تورکیا بەردەوامە لە هاوکاری کردنی غەززە
٨٨٠ کەس کە پێکهاتوون لە ٤٣٠ نەخۆش و ٤٥٠ یاوەری نەخۆش بە نۆ گەشتی ئاسمانیی گواستراونەتەوە بۆ تورکیا بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

Ankara
ئەنقەرە - AA
سەرۆکایەتی بەڕێوەبردنی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا (AFAD) بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوکاری مرۆییدا لە حەوتی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە تا ئێستا، تێکڕا ١٠١ هەزار و ٢٧١ تۆن پێداویستی هاوکاری لە تورکیاوە گەیەندراوەتە غەززە.
بەپێی ئەو زانیاریەی لە AFADەوە وەرگیراوە، بە ١٤ فڕۆکە و ١٦ کەشتی و هەروەها دابینکردن لە ناوخۆ (ئەو پێداویستییانەی لە ناوچەکە خۆی کڕدراون) پێداویستی هاوکاری مرۆیی لە تورکیاوە گەیەندراوەتە غەززە.
ئەو هاوکارییانەی گەیەندراونەتە ناوچەکە، پێکهاتوون لە خۆراک، پێداویستی مانەوە، پێداویستی پزیشکی، پاککەرەوە و چەندین جۆر هاوکاری دیکە.
هاوکارییەکان بریتین لە؛ ٢٥ هەزار و ٧٢٩ تۆن پێداویستی خۆراک، سێ هەزار و ١٧١ تۆن ئاوی خواردنەوە، ٣٥١ کۆنتەینەر بۆ مانەوە، ١١٣ هەزار و ٦٠٨ بەتانی، ٢٥ هەزار و ١٨٠ خێمە، ١٩ هەزار و ٧٩٨ کیسەی خەو، ١٥١ هەزار و ٤٤٥ پارچە پێداویستی نیشتەجێبوون، سێ چێشتخانەی گەڕۆک ڕەوانەی غەززە کراون لەگەڵ ٤٦٩ هەزار و ٤٨٦ پارچە جلوبەرگ، هەزار و ٨٣ سێتی یاری منداڵان گەندراونەتە غەززە. هەروەها بە هاوکاری لەگەڵ ئونروا ٦٥ هەزار و ٢٧٣ تۆن ئارد ڕەوانەی غەززە کراوە.
تێکڕای ئەو هاوکاریە مرۆییانەی بە کەشتی و بە پردی ئاسمانیی و بە دابینکردنی ناوخۆیی و بە هاوکاری لەگەڵ ئونروا نێردراون، گەیشتووەتە ١٠١ هەزار و ٢٧١ تۆن.
لە چوارچێوەی هاوکاریە پزیشکییەکاندا هەشت نەخۆشخانەی مەیدانی و ٥٣ ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و ٢٤٧،٥ تۆن پێداویستی پزیشکی ڕەوانەی غەززە کراوە.
بەمەبەستی باشترکردنی دۆخی خاوێنی ناوچەکە ٢٨١ هەزار و ٢٣٨ سێت پێداویستی پاککردنەوە، ٥٥٠ تۆن پێداویستی پاککردنەوە دابەشکراوە. هەروەها یەک ڕافیعە و هەزار و ٤٥١ مۆلیدەی کارەبا بۆ پێداویستی وزە لەنێو کەرەستەکانی هاوکاریدان.
- گواستنەوەی نەخۆش و یاوەری نەخۆشەکان
بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی، ٤٣٠ نەخۆش و ٤٥٠ یاوەری نەخۆش بە نۆ گەشتی ئاسمانیی گواستراونەتەوە بۆ تورکیا.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی گواستنەوەکەدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەوە بەڕێوەچوو، لە کۆی هەزار و ٣٦٩ کەس کە لە غەززەوە گواستراونەتەوە بۆ تورکیا، لە ئیستانبوڵ خزمەتگوزاری شوێنی مانەوە و خواردن بۆ هەزار و ٢٢٩ کەس دابینکراوە.
لە ئێستادا لە ئەنقەرە، ئیستانبوڵ، قۆنیا و چەندین پارێزگای دیکەدا دەرفەتی نیشتەجێبوون بۆ هەزار و ٨٣٤ کەس لە ٦١٣ خێزان دابینکراوە و، لەلایەن وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و AFADەوە پشتیوانی دارایی پێشکەش کراوە.
- هاوکاریە داراییەکان
لەلایەن AFADەوە حەوت ملیۆن دۆلار و لەلایەن مانگی سووری تورکیەوە ٥٠٠ هەزار دۆلار بەخشراوەتەوە مانگی سووری میسری بۆ دابینکردنی هاوکارییە مرۆییەکان.
هەروەها سێ ملیۆن دۆلار پشتیوانی دارایی بۆ لۆجستی دەریایی کە ئونروا ئەنجامی دەدات بۆ ئەو ٣٠ هەزار تۆن ئاردەی دابینکرا کە بە هاوکاری لەگەڵ ئافاد و ئونروا ڕەوانە دەکرێت.
لە چوارچێوەی پشتیوانی سوتەمەنی بۆ غەززە، بڕیارە لە قۆناغی داهاتوودا بە دابینکردنی ناوخۆیی (کڕینی لە ناوچەکە) نزیکەی ٢٥٠ تۆن سووتەمەنی ڕەوانەی غەززە بکرێت.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن