جيهان, عێراق

''بێڕێزییەکانی فەڕەنسا دژبە پێغەمبەر، موسڵمانانی لە خەوی غەفڵەت وەخەبەرهێنایەوە''

ئەندامی یەکێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان، سەید ئەحمەد پێنجوێنی: ''بەو تیر و شیرانەیان، ئوممەتی ئیسلام زیاتر بەئاگا دێتەوە و لە خەوی غەفڵيت رادەپەڕێ و دەزانێت کێ دۆستە و کێ دوژمنە".

Rewa Mahmood Hasan  | 17.11.2020 - نوێکردنەوە : 18.11.2020
''بێڕێزییەکانی فەڕەنسا دژبە پێغەمبەر، موسڵمانانی لە خەوی غەفڵەت وەخەبەرهێنایەوە''

As Sulaymaniyah

سلێمانی-AA

بەبۆنەی یادی مەولودی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ) و وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بێڕێزێیەکانی فەڕەنسا بە پێشەوای موسڵمانان لە هۆڵی رۆشنبیری شاری سلێمانی کەرنەڤاڵی ''سڵاوێک لە سەروەرمانەوە'' بەڕێوەچوو.

لە کەرنەڤاڵەکەدا کە چەندین بەرهەمی هونەری و کولتووری نیشان درا، دواتر گوتارێک خوێندرایەوە و بەتوندی ئیدانەی ئەو بێڕێزیانە کران کە لە ماوەکانی پێشوودا کرانە سەر پێشەوای مرۆڤایەتی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ) لە فەڕەنسا.

زانای ئایینی، نووسەر و گوتاربێژ، ئەندامی پێشووی کۆمەڵەی نیشتمانیی عێراق و ئەندامی یەکێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان، مامۆستا سەید ئەحمەد پێنجوێنی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە ئەو هێرشە قێزەونانەی کە لە فەڕەنسا کراوەتە سەر پێغەمبەری ئیسلام، موسڵمانانی وەخەبەرهێنایەوە و هۆکاری ئەو هێرشانەشی گەڕاندەوە بۆ رقئەستووری جیهانی رۆژئاوا دژبە یەکگرتوویی موسڵمانان و گوتی:

''پێغەمبەری خۆشەویست هەمیشە لە سەنگەردایە، هەمیشە دوژمن بەزێنە، هەمووکات فوو دەکات بەم میللەتەدا کە هەڵسن و راپەڕن و زیندوو ببنەوە، هەردەم شەیدایان و دڵسۆزانی لە چواردەوری کۆبوونەتەوە و بە چاوساغی خۆیانی دەزانن. بۆیە دوژمنەکانی هەمیشە لە ناحەزی خۆیانا لە دۆڕاوییانا، تیری تێدەگرن و وادەزانن بەمە ئوممەتەکەی دەبەزێنن و خۆیان سەردەکەون، ئەوانە هەموو دەستیان خوێناوییە، مێژوویان پڕە لە کوشتن و بڕین و کوشتنی دانا و زانا لە تاڵان و بڕینی ئەفریقییەکان و بەکۆیلەکردنیان، لێرە و لەوێ لە داخی ئیسلام نازانن چی دەکەن، بەداخەوە خۆیان سەرقاڵی لێدانی ئیسلام دەکەن، نازانن بەو تیر و شیرانەیان، ئوممەتی ئیسلام زیاتر بەئاگا دێتەوە و لە خەوی غەفڵيت رادەپەڕێت و دەزانێت کێ دۆستە و کێ دوژمنە".

مامۆستا سەید ئەحمەد پێنجوێنی رایگەیاند "موسڵمانان تا ئەم کاتە سەرقاڵی پرسە بچووک و میللیەکانی خۆیان بوون، بەڵام ئەم ماکرۆن-ە نەفامە توانی موسڵمانان زیندووبکاتەوە و لە خەوی غەفڵەت رایانپەڕێنێ، ئەوان دەڵێن موسڵمانان تیرۆریستن، فەرموو ئەوە ئێمە بە شێوەیەکی مەدەنییانە بەرامبەر ئەوان دەوەستینەوە و کاڵاکانیان بایکۆت دەکەین، بەچۆکیاندا دادەین و توانیومانە ملیۆنەها دۆلار زیانیان لێ بدەین، بۆیە ئافەرین بۆ موسڵمانان کە بایکۆتی هەموو بەرهەمێکی ئەوان دەکەن، داوا دەکەم کە چیتر لەمەودوا خۆمان بەرهەممان هەبێت، ئێمەش وەک باووباپیری خۆمان پێڵاو و جلوبەرگ و کەلوپەلی خۆمان بەرهەمبهێنین و نەبینە پاشکۆی ئەوان، ئەگەر بەنیازبین ئەوان تاج بکەنەسەرمان، ئەوا هەردەم وەک کۆیلەی ئەوان دەمێنینەوە، بۆیە ئەگەر ئێمە لەدوای پێغەمبەرەوە بڕۆین سەردەکەوین بەسەر دوژمنەکانماندا".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن