بە هۆی لادانی بێلا حەدید لە ڕێکڵامەکانی، داوا دەکرێت کاڵاکانی ئادیداس بایکۆت بکرێت
کاردانەوەکان دژ بە کۆمپانیای ئادیداس کە لە ژێر گوشارەکانی لۆبی ئیسرائیلی، کچە مۆدێلی بە ناوبانگی ئەمریکی بە ڕەگەز فەڵەستینی، بێلا حەدید'ی لە ڕێکڵامەکانی کۆمپانیاکە دوور خستبوویەوە، بەردەوامە و داوا دەکرێت بەرهەمەکانی کۆمپانیاکە بایکۆت بکرێت.

Istanbul
ئیستانبوڵ - AA
کاردانەوەکان دژ بە کۆمپانیای جلوبەرگی وەرزشی ئادیداس کە لە ژێر گوشارەکانی لۆبی ئیسرائیلی، کچە مۆدێلی بە ناوبانگی ئەمریکی بە ڕەگەز فەڵەستینی، بێلا حەدید'ی لە ڕێکڵامەکانی کۆمپانیاکە دوور خستبوویەوە، بەردەوامە و داوا دەکرێت لەسەر ئاستی جیهانی بەرهەمەکانی کۆمپانیاکە بایکۆت بکرێت.
دوای دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان لە لایەن ئیسرائیلەوە، کۆمپانیای ئادیداس'ی ئەڵمانی کچە مۆدێلی بە ناوبانگی ئەمریکی بە ڕەگەز فەڵەستینی، بێلا حەدید'ی لە ڕێکڵامی سەر پێڵاوە وەرزشییەکانی لادابوو.
Daily Mail لە زمان سەرچاوە ئاگادارەکانییەوە زانیوێتی کە بێلا حەدید ڕێکارەکانی یاسایی دژ بەو کۆمپانیایە گرتووەتە بەر.
دوای ئەو بڕیارەی کۆمپانیای ئادیداس، بەشێکی زۆر لە بەکارهێنەرانی توڕەکانی کۆمەڵایەتی دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی دەربڕین و بەرگرییان لە حەدید کردووە.
بانگەوازی بەپەلەی بایکۆتی کاڵاکانی ئادیداس'یش بووەتە ڕۆژەڤ.
بەکارهێنەرێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی نووسیوێتی، "بێلا پاڵەوانێکی تەواوە. هیوادارم ئادیداس لەو بایکۆتەی دەخرێتە سەری تووشی گرفت بێت". بەکارهێنەرێکی دیکەش نووسیوێتی، "ببوورن، من چیتر ئامادە نیم کە کاڵاکانی ئادیداس بکڕم، بە هۆی ئەم ڕەفتارەیانەوە".
- شیکەرەوەیەکی سیاسی باسی لە گرنگی بایکۆتی بەرهەمی کۆمپانیاکانی پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات
شیکەرەوەی بواری سیاسی، سامی حەمدی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو وێڕای ئاماژەدان بە گرنگی بایکۆتی بەرهەمی کۆمپانیاکانی پشتیوانی لە ئیسرائیل کە هێرشەکانی بە هەموو هێزەوە دژ بە غەززە بەردەوامە، گوتی: "McDonald's، Starbuck و KFC کاریگەریی بایکۆتیان لە وڵاتانی زۆرینە موسڵماندا بینیوە و ناچار کراون کە بەشێک لە فرۆشگاکانی خۆیان دابخەن".
حەمدی جەختی لەوەش کردەوە کە نیگەرانییەکی زۆر لە ئیسرائیل هەیە کە هەست دەکەن، بەرە بەرە گوتاری خۆیان لەسەر ئاستی جیهانی لەدەست دەدەن و نیگەرانن لەو گوشارانەی کە لایەنگرانی دۆزی فەڵەستین دەیانخەنە سەریان.
لەم بارەیەوە، ئەو شیکەرەوە سیاسییە گوتی، "هەر بۆیە ئیسرائیل هێرش دەکات سەر ئەو براندانە و کەسانەی کە هاوخەمی دۆزی فەڵەستینن. دەرکردن و گوشارخستنە سەر بێلا حەدید'یش نموونەی ئەو هەڵسوکەوتانەی ئیسرائیلە".
