرد کە پێشتر ناوچەکەیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی بینیبوو و ئیستا کە لە نزیکەوە دەیبینین ناوچەیەکی خۆش و دڵڕفێنە.
ویداد ئاماژەی بەوەیش کرد کە لەگەڵ خێزانەکەیدا بڕیاریانداوە بێن و بە چاوی خۆیان سروشتی ناوچەکە و ئەم شوێنە گەشتیاریە ببینن و گوتی: ''لە ڕاستییدا گوێمان لە ھاوینە ھەواری بیارە بوو کە دەکەوێتە سەر سنووری عێراق لەگەڵ ئێران، پێمان خۆشبوو سەردانی بکەین و لە نزیکەوە ئەم ئاوە ببین کە سنووری عێراق و ئێران جیا دەکاتەوە''.
- جۆگە ئاوەکە جگە لە سەرچاوەی ژیان بووەتە سەرچاوەی داهاتیش بۆ خەڵکی ناوچەکە
بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران و رێنوێنی کردنیان بۆ بنینی ناوچەکە و دیمەنی سەرنجراکێشی بە تایبەتی ئەو جۆگەیەیە کە ئێران و عێراق لێکجیادەکاتەوە، خەڵکی ناوچەکەش هاوکار دەبن و ئەوەش بۆیان بۆتە سەرچاوەیەکی داهات بۆیان.
هاووڵاتییەک بەناوی ڕێبوار ساڵح حەمەحسێن (٣٦ ساڵ)، کە دانیشتووی ناحیەی بیارەیە لە هەورامانە، چایخانەیەکەی داناوە و ناوی هەردوو وڵاتەکە "عێراق و ئێران"ی لێناوە.
ڕێبوار لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە بیری لەوە کردووەتەوە کارێک بکات هەم سوودی بۆ خۆی هەبێت لە ڕووی بژێوی ژیان، هەمیش ببێتە جێی سەرنجی هاووڵاتيیان کە ڕوو لە ناوچەکە دەکەن.
گوتیشی: ''خەڵکی لە هەردوو بەری وڵاتەکە سەردانمان دەکەن و هاووڵاتی عێراقی دێت و دەڵێت چایەکی عێراقیم بدەرێ با لە خاکی ئێراندا بیخۆمەوە، هاووڵاتی ئێرانیش دێت و دەڵێت چایەکم بدەرێ با لە خاکی عێراقدا بیخۆمەوە''.
ڕێبوار ئاماژەی بەوە کرد کە جگە لە گەشتیاری عێراقی و ئێرانی گەشتیارانی وڵاتانی دیکەش لە هەموو ڕەنگێک سەردانیان دەکەن و سەرسامن کە دەبینن ئەو هێڵە سنووریەی لە نێوان عێراق و ئێراندایە هیچ نیشانەیەکی جیاکەرەوەی وەک سیم و دیوار و بازگە و خاڵی سنووری لێ نییە و خەڵکی ئازادانە تیایدا دەگەڕێن.