بەرنامەی خۆراکی جیھانی: "دانیشتووانی کەرتی غەززە ڕووبەڕووی مەترسی برسێتی بوونەتەوە"
Istanbul
ھەولێر – AA
بەرنامەی خۆراکی جیھانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (WFP)، ھۆشداریدا لە سەرھەڵدانی برسێتی لە کەرتی غەززە و ڕایگەیاند، ئەو یارمەتییە مرۆییانەی کە گەیاندراوەنەتە کەرتی غەززە وەک پێویست نیین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی برسێتی لە کەرتەکە، ئەوەیش بەپێی ئەوەی کە لەلایەن تیمەکانی سەربە بەرنامەی خۆراک لە کەمپەکانی سەر نەتەوە یەکگرتووەکان و کەمپەکانی دیکە لە غەززە، چاودێری کراوە.
بەرنامەی خۆراکی جیھانی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە ماوەی سەرەتای لێکتێگەیشتنی ڕاگرتنی مڕۆیی شەڕ لە غەززە تا ئێستا، تیمەکانی سەربە بەرنامەی خۆراک، یارمەتی خۆراکیان بەسەر ١٢٠ ھەزار کەس لە غەززە دابەش کردووە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، بەڕێوەبەری بەرنامەی خۆراکی جیھانی بۆ ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، باکووری ئەفریقا و ڕۆژھەڵاتی ئەورووپا، کۆرین فلایشەر ڕایگەیاندووە: "لەسایەی لێکتێگەیشتنی ڕاگرتنی مرۆیی شەڕ، تیمەکانمان چوونەتە ناو ژمارەیەک ناوچەی کەرتی غەززە کە پێشتر بە زەحمەت دەتواندرا بچنە ئەو ناوچانە، ئەوەی ئێستا دەیبینین، دۆخێکی کارەساتبار لە کەرتی غەززە ھەیە".
ئاماژەی بەوەیشداوە کە خەریکە مەترسی برسێتی لە غەززە سەرھەڵبدات و ڕایگەیاندووە" بۆ ئەوەی ڕێگری لە سەرھەڵدانی مەترسی برسێتی لە غەززە بکرێت، دەبێت بڕە خۆراکێکی زۆر بگەیەندرێتە کەرتی غەززە و لە دۆخی ئارامیدا بەسەر دانیشتووانی کەرتی غەززە دابەش بکرێت".
گوتیشی " شەش ڕۆژ بەس نییە بۆ دابینکردنی ھەموو یارمەتییە پێویستەکان لە غەززە، چونکە پێویستە خەڵکی غەززە ھەموو ڕۆژێک نان بخۆن، نەک تەنھا بۆ شەش ڕۆژ".
لای خۆیەوە نوێنەری بەرنامەی خۆراکی جیھانی لە فەڵەستین، سامر عەبدولجابر ڕایگەیاندووە، تیمەکانیان باسی ئەوە دەکەن کە برسێتی، نائومێدی زۆر لەنێو خەڵکی غەززەیان بینوە، چونکە بۆ چەند ھەفتەیەکە ھیچ یارمەتییەکی مرۆییان بەدەست نەگەیشتووە.
باسی لەویش کردووە کە ڕاگەیاندنی لێکتێگەیشتنی ڕاگرتنی مرۆیی شەڕ لە غەززە، دەرفەتێکی باشی ھێنایە ئاراوە بۆ گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بە دانیشتووانی کەرتی غەززە و ڕایگەیاندووە: "ئومێد دەکەین، لێکتێگەیشتنە زیاتر درێژ بکرێتەوە، بۆ ئەوەی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بەبێ ھیچ ئاستەنگییەک بەردەوام بێت".