هەر لەم بارەیەوە بەڕێوەبەری ناوەندی پەیوەندییەکانی ئیسلامی و جیهانی زانکۆی زەعیم لە ئیستانبوڵ (CIGA) سامی عوریان لە بەیاننامەیەکدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕاگەیاندووە، "ئادیداس تاوانبارە بە ئامانجگرتنی کەسانی بەناوبانگ کە پشتیوانی دۆزی فەڵەستینن".
سامی عوریان گوتیشی: "پێم وایە، دەشێ دەست بە کەمپێنێک بکرێت بۆ بایکۆتی کاڵاکانی ئادیداس و ئادیداسیش لەو پڕۆسەیەدا ناچار دەکرێت بە تێگەیشتن لە دۆخەکە، چوونکە ئەوان سوودی کۆمپانیاکەیان لەسەرووی هەموو شتێکدا دەبینن".
بەڕێوەبەری ناوەندی پەیوەندییەکانی ئیسلامی و جیهانی زانکۆی زەعیم لە ئیستانبوڵ گوتیشی، "١.٨ ملیار موسڵمان لە جیهاندا پێویستە ئەوە بە ئیسرائیل و پشتیوانیکەرانیان بسەلمێنن کە بازارێکی گەورەن بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان، بۆیە پێویستیشە بەهای خۆیان بۆ کڕیاران نیشان بدەن و بایکۆتی ئادیداس بەشێک دەبێت لەم خەباتە".
- چی ڕوویداوە؟
کچە مۆدێلی بە ناوبانگی ئەمریکی بە ڕەگەز فەڵەستینی، بێلا حەدید لە ژێر گوشارەکانی لۆبی ئیسرائیلی، وێنەکانی لە ڕێکڵامەکانی کۆمپانیای ئادیداس دوور خرابوویەوە.
ماڵپەڕی مەگەزینی TMZ کە لەسەر ئاستی جیهانیدا ناسراوە، ڕایگەیاند، حەدید دوای ئەوەی تۆمارەکەی لە ڕێکڵامێکی ئادیداسدا لادرابوو، هەوڵەکانی بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی دژ بەو کۆمپانیایە گرتووەتە بەر.
حەدید بە هۆی جێبەجێ نەکردنی ئەرکەکانی کۆمپانیا ئەڵمانییەکە بەرامبەری، پارێزەرێکی گرتووە بۆ تۆمارکردن سکاڵای یاسایی.
- لەسەدا ٣٩ی داهاتی ئادیداس لە ئەورووپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقاوە دەستبەر دەکرێت.
کۆمپانیای ئادیداس کە بە یەکێک لە گەورەترین براندەکانی جلوبەرگی وەرزشی دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهاندا، خاوەنی ٥٩ هەزار کارمەندە و ساڵی ڕابردووش داهاتێکی بە بری ٢١.٤ ملیار یۆرۆی دەست کەوتووە.
داتاکان دەریدەخەن، لەسەدا ٣٩ی داهاتی کۆمپانیای ئادیداس، لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا بووە، لە سەدا ٢٥ی لە ئەمریکای باکوور، لەسەدا ١٥ی لە چین و ١١ لەسەدی لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین و ١١ لەسەدی دیکەی داهاتەکەشی بۆ فرۆشتنەکانی لە زەریای هێمن و ئوستڕالیا دەگەڕێتەوە.
فرۆشی ئادیداس لە ناو وڵاتانی ئەورووپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە بەراورد بە ساڵی پێشتری بە ڕێژەی لەسەدا چوار کەمی کردووە و بۆ هەشت ملیار و ٩٢٩ ملیۆن دۆلار دابەزیوە. هەر بە پێی ئەو ئامارە، کۆمپانیا ئەڵمانییەکە لە ساڵی ٢٠٢٣دا زیانێکی بە بری ٦٣ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلار بەرکەوتووە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن