ئەردۆغان: "بەردەوام دەبین لە هەڵمەتەکانمان بۆ تەواو لەناوبردنی تیرۆر لە سەرچاوەکەیدا"
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "ڕێکخراوی تیرۆریستیی کە سوودمەندە لە ناسەقامگیریی لە سووریا، هەوڵی بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆ پاراستنیان بێهودەیە".
Ankara
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ڕێکخراوی تیرۆریستیی کە سوودمەندە لە ناسەقامگیریی لە سووریا، هەوڵی بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆ پاراستنیان بێهودەیە".
لە پاش دیدار و کۆبوونەوەکانی لە کازانی پایتەختی کۆماری تاتارستانی سەربە ڕووسیا بەمەبەستی بەشداری کردن لە لووتکەی بریکسدا، لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ تورکیا سەرکۆمار ئەردۆغان بۆ ڕۆژنامەنووسان دووا و وەڵامی پرسیارەکانیانی دایەوە.
سەرکۆمار ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە "ئایا بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەیەدە/یەپەگە کە باڵی پەکەکەیە لە سووریا لە چ قۆناغێکدایە؟ لەگەڵ ئەوەشدا ماوەیەکی زۆرە باس لە مشتومڕی کشانەوەی ئەمریکا دەکرێت لە ناوچەکە. ئەگەر شتێکی لەو شێوەیە ڕووبدات ئەوا ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لە سووریا بێ پاسەوان دەمێنێتەوە وتەسفیە دەبێت. ئایا هەڵسەنگاندنێکی لەم شێوەیەتان هەیە؟ ڕایگەیاند: "پەیەدە/یەپەگە کە باڵی سووریای ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکەیە پێویستە جێبهێڵدرێت و بەتەنیا بهێڵدرێتەوە، ئەمریکا ماوەیەکە ئەم ڕێکخراوی تیرۆریستییە لە ئامێز دەگرێت، بەڵام کە کاتی تەواو بوو ناچارە وازیان لێبهێنێت. ڕێکخراوی تیرۆریستیی کە سوودمەندە لە ناسەقامگیریی لە سووریا، هەوڵی بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆ پاراستنیان بێهودەیە، ئەمە تا سەر نابێت".
ڕاشیگەیاند: "ئیدی ڕاستییەکی زانراوە کە ئەمریکا ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ناوچەکە بەکاردەهێنێت بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی و ئاسایشی ئیسرائیل".
سەبارەت بە هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر TUSAŞ، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "زانیومانە کە ئەم هێرشە تیرۆریستییە لە ڕێگەی دزە کردنێکەوە لە سووریاوە پەرەی سەندووە و ڕوویداوە".
هەر لە بارەی هێرشە تیرۆریستییەکەی زياتر گوتى: "لە ڕقی ناپاکەکان زیاتر کار دەکەین و زیاتر بەرهەم دەهێنین. بە سەرکەوتنەکانمان دڵی ئەوانە دەتەقێنین کە چاویان بە تورکیا هەڵنایەت".
گوتیشی: "بەردەوامی بەکارەکانمان دەدەین بۆ تەواو لەناوبردنی تیرۆر لە سەرچاوەکەیدا. ئایا سەرچاوەی ئەمە سووریایە؟ سووریایە. کەواتە سەرچاوەکەی ئەوێ هەرچیەک بێت ئێمە لەوێ کاری پێویستی لە بارەوە دەکەین".
سەرکۆمار ئەردۆغان ئەوەیشی خستەڕوو کە تیرۆریستان بوکەڵە و بەکرێگیراون و رایگەیاند: "تیرۆریستان بوکەڵەن، ئەمانە بەکرێ گیراو و بریکارن. ئامانجی ئێمە تورکیایەکە بەبێ تیرۆر. سازش لەمەدا ناکەین".
ڕاشیگەیاند: "چاوەڕوانی سەرەکیمان ئەوەیە حکوومەتی سووریا لەو سوودانە تێبگات کە بەخۆی دەگەن لە ئاسایی کردنەوەی دڵسۆزانە و ڕاستەقینە لەگەڵ تورکیادا و بەپێی ئەوە هەنگاو بنێت".
سەبارەت بە دیداری لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "لە دیدارماندا لەگەڵ بەڕێز پوتین بینیمان کە چاوەڕوانی پەیوەست بە ئاڵوگۆڕی دیل هەیە. لە نزیکەوە چاودێری هەنگاوەکانی ئەم ئاڵوگۆڕی دیلە دەکەین".
هەروەها سەبارەت بە سەردانی سەرۆکی چین شی بۆ تورکیا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "سەرۆکی چین، شی جین پینگ سەردانمان دەکات، پاشانیش ئێمە سەردانیان دەکەینەوە".
سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە بریکس پلاتفۆرمێکی گەورەیە کە ئابوورییە تازەپێگەیشتووەکان تێیدا کۆدەبنەوە. ئەم ڕاستییە دەبینین. دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بریکسدا پەرەپێبدەین.
ڕاشیگەیاند: "ئێمە ساڵانێکە باس لە سیاسەتی بازرگانیی کردن بە دراوی نیشتمانیی دەکەین. ئەمە بازرگانیی دوو قۆڵی لە گوشاری دراوی بیانیی ڕزگار دەکات. بازرگانیی کردن بە دراوی نیشتمانیی لە هەمان کاتدا بازرگانیی ئازادە. لەبەرئەوە سیستمی جێگرەوەی دارایی و پارەدان بازرگانیی نێودەوڵەتی ئاسان دەکات و هەمەچەشنی دەکات".
سەبارەت بە پرسی فرۆکەی یۆرۆفایتەر، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "لە کۆبوونەوەی دووقۆڵیماندا (لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا شوڵز) ئەوەمان بەدی کرد کە دەکرێت هەنگاوی ئەرێنیی لە بارەی یۆرۆفایتەر بنێت، بەریتانیا و ئەڵمانیاش بە گەرمی لێیدەڕوانن".
سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوەیش کرد کە حکوومەتی کۆماری تورکیا لە ڕووی دابینکردنی سەرچاوەوە هیچ کێشەیەکی نییە.
سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ فەراهەم کردنی ئاگربەست لە غەززە، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "دەستمان بەدەستپێشخەری کردوە بۆچارەسەری کێشەکە لەژێر چەتری نەتەوە یەکگرتوەکاندا و گەمارۆی گشتگیری چەک لەسەر ئیسرائیل. ژمارەی پشتیوانانی بانگەوازەکەمان لە زیادبوندایە".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
