
Berlin
بەرلين - AA
راوێژكارى ئەڵمانيا، ئەنگێلا مێركل، پاش بە ئەرێنى دەرچوونى پشكنينى ئەو پزيشكەی کە پێشتر پێکوتەی بۆ ئەنجامدابوو، خۆى لەماڵەوە خستە كەرەنتينەوە.گوتەبێژى حكومەتى ئەڵمانيا، شتيفين زايبرت، لە بەياننامەيەكدا رايگەياند کە پشكنينى ڤايرۆسى كۆرۆنا بۆ ئەو پزيشكەی کە رۆژى هەينى رابردوو بەمەبەستى خۆپاراستن پێكوتەى هەوركردنى سييەكانى بۆ ئەنگێلا مێركل ئەنجامدابوو ئەرێنى دەرچووە و ئەوان ئەو هەواڵەيان دواى ئەنجامدانى كۆنگرە رۆژنامەوانييەكەى بە مێركل گوتووە.
زايبرت، گوتى مێركل لەسەر ئەم هەواڵە خۆى لەماڵەوە كەرەنتين كردووە.
گوتەبێژەكەى حكومەتى ئەڵمانيا، ئاماژەى بەوەش كرد كە مێركل لە ماڵەوە كارەكانى بەڕێوەدەبات و راشيگەياند لەم نزيكانە پشكنينى ڤايرۆسى كۆرۆناى بۆ دەكرێت.
راوێژكارى ئەڵمانيا، ئەمڕۆ لە كۆنگرەيەكى رۆژنامەوانيدا، لە چوارچێوەى رێكارەكانى رێگرتن لە ڤايرۆسى كۆرۆناى نوێ (COVID-19) سنوورداركردنى بەريەككەوتنى كۆمەڵايەتى لانيكەم بۆ دوو هەفتە درێژكردەوە و جگە لە خێزانەكان و ئەوانەى بەيەكەوە دەژين كۆبوونەوەى دوو كەس زياترى قەدەغەكرد.